به ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی مێهر، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای وت: "بەرھەمی کرداری شاندی سێ لایەنەکە بۆ بەغدا ئەوەیە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا وردبینی بۆ ناوی موچەخۆران بەردەوام دەبێت تا ئەو وردبینیە بۆ زۆرترین ناوی موچەخۆرانی وەزارەتەکان بکرێت. "
شۆڕش حاجی وتیشی: "دڵنیام لە ئێستاوە تاسەری مانگ پارە تەرخان دەکرێت بۆ وەزارەتی بازرگانی بۆ ئەوەی پارەی گەنمی جوتیاران بدەن. "
ئهوهشی ڕاگهیاند که "بەڵێنیان پێداین حەشدی شەعبی لەدوزخورماتو و دەورووبەری بکشێنەوە ھێزێکی پۆلیسی فیدراڵی شوێنیان بگرێتەوە کەخەڵکی ناوچەکە نەبن تا کوردە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و کەس نەتوانێت دەستدرێژی بکرێتە سەرکەس."
ھەروەھا دەڵێت:"ئێمە بۆ موزایەدە نەڕۆیشتوین ئەوە پارتی و یەکێتی بەوە فێرن کەبچن بەدزی دەسکەوتی شەخسی و حیزبی بۆ خۆیان دەستبخەن ئێمە چوین بەحکومەتی عێراقی بڵێین کە خەڵکی کوردستان بەھۆی کێشە سیاسیەکانەوە سزانەدرێن، نەمانکردووە بەدەستکەوتی شەخسی و حیزبی. "
ڕاشیگهیاند: "ئێمە وەک ئەوان نین بچین دەستور پێشێل بکەین بەناوی حکومەتەوە قسە بکەین و واژۆ بکەین چووین داواکاری خەڵکی کوردستان ببەین وە لەھەموو دانیشتنەکانیشماندا جەختمان لەوە کردووە تەوە کەھەرێمی کوردستان یەکەیەکی دەستوریە بەدەستور دانی پێدانراوە، ئێمە بەرگری لەم یەکە دەستوریە و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین. "
ھەروەھا ئاماژەی بەوەکردووە، سەردانەکەی ئەوان حیزبی و سیاسی بووە ھیچ یاساو دەستورێک نیە ڕێگری لەسەردانێکی حیزبی بکات ئێمە وەک حیزبی سیاسی چوین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەغدا بۆ لەنێویشیاندا چاومان کەوت بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران .
بەبڕوای ئەو باشترین شت بۆ کورد ئەوەیە کەھەموو ھێزو لایەنە سیاسیە کوردییەکان بەیەکەوە بچن بۆ گفتوگۆ "ئێمە نەچووین بۆ گفتوگۆ، وە ئەم لێکترازانەی نێوان ھێز و لایەنە سیاسیەکان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لێی بەرپرسن ئێمە بەرپرس نین"
سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان تا نوێنەریان لە شاندەکە ھەبێت بۆ بەغدا، شۆڕش حاجی دەڵێت: "بەڵێ ئێمە لەدانیشتنی بەردەوام بووین لەگەڵ ھەموو ھێز و لایەنە سیاسیەکان و داوامان لێکردوون کە بەرەیەک پێکبھێنین بەرەی خەڵک بێت و داواکاری خەڵک ببەین بۆ بەغداد نەک لەبری حکومەت ھیچ ئیمزا بکەین تەنھا داواکاری خەڵک ببەینە بەغداد بەڵام ئەوان نەھاتن چونکە ئەوان لەحکومەتن و ئێمە لەحکومەت کشاوینەتەوە."
Your Comment