بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوێنێ پەکەکە ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە خاکی تورکیا دەکشێننەوە و لە باکووری هەرێمی کوردستان جێگیریان دەکەن، بە مەبەستی نیشاندانی نیازپاکی و پێشخستنی پلانی نوێی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا.
زاگرۆس هیڤا، وتەبێژی پەکەکە ڕایگەیاند، تورکیا دەبێت بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریاش بەجێبهێڵێت کە ساڵانێکە داگیری کردووە لە بەرامبەر کشانەوەی پەکەکە لە خاکی ئەو وڵاتە.
ئەم بەرپرسە باڵایەی پەکەکە ڕاگەیاندووە، تورکیا بەشێکی زۆری عێراق و سووریای داگیرکردووە و دەستیکردووە بە دروستکردنی قەڵای سەربازی لەو ناوچانە. ئەگەر تورکیا دەیەوێت نیازپاکی خۆی بەرامبەر بەرقەرارکردنی ئاشتی نیشان بدات، دەبێت لەو ناوچانە بکشێتەوە.
وتەبێژی پەکەکە هەروەها داوای هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا کرد بۆ لابردنی ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم چالاکییە سیاسییەکانی کوردانی ئەو وڵاتە.
جەختیشی کردەوە کە دەستووری تورکیا بەجۆرێک بێت کە کورد هەست بە دوورخستنەوە و گۆشەگیریی نەکات، بەڵکوو دەستووری تورکیا بنەمای چالاکیی سیاسی کورد دابین بکات.
Your Comment