بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەلعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەگەڵ سەردار سەید عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد.
سەرەتا مووسەوی جەختی لە برایەتی قووڵی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە کردەوە و وتی: یەکێک لە نیگەرانییە هەرە گرنگەکانی ئەمریکییەکان، برایەتی و هاوسۆزی نێوان هەردوو نەتەوەی ئێران و عێراقە.
سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاماژە بە پلانی ترسناکی ئەمریکییەکان لە داگیرکردنی عێراق، جەختی کرد: ئەگەر هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووی نەدابا، ڕەنگە نیازی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمانی عێراق بۆ هەموو لایەک دیار نەبووە.
مووسەوی جەختی لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
قاسم ئەلعەرەجی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی تایبەت و قووڵ لە نێوان هەردوو نەتەوەی ئێران و عێراقدا هەیە و هیچ کەس ناتوانێت زیانیان پێ بگەیەنێت و وتی: لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل کە تێیدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانا و خەڵکی بێتاوان شەهید بوون، بە پێچەوانەی ئەوەی دوژمن چاوەڕێی دەکرد، گەلی ئێران بە هاودەنگی و یەکگرتوویی شانبەشانی هێزە چەکدارەکان ڕاوەستا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری سەربازی، سیاسی و ئابووری بۆ پاراستنی ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکەدا، جەختی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەسەر گرنگی ئاسایشی ئێران کردەوە و وتی: ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
قاسم ئەلعەرەجی زیادی کرد: هیچ وڵاتێک بۆی نییە یەکپارچەیی خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ مامەڵەکردن دژی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانییش کە هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو، جەختی لە ئیرادەی حکوومەت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان دوو وڵات لە نێویاندا چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی دژە شۆڕش لە باکووری عێراق کردەوە و وتی: خاکی ناوچەکە نابێتە سەرچاوەی کردەوە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
Your Comment