AP ١٤٠٥ گوڵان ١ ١٣:٤٩

هەڵەی تێگەیشتنی ترامپ؛ ئێران دانوستان لەگەڵ فشار و هەڕەشە ناکات

هەڵەی تێگەیشتنی ترامپ؛ ئێران دانوستان لەگەڵ فشار و هەڕەشە ناکات

بە کردەوە مەحاڵە لە ڕەفتاری سیاسەتی دەرەوەی ئێران تێبگەین بەبێ تێگەیشتنێکی قووڵ لە پەیوەندی نێوان کولتوور، مێژوو و ستراتیژی. لێرەدایە کە زۆرێک لە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی و بە تایبەتی دۆناڵد ترامپ حیسابێکی هەڵەیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: گریمانەی بنەڕەتی ئەوان سادەیە؛ زیادکردنی فشار، بەرزکردنەوەی تێچوونەکان و سەپاندنی پەلە، لایەنی بەرامبەر ناچار دەکات پاشەکشە بکات. لەوانەیە ئەم مۆدێلە لە زۆر حاڵەتی بازرگانی یان تەنانەت هەندێک ململانێی سیاسیشدا کاری کردبێت، بەڵام لەگەڵ ئێراندا نەک هەر کارناکات، بەڵکوو زۆرجار دەرئەنجامی پێچەوانە بەرهەم دەهێنێت.
مەسەلەکە تەنیا جیاوازییەکی تاکتیکی نییە؛ ئێمە ڕووبەڕووی ناتەبایییەکی قووڵ دەبینەوە لە ئاستی "تێگەیشتن لە جیهان". ترامپ بە درێژایی ژیانی پسپۆڕانەی خۆی، چ لە بواری بازرگانی و چ لە بواری سیاسەتدا، پشتی بە مۆدێلێکی دیاریکراو بەستووە، ئەویش زۆرترین فشارە بۆ شکاندنی ئیرادەی لایەنی بەرامبەر. لەم چوارچێوەیەدا “کات” چەکێکە؛ تا فشارەکان زیاتر بن و وادەی کورتتر بێت، ئەگەری ئەوە زیاترە کە لایەنی بەرامبەر تەسلیم بێت، ئەمەش لۆژیکی پشت زۆرێک لە بڕیارەکانی سەبارەت بە ئێرانە: سزای قورس، هەڕەشەی گشتی و نمایشی میدیایی بۆ دروستکردنی هەستی بەپەلە.
بەڵام ئێران لە بنەڕەتدا بە یاسای جیاواز لەم یارییەدا یاری دەکات. لە بیرکردنەوەی ستراتیژی ئێراندا، "کات" سنووردارکردن نییە بەڵکوو سەرمایەیە. چەمکی “سەبرێکی ستراتیجی” کە لە ئەدەبیاتی فەرمی و نافەرمی ئێراندا چەندین جار دووبارە کراوەتەوە، ڕوانگەیەکی مێژوویی ڕەنگ دەداتەوە. وڵاتێک کە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەبێت و لە چەندین قەیران و فشاری دەرەکی ڕزگاری بووە، بە ئاسانی بە وادەی کورتخایەن ناجووڵێت. لەم چوارچێوەیەدا تا لایەنی بەرامبەر بێ تاقەتتر بێت وەک نیشانەی سەرکەوتن سەیر دەکرێت نەک لاوازی.
بە واتایەکی تر ئەوەی واشنتۆن بە "زیادبوونی گوشار" ناوی دەبات، لە تاران بە "نیشانەی بەپەلەیی لە لایەنی دیکە" لێکدەدرێتەوە. ئەم پرسە کاتێک لەگەڵ کولتووردا تێکەڵ دەکرێت، ئاڵۆزتر دەبێت. لە کولتوری ئێراندا دانوستاندن کارلێکێکە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر. زمان و تۆن و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنی بەرامبەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە داڕشتنی کەشی دیالۆگدا دەگێڕن. هەڕەشە و گوشار نەک هەر هاندەرێک بۆ هەڤیازی و پشک وەرگرتن دروست ناکات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بەرخۆدانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
لە چوارچێوەیەکی وەهادا، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا باس لە "خستنەسەر ئەژنۆی ئێران " دەکات، یان زمانێک بەکاردەهێنێت کە زیاتر لە کەشی بەرانبەرکێ بازرگانی دەچێت نەک دیپلۆماسی، ئەنجامەکەی پێشبینی دەکرێت: کەشی دانوستان داخراوە.
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئێران لەژێر فشاردا دانوستان ناکات؛ لەوەش گرنگتر، "دانوستانەکان لە ژێر فشاردا" لە بنەڕەتدا بە بێمانا دەزانێت. لە ڕوانگەی تارانەوە، دانوستان کاتێک مانای هەیە کە لایەنەکان بە شێوەیەکی تاڕادەیەک یەکسان و بە کەمترین ڕێزگرتن لە یەکتر دەچنە ناو دیالۆگەکەوە. ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییە سەرەکییەکانی تێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا.
لە واشنتۆن زۆرجار سەرکەوتن بە دەستکەوتە نیشاندەرەکان دەپێورێت: ڕێککەوتنێکی فەرمی، واژۆکردنی مێژوویی، یان بەیاننامەیەکی هاوبەش. بەڵام لە تاران پێناسەی سەرکەوتن دەتوانێت تەواو جیاواز بێت. بەرەنگاربوونەوەی فشار و پاراستنی هێڵە سوورەکان و ڕێگریکردن لە سەپاندنی داواکارییەکانی لایەنی بەرامبەر خۆی بە “سەرکەوتن” دادەنرێت تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنیش نەکرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە فەرهەنگی ئێراندا هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لەگەڵ پاراستنی سێ بنەمای شەرەف، حیکمەت و ئیمکانیاتدا بێت. ئەگینا واژۆ کردنی ڕێککەوتنێک لە ژێر گوشاردا هیچ دەستکەوتێک بۆ گەلی ئێران بەدی ناهێنێت. ئەم جیاوازییە لە پێناسەی سەرکەوتن بەو مانایەیە کە هەردوولا ئەگەر بچنە ناو دانوستانیشەوە، تێگەیشتنێکی هاوبەشیان لە ئامانجی کۆتاییدا نابێت.
لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتی زۆرترین فشاری ترامپ هەر لەسەرەتاوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی ناوخۆیی بووەتەوە. ئەو هەوڵی دەدا بە زیادکردنی تێچوونەکان ئێران بێنێتە سەر مێزی دانوستان، بەڵام لە هەمان کاتدا هەلومەرجێکی دروست دەکرد کە لە ڕوانگەی ئێرانەوە هەر دانوستانێک بە تەسلیمبوون لێکبدرێتەوە. دەرئەنجامی ڕێبازێکی لەو شێوەیە پێشکەوتنی دانوستانەکان نەبوو، بەڵکوو چەقبەستوویی تەواو بوو لەسەر ڕێگای دیپلۆماسی.
خاڵێکی تری گرنگ تێگەیشتنی جیاوازە لە چەمکی “بەپەلە” لە هەردوولا. لە مۆدێلی دەروونی ترامپدا، دروستکردنی هەستی بەپەلە لە دیوەکەی تردا ئامرازێکی سەرەکییە. ئەمە هەمان لۆژیکە کە لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا بەکاردەهێنرێت: ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەست بکات کاتەکەی تەواو دەبێت، ئەوا خێراتر ئیمتیازات دەدات.
بەڵام لە دۆخی ئێراندا ئەم گریمانەیە تەواو بە پێچەوانەوە کاردەکات. ئێران نەک هەر لە پرۆسە درێژخایەنەکان ناترسێت، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا بە قازانجی خۆی دەیبینێت. تێپەڕبوونی کات دەتوانێت هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بگۆڕێت و هاوپەیمانییەکان لاواز بکات و فشارەکان لەکاربخات. لەم جۆرە هەلومەرجەدا پەلەکردن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن زیاتر بە زیانی ئێران سەیر دەکرێت نەک بە قازانجی ئێران.

هەر لەبەر ئەوەشە کە لایەنی ئەمریکی تا زیاتر جەخت لەسەر وادە و هەڕەشە بکاتەوە، مەودای نێوانی لەگەڵ تاران زیاتر دەبێت. ئەم بۆشاییە تەنیا بۆ جیاوازی بەرژەوەندییەکان نییە؛ هەروەها ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازی "تێگەیشتن لە یارییەکەدا" هەیە. ئەمریکا پێی وایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باشتر فشار دەخاتە سەر، لە کاتێکدا ئێران ئەم ڕەفتارە بە نیشانەی لاوازی و ناسەقامگیریی لایەنی بەرامبەر دەبینێت. لە ئەنجامدا نەک هەر هاندەرێک نییە بۆ ئیمتیازات، بەڵکوو بەرخۆدان بەهێزتر دەبێت.
لە کەشێکی وادا پرسیاری بنەڕەتی دێتە ئاراوە کە ئایا دەتوانرێت هەمان ئەو ئامرازانەی کە لە حاڵەتەکانی دیکەدا کاریگەر بوون بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لەگەڵ ئێران کەڵک وەربگیرێت؟ وەڵامەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕابردوو، زۆر ئومێدبەخش نییە.
دانی سیترینۆڤیچ، توێژەر لە ئینستیتیوتی ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی نیشتمانی و ئەفسەری پێشووی هەواڵگری لە یاداشتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بڕیار بێت ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن پێکبهێنرێت، ئەوا بە ناچاری ئەم ڕێگایە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕوانگەدا دەبێت. هەنگاوی یەکەم قبووڵکردنی ئەو ڕاستییەیە کە ئێران بە مانای کلاسیکی ئەکتەرێکی "تەقلیدی" نییە و بە هەمان شێوە وەڵامی فشارە ناتەقلیدییەکان دەداتەوە. هەنگاوی دووەم وازهێنانە لە چەمکی "بردنەوەی خێرا". لە دۆخی ئێراندا، چارەسەری خێرا و دراماتیک لە ئارادا نییە. هەر پێشکەوتنێک پێویستی بە کات و سەبر و بەشداریکردنی بەردەوام هەیە- هەر ئەو پرسانەی کە لە ڕێبازی ترامپدا کەم بوون یان نەبوون. واقیعەکە ئەوەیە کە سیاسەتی گوشار و هەڕەشە بەرامبەر بە ئێران نەک هەر بێکاریگەرە، بەڵکوو زۆرجار دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی دووبەرەکی. ئەمە تێبینییەکی ئەزموونییە کە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار دووبارە بووەتەوە. ترامپ لەم ڕاستییە تێنەگەیشتووە، یان ڕەنگە نەیەوێت لێی تێبگات. ئەو بە هەمان ئەو بیرکردنەوە کە بووەتە هۆی سەرکەوتنی لە گرێبەستە بازرگانییەکاندا، چووەتە یەکێک لە ئاڵۆزترین کەیسەکانی سیاسەتی دەرەوە. بەڵام ئێران نە کۆمپانیایەکی بازرگانییە و نە لایەنێکی دانوستانکارە کە بتوانێت بە خێرایی بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و بە زیادکردنی تێچوونەکان ئیمتیازات بدات. لێرەدا ڕێساکانی یارییەکە جیاوازن و تا لەو جیاوازییە تێنەگەین، هەر هەوڵێک بۆ هێنانی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لە ڕێگەی فشار و هەڕەشەوە، زیاتر لە دەرئەنجامەکەی دوور دەخاتەوە نەک لێی نزیکتر بێتەوە.

News ID 59303

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha