ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سوپای تورکیا بە سەدان کیلۆمەتر ڕێگای بۆ بەستنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بەشێک لە ڕووپۆشی دارستانەکانی ناوچەکەی وێران کردووە.
ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری ئامارگی هۆشداری دەدات لەوەی بەردەوامبوون لەم ڕەوتە دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر سامانە سروشتییەکان و بژێوی خەڵکی ناوخۆی هەرێم.
جارێکی دیکە دارستانە سروشتییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی بادینان لە هەرێمی کوردستان کرانە ئامانجی دار بڕینی بەرفراوان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرتی دیکە سەبارەت بە دارستانبڕینی بەربڵاو لە دارستانە چڕەکانی باکووری هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاوکراونەتەوە. تورکیا ئەو ڕێوشوێنانە وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پاساو دەهێنێتەوە، بەڵام خالد سلێمان، نووسەری گۆڤاری ئاماری، پێی وایە لەناوبردنی دارستانەکان، جگە لە زیانەکانی ژینگە، دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە و لەدەستدانی بژێوی ژیانیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای تورکیا 40 کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە بۆ ناو خاکی عێراق و زیاتر لە 100 بنکەی سەربازی لەو ناوچانە دامەزراندووە. هێزەکانی تورکیا نزیکەی 660 کیلۆمەتر ڕێگای سەربازییان لە ڕێگەی دارستانە شاخاوییەکانەوە دروستکردووە بۆ بەستنەوەی ئەو مۆڵگانە.
بەختیار زێباری، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری ژینگەیی خەڵکی پارێزگای دهۆک، هۆکاری دەستپێکردنی دارستانبڕینی ڕێکخراو لەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 2013، ئەو مەزەندە دەکات کە تەنیا لە نێوان ساڵانی 2020بۆ 2023نزیکەی سێ ملیۆن دار بڕدراون یان لە ڕەگەوە هەڵکەندراون.
سوپای تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕووپۆشی چڕ و پڕی دارستانەکان وا دەکات هێزە سەربازییەکان بە ئاستەم ببینن و ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە ئەنجام بدەن. بەڵام بە وتەی سلێمان ئەم سیاسەتە بەشێک لە ئیکۆسیستەمە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکەی کردووە بە ناوچەی سەربازی و زەوییە وێرانەکان. هەروەها دەنووسێت پارتی داربڕین و ئیستغلالکردنی دارستانی لەو ناوچانەی هەیە ڕاگرتووە.
فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2021دا هۆشداری دا سەبارەت بە ڕادەی دارستانبڕین لە ناوچە سەربازییەکان. وەزارەتەکانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامێکی هاوبەشدا ئەو کارانەیان شەرمەزار کرد و بە هێرشکردنە سەر ژینگە و دارستانەکانی کوردستان ناویان برد.
بە گوتەی سلێمان، گواستنەوەی دارە بڕاوەکان بۆ تورکیاش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2018ەوە سوپای تورکیا سێ ڕێگای سەرەکی بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ خاکی عێراق دامەزراندووە، کە بۆ لابردنی دار و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی تورکیاش بەکارهێنراون. چیا شەریف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشێک لە بازرگانانی ناوخۆ بە هاندانی بەرپرسانی سەربازی تورکیا، دارە بڕاوەکانیان کڕیوە و سنووریان بەزاندووە.
دەرئەنجامەکانی ئەم پرۆسەیە تەنها بە لەناوبردنی دارستانەکان سنووردار نییە. هەزاران کەس لە دانیشتوانی گوندە شاخاویەکان ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەجێهێشتووە. ژیان لەم ناوچانەدا بەندە بە دارستانی دار بلوط و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و کشتوکاڵی تەراس و ئاژەڵداری و لەناوچوونی ئەم سەرچاوانەش وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان بەردەوام بن لە ژیانیان.
سلێمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم شێوازە لە دارستانبڕین تەنها لە کوردستانی عێراقدا سنوردار نییە. لە ساڵی 2021دا، حوسێن کەچماز، پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لە پارتی دیموکراتی گەلان، لە بارەی داربڕینی بەرفراوانی شاخەکانی جودی بڵاوکردەوە. ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی کۆمپانیا بازرگانییەکانی تورکیا بە پاڵپشتی هێزە سەربازییەکان و پاسەوانی گوندەکان ڕۆژانە نزیکەی 400تۆن دار لە شاخەکان دەچنن.
بە وتەی نووسەری ڕاپۆرتەکە، دارستانبڕین لە ناوچە کوردنشینەکان، جگە لە تێکدانی ژینگە، هەڕەشە لە نەریتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بژێوی ژیان و میراتی کولتووری کۆمەڵگە گوندنشینەکانیش دەکات. لەگەڵ لەدەستدانی سەرچاوە سروشتییەکان، توانای ئەم کۆمەڵگایانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان کەم دەبێتەوە و کۆچکردن دەبێتە بژاردەیەکی حەتمی.
سلێمان ئاماژە بە ئەزموونی هایتی دەکات بۆ وێناکردنی دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی دارستانبڕین. دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە فەرەنسا لە ساڵی 1804، وڵاتەکە ناچار بوو قەرەبوویەکی قورس بدات بە کۆلۆنیالی پێشووی و بۆ دابینکردنی تێچوونەکانی پەنای بۆ داربڕین و هەناردەکردنی دار بە قەبارەیەکی بەرفراوان برد. بە وتەی ئەو، ڕووپۆشی دارستانەکانی هایتی کە سەردەمانێک بەشێکی زۆری زەوی وڵاتەکەی گرتبووەوە، ئێستا بۆ کەمتر لە دوو لەسەد دابەزیوە، دۆخێک کە لەنێو هۆکارەکانی دیکەدا کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و هەژاریی بەردەوامی توندتر کردووە.
نووسەر هۆشداری دەدات لەوەی کە لەناوبردنی دارستانەکانی کوردستان دەکرێت لێکەوتەی درێژخایەنی هاوشێوەی هەبێت. لەدەستدانی سامانە سروشتییەکان ڕێگری دەکات لە خۆبژێوی کۆمەڵگا گوندنشینەکان و ڕێگا خۆش دەکات بۆ کۆچ و گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا. لە ئەنجامدا ئەوەی لە چیاکانی کوردستانی عێراقدا دەگوزەرێت، تەنیا دارستانبڕین نییە، بەڵکوو هەڕەشەیە بۆ سەر ژینگە و بناغە ئابووری و کولتوورییەکانی ژیانی خەڵکی ڕەسەن.
Your Comment