لێدوانی منداڵانەی ڕیاز سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی خاشقجی

بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی بە بڵاوکردنەوەی ڕیوایەتێکی منداڵانە سەبارەت بە چۆنیەتیی کوشتنی "جەماڵ خاشقجی" هەوڵی فریودانی ڕای گشتی و نکۆڵی کردن لە دەست هەبوونیان لەو جەنایەتە دەدەن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێونەتەوەیی – ڕامین حسێن ئابادیان: "جەماڵ خاشقجی" رۆژنامەنووس، چالاکی سیاسی و ڕەخنەگری ڕژیمی سعوودی نزیکەی سێ حەوتە لەوە پێش، پاش چوونە ناو بینای کۆنسولخانەی عەرەبستان لە شاری ئەستەنبۆڵی تورکیا شوێن‌بزر بوو و لەو رۆژە بە دوا هیچ ناونیشانێکی لێ نەدۆزراوە. لە ڕاستیدا، ئەو چالاکە ڕەخنەگرە سعوودییە هیچکات لە کۆنسولخانەی عەرەبستان نەچووە دەرێ، هەتا بدۆزرێتەوە.

هەر لەو کاتەوە، میدیاگەلی جۆراوجۆر و لەوان میدیاکانی سەر بە هاوپەیمانانی ڕیاز و لەوان "نیۆیۆرک تایمز" و "واشنتۆن پۆست" لە ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕووداوی شوێن‌بزر بوونی خاشقجی، بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە ناوبراو لە لایەن بەرپرسان و فەرماندەگەلی ئەمنیی باڵا و بەکرێ گیراوی "محەمەد بێن سەلمان" جێنشینی سعوودی، کوژراوە.

لەو ماوەیەدا، بەرپرسانی سعوودی هیچکات هاوکارییەکی سازێنەریان لە گەڵ دادستێنی تورکیا بۆ توێژینەوە لەبارەی چارەنووسی خاشقجی نەبووە. بەرپرسانی ڕیاز بەردەوام لە ڕەوتی لێکدانەوە و گەیشتن بە سەرەداوێک لەبارەی چارەنووسی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودی کارشکێنیان کردووە؛ هەر ئەوە بۆتە هۆی پەرەسەندنی گومانی دەست هەبوونی ڕیاز لە کوشتنی خاشقجی لای ڕای گشتی، بە چەشنێک کە ئەمڕۆ کەم کەس هەیە کە لە دەست هەبوونی بەرپرسانی باڵای سعوودی لەو جەنایەتەدا ئەرخایەن نەبێت.

لێدوانی منداڵانەی ڕیاز

بەڵام لەمناوەدا، لە گەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی سێ حەوتە لە شوێن‌بزر بوونی جەماڵ خاشقجی، بەرپرسانی سعوودی لە ئەنجامدا دانیان بە کوژرانی ناوبراودا هێنا؛ بەڵام بەرپرسایەتیی ئەو جەنایەتە ئاشکرا و کارەساتبارەی لە دژی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری عەرەبستانی لە ئەستۆ نەگرتووە. سعوودییەکان بۆ سەرپۆش نانەوە لە سەر ئەەو جەنایەتە ڕیوایەتێکی منداڵانە و گاڵتەجارانەی ئاراستەی ڕای گشتی کردووە بۆ ئەوەی لەو رێگەوە بتوانێ لەو قەیرانەی بەرەوڕوویەتی، تێپەڕێت.

هەر لەو پەیوەندییە دادستێنی گشتیی عەرەبستان ڕایگەیاند کە جەماڵ خاشقجی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودی لە کۆنسولخانەی ئەو ڕژیمە لە ئەستەنبۆڵ کوژراوە. دادستێنی گشتیی سعوودی لە بەیاننامەیەک کە بەو بۆنەوە بڵاوی کردۆتەوە وێرای پشت‌ڕاست کردنەوەی هەواڵی کوژرانی خاشقجی ڕاشیگەیاند کە رۆژی ٢ی ئاکتەوبر خاشقجی لە گەڵ پیاوێک لە ناوخۆی کۆنسولخانەدا دیداری کردووە و لە میانەی دیدارەکەیاندا بۆتە شەڕیان و کوژراوە.

دادستێنی گشتی ئاماژەی بەوەش داوە کە کەسانی گومان لێکراو بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری گەڕاندنەوەی خاشقجی بۆ عەرەبستان ڕەوانەی ئەستەنبۆڵ کرابوون. هاوکات هەواڵدەریی دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودی "واس" بە گێڕانەوە لە دادستێنی گشتی نووسیویەتی کە ١٨ کەس لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو دۆسیە دەستگیر کراون. بە گوێرەی سەرچاوەگەلی سعوودی "سعوود قەحتانی" و "ئەحمەد عەسیری" لە بەرپرسانی ئەمنی – هەواڵگریی سعوودی بە تاوانی دەست هەبوون لە ڕووداوی کوشتنی خاشقجی لە پۆستەکانیان  دوور خراونەتەوە.

بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە عەرەبستانی سعوودی بە مەبەستی دوور ڕاگرتنی محەمەد بێن سەلمان لە ڕووداوی خاشقجی، دەستی داوەتە داڕشتنی ئەو ڕیوایەتە منداڵانە؛ هەر بۆیە ئەوی لە لایەن دادستێنی عەرەبستانەوە ڕاگەیێندراوە تەنیا و تەنیا شۆیەکی پێکەنین هێنەرە بۆ هەڵفریواندنی ڕای گشتی و بە چەواشە بردنی لە ناوخۆ و دەرەوەی عەرەبستان. ئەو هەنگاوە سعوودییەکان لە ڕاستیدا دابەزاندنی هەمان سناریۆیەکە کە پێشتر ئاژانسی هەواڵی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی "دەستەوەستان بوونی سعوودییەکان لە دۆسیەی خاشقجی"دا ئاشکرای کردبوو.

ناوەڕۆکی گشتی و گوماناویی بەیاننامەکە

سەبارەت بە بەیاننامەی بڵاوکراوە لە لایەن دادستێنی عەرەبستانی سعوودی کۆمەڵێک پرسیار دەورووژێنێت کە گرینگترینیان گوماناوی بوونی ناوەڕۆکی بەیاننامەکەیە کە هیچ وردەکارییەک لە ڕووداوەکە لە خۆ ناگرێت. لەو بەیاننامەیەدا هیچ ئاماژەیەک بە هۆکارەکانی چوونی خاشقجی بە کۆنسولخانەی سعوودی و هەروەها هۆکاری تێهەڵچوون لەو بینایەدا نەکراوە.

جگە لەوە، دادستێنی عەرەبستانی سعوودی لەو بەیاننامەیەدا سەبارەت بە ڕووداوی خاشقجی هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری چوونی هاوکاتی ١٥ کەس لە بەرپرسانی ئەمنی – هەواڵگریی عەرەبستان بۆ ناو بینای کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە ئەستەنبۆڵ نەکردووە. هەڵبەت ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو تیمە ١٥ کەسییە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی جێنشینی سعوودی لە دژی خاشقجی چونەتە ئەو کۆنسولخانەیە.

باس و هەواڵەکان لەبارەی تیمی ئەمنی ١٥ کەسی

دادستێنی عەرەبستانی سعوودی هەروەها ئاماژەی بەو بابەتە نەداوە کە تەرمەکەی خاشقجی پاش کوژرانی چی بە سەرهاتووە؟ ئاماژە نەدانی دادستێنی بەو بابەتە سەلمێنەری ڕاستی و دروستیی ڕاپۆرتەکان لەبارەی پارچە پارچە کرانی تەرمی خاشقجی و بردنە دەرەوەی بە بە جانتاگەلی جۆراوجۆر لەو کۆنسولخانەیە لە لایەن تیمی ١٥ کەسی ئەمنییە.

جگە لەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەگەر خاشقجی هەر لەو کاتەدا و بە پێی ئیدعای سعوودییەکان لە شەڕ و تێهەڵچوونێکی ئاساییدا کوژراوە. ئەی بۆ پاش نزیکەی سێ حەوتە دوای ئەو ڕووداوە ئاشکرا دەبێت؟ چۆنە بەرپرسانی کۆنسولخانەی عەرەبستان و لەوان سەرکۆنسولی ئەو وڵاتە کە لە کاتی ڕووداوەکە لەو بینایە بووە، ئاگاداری ڕووداوەکە نەبووە؟ دیارە بە هیچ چەشنێک ئەو پاگەندەیە جێی بڕوا نییە و قبووڵ ناکرێت.

کات‌کڕین بۆ پاڵپشتی وەرگرتنی هاوپەیمانان

دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین کە لە وڵاتێکی وەک عەرەبستانی سعوودی کە بەو ئاستە لە ژێر زەختی ستەمکاری و دیکتاتۆریی سعوودییەکانە، بۆ کەس جێی بڕوا نییە کە جەنایەتێکی لەو ئاستە و ئەویش لە ناو بینای کۆنسولخانەی ڕیاز لە ئەستەنبۆڵ بە بێ ئاگاداریی بەرپرسانی باڵا و بە بێ پلان داڕشتنی پێشتر ئەنجام درابێت و تێچوویەکی ئاوا زۆر بداتە دەست بنەماڵەی سعوودی؟ تێچوویەک کە ڕەنگە لە پادشایی کەوتنی بێن سەلمانی بە دواوە بێت. بێ شک وەڵامی ئەو پرسیار و گومانە "نا"یە.

دیارە هۆکاری سەرەکیی ئاشکرا کردنی ڕازی کوشتنی خاشقجی لە لایەن سعوودییەکان، سەرەڕای گوشارە بەربڵاوە سیاسی و میدیاییەکان لە دژی بێن سەلمان پاش نزیکەی سێ حەوتە، کات‌کڕین بۆ داڕشتنی ڕه‌وایەتێکی ساختە و درۆیین لەبارەی ڕووداوەکە و هەروەها بەتلاندن بۆ پاڵپشتی وەرگرتنی هاوپەیمانان بووي.

بەرپرسانی سعوودی لەو ماوەیەدا هەوڵیان داوە تا دوو ئامانجی سەرەوە پێکەوە بپێکن. ئاساییە کە ڕیوایەتی ئەوان سەبارەت بە کوشتنی خاشقجی بۆ قبووڵ کران لە لای ڕای گشتی پێویستی بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەر بۆیە ئەوان بەر لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕیوایەتە هەوڵی ڕاکێشانی پاڵپشتیی هاوپەیمانانیان داوە.

هەر بەو هۆیەیە کە دەبینین "دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەیەکی کەمی دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی دادستێنی عەرەبستان، لە هێڵی پێشەوەی لایەنگرانی ئەو لێدوانه‌ منداڵانە و گاڵتەجارانەیە لە کوشتنی خاشقجی دەوەستێت و وەک ڕه‌وایەتێکی جێی بڕوا ناوی لێ دەبات. هەڵبەت ئاساییە کە پاش وەرگرتنی ١٠٠ ملیارد دۆلار لە ڕیاز، سەرۆک کۆماری بازرگانی ئەمریکی پرێنسیپەکانی مافی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی قوربانی بکات.

ڕای گشتی هێشتاش دژی سعوودییە

بە گشتی ئەوی پاش لێدوانی منداڵانەکەی سعوودی لە کوژرانی خاشقجی بەرەوڕووی دەبینەوە، شەپۆلێک نەرێنییە کە سعوودییەکان بەرەو قەیرانێکی نوێ دەبات. گێڕانەوەی پێکەنین هێنەری ڕیاز لای ڕای گشتی و میدیا جۆراوجۆرەکانی جیهانی هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا و بە پێچەوانە، زۆربەی میدیاکان ئەو ڕیوایەتیان جێی پرسیار و گوماناوی وەسف کردووە.

هەر لەو پەیوەندییە رۆژنامەی ئەمریکیی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە دان پێدانانی عەرەبستان بە کوژرانی جەماڵ خاشقجی لە ڕووداوێک لە کۆنسولخانەی ئەو وڵاتە لە ئەستەنبۆڵی تورکیا نووسی: درۆکانی عەرەبستان لەبارەی کوژرانی خاشقجی تەواو ئاشکرا و ڕوونە و جێی بڕوا نییە.

ئەو رۆژنامەیە نووسیشی: ئەگەر محەمەد بێن سەلمانی جێنشینی عەرەبستان بەرپرسایەتیی کوشتنی خاشقجی بە ئەستۆ نەگرێت، ئەو بابەتە چرا سەوزێک بۆ ئەو دەبێت ... بێن سەلمان پێشتریش خۆی دزیبووەوە لە بەرپرسایەتیی ڕفاندنی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان و برسی ڕاگرتنی ٨ ملیۆن خەڵکی یەمەن.

هەروەها رۆژنامەی ئەمریکیی واشنتۆن پۆست لەوبارەیە ئاشکرای کرد: گرتە دەنگییە بڵاوبووەکان لەبارەی کوشتنی خاشقجی دەبێتە هۆی ئەوەی کۆشکی سپی نەتوانێ ڕیوایەتی عەرەبستان لە چۆنیەتیی کوژرانی خاشقجی بە هۆی ڕووادوێکی لەناکاو قبووڵ بکات. ئەو رۆژنامەیە جەختی کرد: بەرپرسانی سیا (CIA) گوێیان داوەتە دەنگە تۆمارکراوەکانی بەرپرسانی تورکیا کە تێیدا باس لەوە کراوە بەڵگەگەلێکیان لە بەر دەستە کە نیشان دەدات تەرمی خاشقجی پارچە پارچە کراوە.

پێشینەی لێدوانی ساختەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ڕیاز

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی ڕابردوو شەممە ڕایگەیاند: بێ لایەنی عەرەبستان لە توێژینەوەکانی هاوپەیوەند بە کوشتنی جەماڵ خاشقجی جێی پرسیارە. ئەو ناوەندە نادەوڵەتییە و ناوەندەکانی دیکەی مافی مرۆڤ خوازیاری ئەوەن توێژینەوە بێ لایەنەکان بۆ ڕوون کردنەوەی ڕاستی و دادپەروەری لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت.

ڕاپۆرتدەری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری هاوپەیوەند بە لەسێدارەدانە نایاساییەکان ڕایگەیاند: ڕوون کردنەوەی عەرەبستان سەبارەت بە کوشتنی سەرەڕۆیانەی جەماڵ خاشقجی رۆژنامەنووسی سعوودی ژیرانە و لوژیکی نییە. ناوبراو وتیشی: نابێ هیچ دەوڵەتێک بڕوا بەو وتانەی عەرەبستان بکات یان قبووڵی بکات کە ئەو وڵاتە لەوباریەوە لێکۆڵینەوەی بووە. ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کرد: ئێمە پێویستمان بە توێژینەوەیەکی جێی متمانە و ڕوون سەبارەت بە ناساندنی بکوژانی خاشقجی هەیە.

لە کۆتاییدا، ئەزموون سەلماندوویەتی کە بەرپرسانی ڕیاز بەردەوام وێرای بەهانەدان بە ڕای گشتی، ڕیوایەتگەلی منداڵانە و گاڵتەجارانەیان بۆ سەرپۆش نانەوەی ڕووداوگەلێک کە حەز بە ئاشکرابوونیان ناکەن، داڕشتووە. بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی پێکەنین‌هێنەری داستێنی سەبارەت بە چۆنیەتیی کوشتنی خاشقجی زیاتر بیرهێنەرەوەی ڕیوایەتی گاڵتەجارانەی بەرپرسانی سعوودی لە ڕووداوی دەستڕێژی بۆ سەر کۆشکی پادشایی "خەزامی"یە؛ ڕووادوێک کە ڕیاز سەرەڕای سەرسووڕمانی ڕای گشتی، گرێی دەداوە بە داکەوتنی فرۆکەیەکی منداڵانە.

News Code 22519

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =