وەدی هاتنی فیدراڵیزم لە عێراق  پێویستی بە به‌ستێنی له‌باره‌

ریچارد مۆرفی بە ئاماژە بە پرسی فیدراڵیزم لە عێراق و ئەو باس و خواستانەی کە لەم دواییەدا سەبارەت بە دامەزرانی سێ هەرێمی کوردی، سوننە و شیعە لەو وڵاتە گەڵاڵە دراوە و داهاتووی عێراق، ڕاوبۆچوونی خۆی لەوبارەوە ئاراستە کرد.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- فەرزاد فەرهاد توسکی: عێراق وڵاتێکە کە خاوەن پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینە. ئەم وڵاتە خزێنەی مەزنی وزەی هەیە و هاوکات خاوەن پێشینەی شارستانییەتی مێزۆپۆتامیا و پێگەی تایبەتی لە جیهانی ئیسلامە. عێراق لەو کاتەوە کە بە نەخشەی ئەمڕۆیینەی لە جوگرافیای نێودەوڵەتی لە دەیەی بیستی سەدەی ڕابردووی زایینی دەرکەوت، شاهیدی گۆڕانکاری و ململانێگەلێکی زۆری وەک کوودەتا بەردەوامەکان تا سەرەڕۆیی و شەڕنانەوە لە دژی دراوسێیه‌کانی بووە.

سیاسەتی هەڵە و خۆپەرەستانەی سەدام زیان و خەساری قەرەبوونەکەرەوانەی لە نەتەوەی عێراق دا کە جگە لە قەرزی زۆر، ڕەنج و برسیەتی و گەمارۆ و لە ئەنجامدا داگیرکرانی ئەو وڵاتەی بە دواوە بوو. سیاسەتە داگیرکەرانەکانی بەریتانی و نەبوونی پاوەجێی سیاسی، عێراقی گەیاندە سەردەمی دیکتاتۆرێتی سەدام و لە درێژەی سیاسەتەکانی سەدام ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی داگیرکران و ڕەنجی داگیربوون و تەقینەوە و نائارامی کردەوە.

لە عێراقدا بە هۆی نەبوونی شوناسی نەتەوەییەکی بەقەوەت، هەر پێکهاتەیەک بە دوای وەدی هێنانی ئارەزوو و ئامانجەکانی خۆیەتی. لە ئاستی نەتەوەیی، پرسی دەوڵەت‌سازی، ئاسایش و بنیاتنانەوە کێشە و بەربەستی جیدی ئامادەیە. لە سونگەی سنووربەندییەکانی کلۆنیاڵی، ڕەنگە بکرێت بڵێین کە عێراق ڕەوتی دەوڵەت- نەتەوەسازیی بە شێوەی ئاسایی و مێژوویی تێنەپەڕاندووە. هەرێمە بەرچاوەکان لە عێراقدا بە چەشنێک نین کە لە قەوارەی فیدارڵیدا بگونجێن، بەڵکوو زیاتر لایەنی دابەشخوازانە پەرە پێ‌دەدەن.

لە ڕاستیدا دەوڵەت‌سازی لە عێراق بە پێی بنەمایەکی دروست بیچمیان نەگرتووە و گەر بڕوانینە پەیوەندییەکانی دەوڵەت – نەتەوە، پەی بە بایەخی ئەم بابەتە دەبەین کە عێراق لە کام یەک لە چوار مۆدێلی ناسراوەی دەوڵەت- نەتەوەدا دادەنیشێت.

دەوڵەت – نەتەوە لە فۆڕمی ڕەسەنیدا کە پێگەی نەتەوە لە دەوڵەت پێشترە وەک لە هەنگاریا، ئیتالیا و ژاپۆن بەرچاوە، نەتەوە ڕۆڵی بنەمایی دەگێڕێت لە سەرهەڵدانی دەوڵەت، ئامانجی دەوڵەت لەم فۆڕمەدا پاراستن و سەرخستنی بوونی نەتەوەیە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دووە قووڵ و بنەماییە. دەوڵەت لە دەلاقەی نەتەوە، شوناسێک دەبەخشێت بە دەسەڵات لە ئاستی نێودەوڵەتی و لە باری شەرعییەتی ناوخۆییەوە خاوەن پێگەیەکی تۆکمەیە.

فۆڕمی دووهەم لە پرسی دەوڵەت- نەتەوە نزیکترە و لەم فۆڕمەدا، دەوڵەت ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگی هەیە لە سازبوونی نەتەوە. وەک ئەمریکا و ئۆستراڵیا کە جەماوەرەکەیان لە شوێنی دیکەوە هاتوون تا باری جەماوەریی شوێنێکی کەم حەشیمەت کامڵتر کەن.

لە نموونای سێهەم یان لە مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوە بە شێوەی ڕێژەیی، نەتەوەیەک لە نێوان دوو یان چەند دەوڵەت دابەش دەبێت و جەماوەری هەرکام لەوان تا ڕادەیەکی زۆر لە نەتەوەیەکی یەکدەست و یەکپارچە پێکهاتوون کە کوریاییەکان، چینییەکان و یۆنانییەکان (تا ساڵی ۱۴۸۲) و ڤییەتنامییەکان وەک نموونەی بەرچاوی ئەم مۆدێلە لە نێوان دوو دەوڵەت دابەش بوون، یان بۆ وێنە نەتەوەی ئاڵمانیا لە سەردەمی شەڕی سارد لە نێوان سێ دەوڵەت دابەش ببوو.

لە نموونای چوارەمی دەوڵەت – نەتەوە، دەوڵەتەکان دوو یان سێ نەتەوەی تا ڕادەیەک کامڵ لە دەروونی سنوورەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات. ئەم نموونایە خۆی بە دوو نموونانەی دەرەکیی دەوڵەتی فیدراتیو و دەوڵەتی ئیمپریاڵ دابەش دەبێت.

فیدراتیو لەم پێناسەدا ئاماژە بە پێکهاتەی سیاسی نییە، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا نەتەوەکان هەوڵ دەدەن کە سێبەری بەرسازکراوی دەوڵەت – نەتەوە بە سەریاندا دانەسەپێت و تەنانەت تێدەکۆشن شوناسە تایبەتییەکانی خۆیان بپارێزن و هەوڵ دەدرێت کە پێکهاتەی دەوڵەت بە چەشنێک ڕێکبخرێت کە هیچکام لە نەتەوەکان بە سەر کۆی پێکهاتەی دەوڵەتدا زاڵ نەبێت. عێراقی ئەمڕۆکە نموونەیەکی بەرچاوی ئەم مۆدێلەیە.

ئەم چەشنە دەوڵەتانە لە هۆکارە یەکڕێزکەرەوە سروشتییەکان بێ‌بەهرەن و لە ئاکامدا لە بەرامبەر دابەشبوون، جودایی‌خوازی و دەستێوەردانی سیاسی، زیاتر لە دەوڵەت-نەتەوەکان خەسارهەڵگرن و زیانیان پێ‌دەگات و پرسی هاوپەیوەند بە نەتەوایەتی، بنیاتی ئاخێزگەی بەردوامێتیی نائەمنی و بشێوی بۆ ئەو دەوڵەتانەیە.

عێراق پاش ساڵی ۲۰۰۳ شاهیدی گۆڕانی جەوهەری و بنەمایی بوو. بە پێی دەستووری تۆمارکراوی ساڵی ۲۰۰۵ لە عێراق سیستەمی ئەم وڵاتە فیدراڵی و  پێی تەرکیزی‌سڕینەوە و بە فەرمی ناسینی هەرێمی کوردستانە. نزیک بە ۲۵ وڵات لە جیهاندا خاوەن سیستەمی فیدراڵین کە لەوان دەکرێت ئاماژە بە ئەمریکا، ئاڵمانیا، بەلژیک، سویسرا، هیند و ڕووسیا بکەین.

بەڵام لە عێراق فیدراڵیزم بە پێی سیاسەتە ڕەگەزی و ئیتنیکی و ئیدارییەکانە. بنەمای هەرێمی کوردستان ڕەگەزییە. لە ڕاستیدا نموونەی عێراقی فیدراڵ نموونەیەکی ناهاوتەریب لە گەڵ مۆدێلی فیدراڵە ئاساییەکانی جیهانە.

هەروەها فیدراڵی عێراق زیاتر لەوەی کە لایەنە یەکپارچەکەرەوەکان تۆکمەتر کاتەوە، زیاتر پەرە بە لایەنە جودایی‌خوازەکان دەدات. لەم میانەدا بابەتی دابەشبوونی عێراق بە سەر سێ وڵات یان سێ هەرێم لەم دواییەدا خراوەتە ڕوو، واتە هەرێمەکانی سوننە و شیعە و کوردی. یەکێک لەو ئەمریکاییانەی کە لە گەڵاڵەی ناسراو بە دابەشکردنی نەرم یان گەڵاڵەی باء ئاماژەی بە دابەشبوونی عێراق کرد جۆبایدنە.

ریچارد مۆرفی دیپلۆماتی کۆنەکاری ئەمریکی و باڵوێزی ڕابردووی ئەمریکا لە عەرەبستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە ئایا فیدراڵیزم رێگا بۆ دابەشبوونی عێراق خۆش دەکات یان نا، بە هەواڵنێری مێهری وت: هەڵبەت ئەم بابەتە گرێی خواردووە بەوەی کە رێبەرایەتی لەو کۆنفدارسیۆنە تا چ ڕادەیەک بۆ ڕازی کردنی لایەنە پێکهێنەرکانی وڵاتێکی فیدراتیۆ لە بابەت دابەشکردنی دادپەروەرانەی سروەت و دەسەڵاتی سیاسی هەستیار بێت. دامەزراندن و جێبەجێ کردن و پاراستنی فیدراڵیزم بە ڕادەیەک کە وێنا دەکرێت، ساده و ڕاحەت نییە.

ئەو لە درێژەدا ڕوونی کردەوە: سیستەمێکی فیدراڵ پێویستی بە ئامادەبوون بۆ سازدانی هاوسەنگی لە نێوان پاژە گرینگەکانییەتی. بەو پێیە وەدی هاتنی فیدراڵیزم پێویستی بە بەستێن و پێش مەرج گەلێکە کە لە ئەگەری نەبوونی دەتوانێ دەرئەنجامی زۆر پرمەترسیی بە دواوە بێت.

مۆرفی سەبارەت بە ڕوانگەی ئەمریکاییەکان لەبارەی دابەشبوونی عێراق و ئەوەی کە ئایا ئەم وڵاتە بە دوای جێبەجێ کردنی سیاسەتێکی لەو چەشنەیە، وتی: وێدەچێت کە سنوورەکانی عێراق کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی کێشراوە، بە گشتی ڕاست و دروست بێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زەمانی رێبەرانی سوننە لە عێراق بە کەمتەرخەمییەوە ڕوانیویانەتە ناڕەزامەندی و ڕوانگەی شیعەکان بە نیسبەتی خۆیان. هەندێک لەوان وای بۆ دەچن کە شیعەکان بە ڕق و قینەوە لێیان دەڕوانن.

جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا لە کۆتاییدا وتیشی: ڕووخانی عێراق کە یارمەتیی سازبوونی ڕێکخراوەگەلی وڵاتانی سەربەخۆی وەک شیعەکان، سوننەکان و کوردەکان بدات، بە بڕوای من هەڵەیە و بڕوا ناکەم کە ئەمریکاییەکان پشتیوانی لە ئاوەها گۆڕانکارییەک لە عێراقدا بکەن.

News Code 2203

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 11 =