AP ١٤٠٥ خەرمانان ٢١ ٠٥:٢٦

بەقایی: کارێک دەکەین عەرەبستان و ژاپۆن وڵامدەر بن بۆ ئەو دەنگە ئەرێنیەی دژی ئێران داویانە

بەقایی: کارێک دەکەین عەرەبستان و ژاپۆن وڵامدەر بن بۆ ئەو دەنگە ئەرێنیەی دژی ئێران داویانە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە، ڕەخنەی لە دەنگی ئەرێنی سعودیە و ژاپۆن گرت لەسەر بڕیارنامەی دەستەی پارێزگارەکان.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: گەرووی هورمز لەژێر دەسەڵاتی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە. ئەم گەرووە بەر لە ٢٩ی مارس بەتەواوی کراوە بوو، ئێرانیش لە دۆخێکدا بوو کە دەبوو ڕێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بگرێتەبەر. لەم هەلومەرجەدا دەبێ ڕێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی وڵات بگرینەبەر.

ئاماژەی بەوەشکرد: دوای لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، گەرووەکە کەمێک سەلامەتتر بوو و ئێمە بەڵێنەکانمان جێبەجێ کرد، بەڵام ئەمریکا دوای ٢٣ ڕۆژ بەڵێنەکەی شکاند و بیانووەکانیان بێ بنەما بوو. نائەمنی لە گەرووی هورمز دەرئەنجامی کردەوەکانی ئەمریکایە و ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەران بێت لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، پێویستە ئەمریکا تاوانبار بکات.
سەبارەت بە بڕیارنامەی دەستەی پارێزگاران لەدژی ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی: ئەم بڕیارنامەیە سەرلێشێواوی دامەزرێنەرانی دەردەخات. پێشتر پێیان وابوو سناپباک هەیە و بڕیارنامەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام ئێران و چین و ڕووسیا باوەڕیان بەم شتە نەدەکرد. وڵاتانی ئەوروپا لەژێر فشاری ئەمریکادا کەوتنە بەر شەپۆلەکە، بەڵام ئەوەی کە دەیانەوێت دوای ساڵێک بڕیارنامەیەکی نوێ پەسەند بکەن، ئەوە دەردەخات کە هەنگاوی ساڵی ڕابردوو بێکاریگەر بووە.

ناوبراو زیادی کرد: بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئێران چۆن دەستڕاگەیشتن بەو سایتانە بدات لە کاتێکدا ئێمە هێرشمان کراوەتە سەر؟ جەختی لەوە کردەوە: دەنگی ئەرێنی سعودیە و ژاپۆن هیچ پاساوێکی نییە، ئەم وڵاتانە تاوانبارن لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین.

ناوبراو سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا وتی: ئێمە ئێستا لە حاڵەتی شەڕداین، تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی و فشار هەبێت، ئەمە شەڕ پێکدەهێنێت، بەپێی بڕیارنامەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەمارۆی دەریایی هەمان شەڕی دەستدرێژییە. دوژمن بۆ ئاشتی نەهاتە شەڕی ئێمە و خۆی لە هیچ خراپەیەک بەدوور نەگرت. بەپێی ئایەتەکانی قورئان کاتێک دوژمن هێرش دەکات نابێت پشت لە دوژمن بکەیت بە پێچەوانەوە . ئێمە ناچارین لە بەرامبەر زیادەڕەوییەکانی دوژمن بوەستینەوە.

ناوبراو زیادی کرد: هیچ کەسێک ناتوانێت ئێران تۆمەتبار بکات بەوەی کە دیپلۆماسی بەکارنەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی خراپەکاران، بەڵام دیپلۆماسی بەو مانایەیە کە هەردوولا لە دۆخەکە تێبگەن و ناتوانیت لەسەر مێزی دانوستان دابنیشیت کاتێک دوژمن ئامادە نییە. پێویستە کارێک بە دەسەڵاتەوە بکەیت بۆ ئەوەی دوژمن تێبگات کە ناتوانێت بە زۆر ئیمتیازات بەدەستبهێنێت.

News ID 60404

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha