AP ١٤٠٥ گەلاوێژ ١٠ ١٠:٣٥

دۆڕان لە گۆڕەپان تا وەهمی ئابلۆقەی وشکانیی ئێران

دۆڕان لە گۆڕەپان تا وەهمی ئابلۆقەی وشکانیی ئێران

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، نیشانەکانی سەرلێشێواویی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە بەرامبەر ئێراندا زیاتر دەردەکەون.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا هەموو ئامرازە ئاساییەکانی گوشار لە دژی ئێران تاقیکردەوە؛ لە هێرشی سەربازی و هەڕەشەی شەڕەوە تا ئەوپەڕی گوشاری ئابووری، توندکردنەوەی گەمارۆکان، ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکان، بانگەشەی دووبارە سەبارەت بە ئامادەیی ئێران بۆ دانوستان، هەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی و تەنانەت هەڕەشەی کردەوەی بێ وێنە. بەڵام هیچ کام لەم سیاسەتانە نەیانتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی واشنتۆن دژی ئێران بەدیبهێنن.

نە ئێران لە هەڵوێستەکانی پاشەکشێ کردووە و نە پێکهاتەی ڕێگرییەکەی داڕماوە و نە ئەمریکا توانیویەتی نەزمی خوازراوی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا لەگەڵ زیادبوونی شکستە ستراتیژییەکان، کەلێنی نێوان سیاسەت و واقیعیش زیاتر دەبێت. بەگشتی ئەو زلهێزانەی لە مەیدانەکەدا ڕووبەڕووی چەقبەستوویی دەبنەوە، لەبری پێداچوونەوە بە ستراتیژی خۆیان، پەنا بۆ ئەو بیرۆکانە دەبەن کە زیاتر دەرئەنجامی خواست و وەهمە سیاسییەکانن نەک لەسەر بنەمای واقیعی جیۆپۆلەتیکی.

نوێترین نموونەی ئەم دۆخە ئەو بانگەشەیە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی تاوتوێی پلانێک بۆ "گەمارۆدانی ئێران لەسەر وشکانی" دەکەن؛ پلانێک کە لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکاران و تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی ئیسرائیلیشەوە گاڵتەیان پێکرا تەنانەت پێش ئەوەی کاردانەوەی تارانیشی لەگەڵدا بێت. ڕۆژنامەی تێلێگراف پاگەندەی کردووە کە واشنتۆن و تەلئەبیب بیر لە سیناریۆیەک دەکەنەوە کە وڵاتانی دراوسێی ئێران سنوورە وشکانییەکانیان دابخەن و تێپەڕبوونی کاڵاکان سنووردار بکەن و فشاری ئابووری بێ وێنە بخەنە سەر ئێران.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هەر زوو کاردانەوەی دۆرۆن کادۆش پەیامنێری ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل و هەروەها باراک ڕاڤید پەیامنێری ئاکسیۆسی لێکەوتەوە. بە گاڵتەجاڕیەوە پرسیاریان کرد کە ئایا داڕێژەرانی بیرۆکەیەکی لەو شێوەیە تەنانەت سەیری نەخشەی ناوچەکەیان کردووە؟ ئەم کاردانەوەیانە ئەوە دەردەخەن کە ئەم سیناریۆیە تەنانەت لە ناو بازنەکانی میدیای نزیک لە ڕژێمی زایۆنیستیش بە جددی وەرنەگیراوە.
هۆکاری ئەم گاڵتەجاڕییە تەواو ڕوونە. ئێران وڵاتێک نییە کە بتوانێت بە بڕیارێکی سیاسی یان فشارێکی دیپلۆماسی گەمارۆ بدرێت. ئێران سنووری وشکانی لەگەڵ حەوت وڵاتی دراوسێی هەیە، لەوانە عێراق، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، تورکمانستان، کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا. کۆی درێژی ئەم سنوورانە نزیکەی پێنج هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەترە. ئەمەش بەو مانایەیە کە جێبەجێکردنی هەر گەمارۆیەکی زەوینی پێویستی بە کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە ٥٦٠٠ کیلۆمەتر سنوورەکان دەبێت و لەوەش گرنگتر، کۆکردنەوەی حەوت دەوڵەتی سەربەخۆ کە بەرژەوەندی و سیاسەت و حیساباتی ئەمنی تەواو جیاوازیان هەیە.
ئەمەش یەکەم هۆکارە کە ئەم پلانە دۆڕاو بێت. هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێی ئێران پەیوەندی ئاڵۆزیان لەگەڵ تاران نییە. عێراق بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی وزە و کارەبا و گاز لە ئێرانەوە دەکڕێت و ئابووریی ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو وڵاتەش بەندە بە بازرگانییەوە. تورکیا ئێران بە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی ترانزێتی خۆی بۆ ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات دەزانێت و پەیوەندی ئابووری بەرفراوانی لەگەڵ تاران هەیە. پاکستان جگە لە هاوکارییە سنوورییەکان، پڕۆژەی گرنگی وزە و گواستنەوەی هاوبەش لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبات. هەروەها کۆماری ئازەربایجان، تورکمانستان و ئەرمینیا هەریەکەیان بەرژەوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لە پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران لە بوارەکانی ترانزێت، وزە و بازرگانیدا. ئەفغانستان بە هۆی پشتبەستنی بەرفراوانی بە ڕێڕەوی بازرگانی و کاڵاکانی ئێرانەوە، بە کردەوە ناتوانێت پلانێکی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات.
بە واتایەکی تر، بۆ جێبەجێکردنی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە، ئەمریکا دەبێت حەوت وڵاتی سەربەخۆ ڕازی بکات کە سەربەخۆیی ئابووری و ئەمنی و تەنانەت بەشێک لە سەربەخۆیی بڕیاردانی خۆیان بکەنە قوربانی ستراتیژی واشنتۆن؛ ستراتیژییەک کە تەنانەت هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ئەمریکاش گومانیان لە سەرکەوتنی هەیە.

ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە زۆرێک لە حکومەتە ناوچەییەکان ئامادە نین باجی سیاسەتە دەمارگیرانەکانی واشنتۆن بدەن؛ بە تایبەتی کاتێک ئەم سیاسەتانە دەتوانن ئابووری، ئاسایشی ناوخۆیی، یان پەیوەندییە ناوچەییەکانیان بخەنە قەیرانەوە.
هۆکاری دووەم پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێرانە. ئێران تەنیا بەکارهێنەر یان هاوردەکاری کەلوپەل نییە، بەڵکو یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ترانزێت لە ڕۆژئاوای ئاسیا. ڕێڕەوی باکوور – باشوور، ئەو ڕێگایانەی کەنداوی فارس بە ئاسیای ناوەڕاستەوە دەبەستنەوە، پەیوەندی بە قەفقازەوە، هەروەها ڕێگاکانی ڕۆژهەڵات بۆ پاکستان و ئەفغانستان، پێگەیەکی تایبەتی بە ئێران بەخشیوە. هەر هەوڵێک بۆ پچڕانی ئەو ڕێگایانە نەک هەر ئێران دەکاتە ئامانج، بەڵکوو زنجیرەی بازرگانی و گواستنەوەی ناوچەکەش پەک دەخات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێ زیاتر لەوەی کە لە گەمارۆی ئێران سوودمەند بن، زیانیان پێدەگات.

لە ڕوانگەی ئەمنیشەوە ئەم پلانە لۆژیکی تێدا نییە. کۆنترۆڵکردنی هەزاران کیلۆمەتر لە سنوورە هاوبەشەکان، لەو ناوچانەی کە تاڕادەیەکی زۆر شاخاوین، بیابانن، یان بەزاندنیان قورسن، پێویستی بە تێچووی سەربازی و ئەمنی زۆرە. تەنانەت ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ توندترین سیاسەتی سنووری جێبەجێ دەکەن، ناتوانن سنوورەکانیان بە تەواوی قەپات بکەن؛ چ جای حەوت وڵات کە لە یەک کاتدا و بە هەماهەنگی لە دژی وڵاتێکی بە قەبارە و تواناکانی ئێران هەنگاوی لەو شێوەیە بگرنەبەر. لەوەش گرنگتر ئەزموونی مێژووییش پێچەوانەی ئەم بانگەشەیە دەسەلمێنێت.

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا بە توندترین سزا و هەموو جۆرە فشارێکی ئابووری هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر وڵاتانی وەک کوبا، کۆریای باکور، عێراق و ڤەنزوێلا دروست بکات، بەڵام تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا نەیتوانیوە ئابڵوقەیەکی تەواو و نەبڕاوە دروست بکات. ئەمڕۆ کە ئابووری جیهانی زیاتر لە جاران وابەستەی تۆڕە جۆراوجۆرەکانی بازرگانی، گواستنەوە و تەکنەلۆژیایە، بیرۆکەی گەمارۆدانی تەواوەتی وڵاتێک کە پێگەی جیۆپۆلەتیکی ئێرانی هەیە، زیاتر لە سیناریۆیەکی پڕوپاگەندەیی دەچێت نەک پلانی جێبەجێکردن.
لە ڕاستیدا پلانی "گەمارۆدانی زەوینی" زیاتر وەک بەشێک لە شەڕی دەروونی سەیر بکرێت نەک وەک ستراتیژییەکی ئۆپەراسیۆن.

ئامانج لە پێشنیارکردنی ئەم جۆرە بیرۆکانە دروستکردنی کاریگەری گۆشەگیریی ئێران و کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی و بڵاوەپێکردنی ئەو پەیامەیە کە ئەمریکا هێشتا بژاردەی نوێی هەیە بۆ زیادکردنی فشارەکان. بەڵام کەلێنی نێوان شەڕی دەروونی و واقیعەکانی سەر زەوی زۆر گەورەیە. کاتێک پێشنیارێک تەنانەت لە لایەن میدیا و شرۆڤەکارانی نزیک لە ڕژێمی زایۆنیستی بە کارنەکراو و گاڵتەجاڕانە وەسف دەکرێت، ئەوە ڕوونە کە بەهای ئۆپەراسیۆنی زۆر سنووردارە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ڕووبەڕووی قەیرانی ستراتیژی بووەتەوە. چارەسەری سەربازی ئامانجە خوازراوەکانی بەدی نەهێنا، زۆرترین فشار نەیتوانی ئێران ناچار بکات تەسلیم بێت، هەڕەشەی دووبارەبووەوە هیچ کاریگەرییەکی ڕێگری نەبوو، گێڕانەوەی دانوستانیش نەیتوانی ڕای گشتی ڕازی بکات.

لە کەشێکی وادا ئاساییە کە هەموو ڕۆژێک بیرۆکەیەکی نوێ و ناڕاستەقینە بخرێتە سەر مێز؛ بیرۆکەکان کە زیاتر بۆ نیشاندانی بوونی "بژاردە لەسەر مێزەکە" داڕێژراون نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕاستیدا.
پلانی "گەمارۆدانی ئێران لەسەر وشکانی" ڕێک بەرهەمی ئەو جۆرە هەلومەرجەیە؛ هەلومەرجێک کە شکستە مەیدانی و سیاسییەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان لاواز کردووە و شیکاری ستراتیژی جێگەی خەیاڵکردنی گرتۆتەوە.

ئەم سیناریۆیە لەگەڵ جوگرافیای ناوچەکەدا ناگونجێت، نە لەگەڵ ئابووری وڵاتانی دراوسێ و نە لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەمنی و نە لەگەڵ ڕاستییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بۆیە پێویستە ئەم پلانە وەک هێمایەک بۆ چەقبەستوویی ستراتیژی واشنتۆن و ڕۆچوونی ئیدارەی ترەمپ لە تاڵاوێکی دروستکراوی خۆیدا سەیر بکرێت، نەک وەک نیشانەی دەسەڵاتی ئەمریکا؛ تاڵاوێک کە لەگەڵ سەختتربوونی دەربازبووندا، بیرۆکەی خەیاڵی و وەهمیی زیاتر و زیاتر سەرهەڵدەدەن.

News ID 60105

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha