AP ١٣٩٧ گوڵان ٢ ٠٧:٠٢

ڕاپۆرتی تایبەتی مێهر؛

کردنەوەی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لە باشووری سووریا؛ خەونێک کە وەدی نایەت

کردنەوەی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لە باشووری سووریا؛ خەونێک کە وەدی نایەت

جموجۆڵی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی ناوچەیی لە دژی سووریا کۆتایی نایەت و ئەوان بۆ دابەشکردنی ئەو وڵات خۆ لە هیچ پلان و نەخشەیەک کە یەک لەوان دامەزراندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ تیرۆریستەکانە، نابوێرن.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فەرزاد فەرهادی: وادیارە پلانگەلی شۆمی ئەمریکا لە دژی سووریا کۆتایی پێ نایەت و هاوپەیمانیی ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا پاش ئەوەی لە هەڵمەتێکی پێشێلکەرانەی یاساگەلی نێودەوڵەتی هێرشیان کردە سەر سووریا، ئەمجار ڕوویان لە جێبەجێ کردنی سناریۆی دامەزراندنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر بۆ تیرۆریستان لە باشووری سووریا ناوە. هەڵبەت ئو جموجۆڵانەی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە و ئەوان بەردەوام بە دوای دابەشکردنی سووریا و لاوازکردنی دەوڵەتی ناوەندی بە دارەدەستەکانیان و لەوان گرووپگەلی تیرۆریستی، تەکفیری، کلاو سپییەکان و گرووپگەلی ناشەرعیی دیکەوەن.

لە رۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردەوە کە مسکۆ زانیاریگەلێکی پێگەیشتووە کە نیشان دەدات تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و گرووپە هاوپەیوەندەکانی دیکەی بە پاڵپشتیی ئەمریکاوە بە دوای دامەزراندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕیوەبەر لە باشووری سووریان.

ماریا زاخارۆڤا ورەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەوبارەیە ڕایگەیاند: ڕووسیا زانیاریگەلێکی پێگەیشتووە کە باس لە هەوڵی بەرهەڵستکارانی سووری و بەرەی نوسرە بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە باشووری سووریا دەکەن. ئەو زانیاریانە دروستن و ئێمە پەیجۆری ئەو ڕەوتەین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی-ش ئاشکرای کردووە کە تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و سوپای ئازادی سووریا بە دوای پەرەدان بە ناوچەگەلی بندەستی خۆیان لە باشووری سووریا بە ئامانجی دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر لە ژێر چاوەدێریی ئەمریکان.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تیرۆریستان تیرۆریستان بە بیانووی ئەوەی سوپای سووریا ناوچەگەلی ئارامیان پێشێل کردووە، لە سێ پارێزگاوە هەوڵی هێرش کردن بۆ سەر بنکەکانی سوپای سووریا دەدەن.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە ناوچەیەکی خۆبەڕیوەبەر و سەربەخۆ لە دیمەشق بە ناوەندێتیی دەرعا و هاوشێوەی کانتۆنگەلی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتی فورات، بکەنەوە و زیاتر لە ١٢ هەزار تیرۆریستی بەرەی نوسرە و سوپای ئازادی سووریا بە سەرپەرەشتیی ئەمریکا لەو بوارەدا هەوڵ دەدەن.

ئەمریکا لە پێناو دابەشکردنی سووریا هەنگاو دەنێت و لە سەر بڕیارەکەی خۆی پێداگرە. واشنتۆن بە دوای جێبەجێ کردنی ئەزموونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)وە لە باشووری سووریایە و بە دڵنیاییەوە دیمەشق لە گەڵ ئەو بڕیارە ڕانایەت.

بەڵام چاوخشاندنێک بە هەلومەرجی سووریا و گۆڕانکاریگەلێک کە ڕوو دەدەن، بە باشی نیشان دەدەن کە تا چ ڕادەیەک رێگە بۆ سەرکەوتنی ئەو پیلانە ڕەخساوە. لە گۆشەنیگای گۆڕانکارییە مەیدانییەکان زۆربەی ناوچەکانی هاوێری دیمەشق ئازاد کراوە و سوپای سووریا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆریستانی دیکەی بە جێ ماوە لە باشووری دیمەشق و ناوچەگەلی نزیک لە دیمەشق. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین کە سوپای سووریا بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ناوەند و بەرەو باشووری سووریای بە دەستەوەیە و خاوەن جیهازات و توانستی سەربازی و مرۆیی پێویستە و دەتوانێ دەست بداتە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەگەلی بندەستی گرووپگەلی تیرۆریستی و چەکداری نێوان دەرعا و قەنیترە و کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ئەو ناوچانە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو پلانە خەیاڵییە داپەڕێکی نوێ نییە و بەردەوام یەکێک لە ئامانجەکانی گرووپگەلی چەکدار لە باشووری سووریا بووە، بەڵام تەنانەت لە کاتێکدا کە سوپای سووریا ئەوەندەی ئێستا بەهێز نەبوو، وەدی نەهات. لەو ڕووەوە تیرۆریستان ناتوانن لە ئیستادا کە هەلومەرجی سوپای سووریا پاش گرتنەوەی زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە، گۆڕانی بە سەردا هاتووە بە ئاواتی خۆیان بگەن. سوپای سووریا زۆربەی ناوچەگەلی باشووری و باشووری رۆژهەڵاتیی نزیک لە ئۆردۆن لە مەودای تەنەف و شوێنی پەیوەندی لە هاوێری سویدا تا هاوێری دەرعا لە باشووری زەبین-ی هێناوەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و توانیویەتی خاڵی پەیوەندیی دەرعا و قەنیترە لە گەڵ بنکەی تەنەف کە دەلاقەیەکی مەترسیدارە بۆ پێکانی سوپای سووریا، بپچرێت.

سوپای سووریا لە قرنیترەش بە ئازادکردنەوەی ناوچەگەلی بەیت جێن لە نزیکیی گوڵان، دەسکەوتی گرینگی مسۆگەر کردووە و دۆخی خۆی لە هەمبەر گرووپگەلی چەکدار و تیرۆریستیی ئەو ناوچەیە تۆکمەتر کردووە و رێگە بە جێبەجێ کرانی پلانگەلی دەستدرێژکارانە و داگیرکەرانە بەو گرووپانە لە جێ جێی وڵاتەکەی نادات.

بەڵام سەرەڕای گۆڕانکارییە مەیدانییەکان، دەبێ بپرسین کە ئایا ئۆردۆن رێگە بە ناسەقامگیری لە سنوورەکانی وڵاتەکەیدا دەدات؟ بە دڵنیاییەوە ئۆردۆنییەکان ڕازی بە بوونی گرووپگەلی تیرۆریستی لە سنووری وڵاتەکەیاندا نابن، چونکە بوونی ئەو گرووپانە کاریگەریی ڕووخێنەریان دەبێت لە سەر ئاسایش و ئابووریی ئۆردۆن و هاوکات لە سەر تیرۆریستانی ناوخۆی ئەو وڵاتە. ئۆردۆنییەکان درواسێتی سووریا و هێزەکانی سووریان زۆر بەلاوە باشترە تا ببنە دراوسێی تیرۆریستانێک کە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە و بە تایبەت ناوچەگەلی سنووریی جێی مەترسین.

بەڵام ڕژیمی زایۆنی بە باوەشی کراوە پێشوازی لەو پلانە دەکات، جونکە یەکێک لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانی تەل ئاویو پێشگری لە نزیکبوونەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانانی لە سنوورەکانی فەلەستینی داگیرکراوە بووە. لە لایەکەوە ئیسرائیل تەواو هەوڵی خۆی بۆ لەناوبردنی سووریا و تێکدانی سەروەری و تەواوەتی سەرزەوینیی ئەو وڵاتە خستۆتە گەڕ. بەڵام ئایا ڕژیمی زایۆنی دوای دامەزرانی ئاوەها ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر دەتوانێ هەست بە ئاسایش بکات؟ بە ئاوردانەوە لە توانستی بەرەی خۆڕاگری وەڵامی ئەو پرسیارە ڕوون و ئاشکرایە.

بابەتی دیکە هەڵوێستی ڕووسیا لەوبارەیە. مسکۆ لە ململانێی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی غەوتەی رۆژهەڵاتی لە لایەن سوپای سووریا و هەروهەنگامەی هاوپەیمانیی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا سەبارەت بە بەکار هێنرانی چەکی کیمیایی لە لایەن سووریاوە، لە پەنای دیمەشق وەستان و لەو ڕووەوە ئاساییە کە رێگە بە وەدی هاتنی ئامانجی تیرۆریستان لە باشووری سووریا نەدەن و ئاشکرا کردنی ئەو پلانە لە لایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سووریا نیشاندەری هەڵوێستی ڕووسیایە کە شان بە شانی دەوڵەتی سووریا بۆ تێکشکاندنی پلانی ناوچەی خۆبەڕیوەبەر لە باشووری سووریا دەبێت.

لە ڕاستیدا ڕووسیا بە ئاشکراکردنی ئەو بابەتە، ئەو پەیامەی بە ئامریکا دا کە ڕووسیا ئاگاداری هەموو شتێکە و دەزانێ کە ئەمریکا بەر لە چوونی لە سووریا هەوڵێ جێگرکردنی تیرۆریستان لە رۆژهەڵات و باشووری سووریا دەدات.

بۆچوونی کارناسان

"غەسان یووسف" لە شرۆڤەکارانی جیهانی عەرەب لەوبارەوە بە سپۆتنیکی ڕاگەیاند: تەسلیم بوونی گرووپگەلی چەکدار لە شاری زەمیر و کۆچکردنیان بۆ جرابلۆس دەرئەنجامی ئازادکرانی غەوتەی رۆژهەڵاتین. دوای تێکشکانی جەیشولئیسلام کە گەورەترین گرووپی تیرۆریستیی پاڵپشتکراوی وڵاتانی دەرەکی لە شاری دۆما بوو، نۆرە گەیشتە شاری زەمیر و گرووپگەلی چەکدار لە قەلەموونی رۆژهەڵاتی و ئەو گرووپانە بە هۆی ناهومێدی و شکست، یەک لە دوای یەک تەسلیم بوون. هەر بۆیە دەبینین کە ئەو گرووپانە چیتر حەزیان لە شەڕ و پێکدادان نییە و دەزانن کە لە ئاکامی شەڕەکاندا دەدۆڕێن. بەوەشەوە سوپای سووریا لە پێناو ئازاد کردنی هاوێری دیمەشق و ناوچەگەلی دەورووبەری، پێداگرە لە تێکشکاندنی تیرۆریستان لە باشووری دیمەشق.

ناوبراو سەبارەت بە باشووری سووریا و پرسی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر، ڕاشیگەیاند: سوپای سووریا پاش ئەرخەیانی لە دیمەشق و هاوێری ڕوو لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات. ئەگەرچی باشووری سووریا بەشێکە لە ناوچەی ئارام، بەڵام ئەو بڕیارە بەرەی نوسرە و داعش ناگرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبیستین هەوڵێک بۆ پاڵپشتی لە بەرەی نوسرە و گرووپەکانی دیکەی داعشی و تەکفیری لە پێناو دامەزراندنی سوپای جێگرەوە و ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لە سێ پارێزگای دەرعا، قەنیترە و سویدا لە ئارادیە. بەڵام وەدی هاتنی ئەو خەونە دژوارە، چونکە سویدا و نیوەی دەرعاش لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی سووریایە و ناوچەگەلێکی کەم لە بندەستی گرووپگەلی تیرۆریستییە. لە لایەکی دیکەوە دیمەشق و هاوپەیمانای رێگە بە دامەزراندنی ناوچەی خۆبەڕیوەبەر بەو گرووپانە نادەن. ئەوە وڵاتی سووریایە و مافی دەوڵەتی سووریایە کە بە سەر جێ جێی وڵاتەکەیدا زاڵ بێت و هەوڵەکانی ئەمریکا، عەرەبستان و ئیسرائیل لەو بوارەدا شکست دەهێنێت، چونکە سوپای سووریا پاش زاڵبوون بە سەر تیرۆریستەکاندا لە هاوێری دیمەشق و پارێزگاکانی حەما و حومس بەرەو ئەو ناوچانە هەنگاو دەنێن.

بە گشتی دیارە کە سوپای سووریا بە یارمەتیی هاوپەیمانانی رێگە بە وەدی هاتنی پلانە خەیاڵییەکانی واشنتۆن نادات و دەست دەداتە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەگەلی بندەستی گرووپگەلی تیرۆریستی و چەکداری لە باشووری سووریا بۆ ئەوەی دامودەزگای تیرۆریستان لەو ناوچانە لە ناو ببات و بە سەر سنوورەکانی خۆی لە گەڵ ئۆردۆن و گوڵانی داگیرکراودا زاڵ بێت.

News Code 18235

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha