ساڵی ٩٧ ساڵی پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانییە

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ساڵی نوێیان بە ساڵی "پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانی" ناو لێنا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی هەتاوی، وێرای پیرۆزبایی بە تەواو هاووڵاتیان لە جێ جێی جیهاندا و هەروەها بەو وڵاتانەی کە جەژنی نەورۆز دەگرن، ڕایانگەیاند: وەرزی بەهاری ئەوساڵ هاوکاتە لە گەڵ بەهارێکی مەعنەوی؛ واتە خاکەلێوە و گوڵان و جۆزەردان هاوکاتە لە گەل مانگەکانی ڕەجەب و شەعبان و ڕەمەزان. هەر بۆیە هیوادارم ئەمساڵ گەشانەوەی سروشت و مەعنەویەتی بۆ وڵات و گەلەکەمان بە دواوە بێت و ئەمساڵ ئەو هیوایە دەخەملێنێت کە بە ئیزنی خودا گەشانەوەی مەعنەوی لە پەنای گەشانەوەی سروشتی خەزێنەیەک دەبێ بۆ گەل و ئەم وڵاتە و داهاتوو.

ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە ساڵی ٩٦ بیریان هێنایەوە: ساڵی ٩٦ وەک هەموو ساڵەکان کۆمەڵێک بوو لە بەرزی و نزمی و تاڵی و شیرینی؛ شیرینیی ئەو ساڵە نریتی بوو لە سەربەزری و دەسەڵاتی گەل و ئامادەبوونی نیشتمانی لە سەرەتاوە تا کۆتایی. لە سەرەتای ساڵی ٩٦ شایەدی ئامادەبوونی بەرچاو و سەرنج ڕاکێشی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆڕاکان بووین؛ زیاتر لە چل ملیۆن کەس چوونە بەر سنووقەکانی دەنگدان. پاشان لە رێپێوانی رۆژی قودس و لە کۆتایی ساڵیشدا لە رێپێوانەکانی ٩ی بەفرانبار و لە سەرووی هەموویانەوە لە رێپێوانی ٢٢ی رێبەندان ئامادەبوونێکی پڕمانا و بەرچاویان بوو.

بەڕێزیان لە درێژەدا ڕاشیانگەیاند: خاڵێکی گرینگ و شیرینی دیکە ساڵی ڕابردوو ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران توانی هەڕەشە ناوچەییەکان کە ئامانجیان پێکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، بکاتە دەرفەتێک و کەسانێک کە ئاگاداری پرسی نێودەوڵەتین زۆر باش لەو بە دەرفەت کردنی هەڕەشەکان دەگەن.

زیندوو ڕاگرتنی درۆشمی "بەرهەم هێنانی نیشتمانی و ڕەخساندنی هەلی کار" لە ژێر ناوی ئابووریی خۆڕاگرانە وەک درۆشمی ساڵی ڕابردوو، یەکێکی دیکە لەو پرسانە بوو کە رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامەکەیاندا جەختیان لێ کردەوە و وتیان: ئەگەرچی ئەو درۆشمە تا ڕادەیەک جێبەجێ کراوە بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت و دەبێ تا جێبەجێ کرانی یەکجاریی هەوڵ بدرێت و تا ئەو کاتە بەردەوام بین.

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەیان بە تاڵی و دژوارییەکانی ساڵی ٩٦ کرد و وتیشیان: ڕووداوەکانی بوومەلەرزە، لافاو، داکەوتنی فرۆکە و نوقمبوونی کۆپاپۆرەی نەوتکێش لە پەنای ویشکەساڵی لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵات کە تێیدا ژمارێک لە هاووڵاتیانی خۆشەویستمان گیانی خۆیان لە دەست دا، بەشی تاڵی ساڵی ڕابردوو بوون. هاوکات کێشەی ئابووری و مەعاشی چینێک لە خەڵکی دەستکورت بیرهێنەرەوەی سەخڵەتییەکانی ئەو ساڵە بوون کە لە ڕابردوەوە دێن و دەبێ هەوڵ بدەین چارەسەریان بکەین. هەڵبەت لە مانگە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٦ بە پێی پلان داڕشتنی دوژمنانی گەل بشێویگەلێک وڵاتی گرتەوە؛ کەچی گەلی ئێران ئاگادارانە خۆیان هاتنە سەر شەقام لە بەرامبەر ئاژاوەچییەکاندا وەستان و مەزنایەتیی گەلی ئێرانیان نمایش دا.

ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە ساڵی ٩٧ جەختیان کرد: ئەوەی لەم ساڵەدا گرینگە، ئەوەیە کە هەموو دەبێ هەوڵی سەخت و دژوار بدەن. من لە درۆشمی ساڵانی رابردوو بەردەوام بەرپرسانم کردبووە بەردەنگ؛ ئەمساڵ ڕووی قسەم لە هەموو گەل و لەوان بەرپرسانیشە. ئەگەرچی لە پەنای پرسی ئابووری، پرسی فەرهەنگ و پرسە جۆراوجۆرەکانی دیکەش هەن، بەڵام پرسی سەرەکیی ئێمە پرسی ئابوری و مەعاشی خەڵکییە. هەموو دەبێ هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ؛ هەموو دەبێ کار بکەن و تەوەری سەرەکیش بەرهەم هێنانی نیشتمانییە؛ واتە ئەگەر هەموو تەرکیزیان بخەنە سەر بەرهەم هێنانی نیشتمانی، بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆری کێشەکان و لەوان کێشەی ئابووری، مەعاش، دامەزران، هەلی کار، سەرمایەدانەری و زۆر شتی دیکە چارەسەر دەبن. هاوکات زەسارە کۆمەلایەتییەکان دادەبەزن. هەر بۆیە تەوەری سەرەکی دەبێ بەرهەم هێنانی نیشتمانی بێت. لەو ڕووەوە من درۆشمی ئەوساڵ ناودەنێم "پاڵپشتی لە کاڵای ئێرانی"

بەڕێزیان ڕوونیشی کردەوە: ئەو درۆشمە تەنیا تایبەت بە بەرپرسان نییە، بەڵکوو هەموو خەڵکی دەبێ لەو بوارەدا یارمەتی بدەن. هەڵبەت ئەو پاڵپشتییە لە پێنج شەش سۆنگەوە ڕێی بۆی هەیە و من لە وتەدانی ساڵی نوێدا باسی لێوە دەکەم.

News Code 17649

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 3 =