دوکتۆر میرجەلالئەدین کەزازی لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە چوارشەممە سووری و بنچینە نەریتییەکانی وتی: خەڵکی ئێران ئەو ئایینیە لە شەوی دوایین چوارشەممە یان سێ شەممەی ساڵ بەڕێوە دەبەن و بەو ڕێوڕەسمە دەچنە پێشوازیی ساڵی نوێ.
وتیشی: ئەوەی لە چوارشەممە سووری-دا جێی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەو جێژنە، نەک جەژنێکی دیوانی و فەرمی، بەڵکوو وەک تەواو جەژنەکانی دیکەی ئێرانییەکان، جەژنێکی جەماوەرییە.
مامۆستا کەزازی ڕوونی کردەوە: جەماوەری بوونی جەژنی چوارشەممە سووری بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەم لە سروود و سەرچاوە دیرۆکییەکاندا باسی لێ کرابێت و ناونیشانی زۆر کەم لەبارەیەوە تۆمار کراوە. بەڵام لە رێگەی هێما بە جێ ماوەکان لەو جەژنەدا، پەی بە پێشینەی مێژوویی و دیرۆکیی دەبەین.
ئەو مامۆستای زانکۆ و توێژەرە ڕایگەیاند: زانیاریی ئێمە سەبارەت بە پێشینە و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەو ئایینە زۆر کەمە و هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ نافەرمی بوون و جەماوەری بوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری.
ناوبراو ڕوانییە هێمای ئاگرکردنەوە لە چوارشەممە سووری و ڕوونی کردەوە: ئێرانییەکان بە بازدان و پەڕینەوە لە ئاگری بڵێسەدار، داوا لە یەزدانی مەزن دەکەن کە سووریی ئاگر بەوان ببەخشێت و لە زەردیی ئاگر بیانپارێزێت.
مامۆستا کەزازی ڕۆشنایی، گەرما و ئاگری وەک بنەماییترین تایبەتمەندییەکانی جەژنی چوارشەممە سووری زانی و ڕاشیگەیاند: زۆربەی جەژنە ئێرانییەکان بە چەشنێک پەیوەندیان بە ئاگرەوەیەوە و وەک جەژنی ئاگر ناویان لێ دەبرێت.
ئەو توێژەرە کوردە بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە جەژنی سەدە بەرزترینی جەژنەکانی ئاگرە کە هێشتاش بەڕێوە دەچێت، وتی: هێشتاش لە زۆربەی گوندەکانی ئێران لە سەربانی ماڵان ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و ئەو ئاگرە بە تایبەت لای کوردەکان پارێزراوە و وەک خۆی ماوەتەوە.
وتیشی: شەو، سەرما و تاریکی هێماگەلی زستانن کە بە هاتنی نەورۆز کۆتاییان پێ دێت و هەر بۆیە جەژنی نەورۆز بە جۆرێک بەرزنرخاندنی ڕۆشنایی، رۆژ و گەرمایە و خەڵکی بە کردنەوەی ئاگر لە شەوی چوارشەممە سووری و بازدان و پەڕینەوە لە ئاگر و خوێندنی گۆرانی دەچنە پێشوازیی بەهار، رۆژ و گەرما.
کەزازی باسی لە وتەی باوی "سووری تۆ بۆ من و زەردی من بۆ تۆ"ی چوارشەممە سووری کرد و وتی: ئەو وتەیە دەوڵەمەندە بە باژ یان دۆعایەک لە خۆیدا و بە مانای ئەوە دێت کە ساڵی بەردەم ساڵێکی پیرۆز و پڕ لە تەندروستی و شادمانی بێت.
ڕوونیشی کردەوە: لە هێماناسیی ئەدەبی ئێران سووری هێمای لەشساغی و تەندروستی و بێ وەی بوونو و زەردی-ش هێمای نەخۆشی و کەنەفتی و هەژارییە.
زیادیشی کرد: سوور و زەرد لە ڕەنگەکانی ئاگرن و ئێرانییەکان لەو ئایینە دێرینەدا و لە سەرودەمی نەورۆز لە یەزدانی پاک دەپاڕێنەوە کە سووری ئاگریان پێ ببەخشێت و لە زەردیان بپارێزێت.
ئەو توێژەرە بلیمەتەی ناوچەی کرماشان بیریشی هێناوە: جەژنگەلی ئێرانی یان هەر دیاردەیەکی فەرهەنگیی دیکە، هانمان دەدەن کە وەک باوانمان پێکەوە بە گەرمی و ڕێز و خۆشەویستییەوە هەڵکەین و ئەو جەژنانە ڕۆڵ و بایەخێکی زۆریان لەوبارەوە هەیە.
مامۆستا کەزازی لە کۆتاییشدا جەختی کرد: تەواو جەژنگەلی ئێرانی لە هەر شێواز و ئاخێزگەیەکی، دەوڵەمەندە بە تایبەتمەندییەکی فەرهەنگی و ئایینی کە لە ئەنجامدا دەبنە هۆی تۆکمەتربوونی پەیوەندی و هاوڕیزی نیشتمانی و هەر لە کۆنەوە تا ئێستا جەژنگەلی ئێرانی بەردەوام بە شێوەی بە کۆمەڵ بەڕێوە چوون و خەڵکی بە بیانووی جەژنەوە بە دەوری یەکتریدا نکۆبوونەتەوە و دیداریان نوێ کردۆتەوە.
Your Comment