AP ١٤٠٤ ڕەزبەر ١ ٠٦:٣٣

جیهان ئامادەی داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین

جیهان ئامادەی داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین

کۆنفرانسی "چارەسەری دوو دەوڵەت" بە میوانداری فەرەنسا و سعودیە و بە ئامادەبوونی دەیان سەرکردەی جیهان لە نیویۆرک بۆ داننان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئامانجی کۆنفرانسەکە کۆکردنەوەی پشتیوانییە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی و چاوەڕوان دەکرێت چەند وڵاتێک بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە کاردانەوەی توندی ئیسرائیل و ئەمریکای لێبکەوێتەوە.

کۆنفرانسەکە بە وتارێکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەستیپێکرد.

ماکرۆن: کاتی بەدیهاتنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی چارەسەری "دوو دەوڵەت" وتی: ئێمە ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، چونکە کاتی ئەوە هاتووە ئەو 48 زیندانییەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون ئازاد بکرێن و شەڕی کەرتی غەززە بوەستێت. چیتر ناتوانین چاوەڕێی دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی بکەین.

ناوبراو زیادی کرد: بەڵێنی دەوڵەتی عەرەبی لە فەلەستین هێشتا جێبەجێ نەکراوە، ئێمە بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ لە شکستهێنانمان لە دروستکردنی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمەلایەنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبووڵ دەکەین.

ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە بە ئامانجی دیاریکراوی لەناوبردنی حەماس، بەڵام ژیانی هەزاران غەززەیی خەریکە لەناو دەچێت.

هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات و دەبێت شەڕەکە کۆتایی پێبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک.

ڕێگای ڕاگرتنی وێرانکاری، ناسینی لایەنی بەرامبەر و شەرعیەت پێدانیەتی.

ئێمە ئەرکمان لەسەر شانە کە ڕێگایەک بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژین. بۆ پاراستنی ئەگەری چارەسەری دوو دەوڵەتی پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین.

هەوڵەکانی قەتەر و میسر و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی گۆڕینەوە و ئاگربەست لە غەززە بەرز دەنرخێنم.

دوای ئاگربەست لە کەرتی غەززە، پێویستە بەپەلە هەوڵەکانمان دوو هێندە بکەینەوە بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ دانیشتووانی غەززە.

سعودیە: کۆنفرانسی دوو دەوڵەتی دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کە بە ناوی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەشداریی کرد و قسەی کرد، وتی: کۆنفرانسی دوو دەوڵەتی دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئاشتی.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: قودس دەبێت پایتەختی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بێت

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕوویدا و هیچ پاساوێکیش نییە بۆ سزادانی بەکۆمەڵ بۆ گەلی فەلەستین. ئێمە داوای وەستاندنی دەستبەجێ و هەمیشەیی دوژمنایەتییەکان لە کەرتی غەززە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد: هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی لە کەناری ڕۆژئاوا ڕوودەدات و بۆ بەردەوامیی شارۆچکەسازی. پێویستە پێش ئەوەی درەنگ بێت، پابەندبوونی خۆمان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپات بکەینەوە.

ئەوانەی ڕێگای چارەسەری دوو دەوڵەتی دەگرن، دەبێ وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتی بدەنەوە: ئەڵتەرناتیڤی ئەم چارەسەرە چییە؟ پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینی پاداشت نییە، بەڵکوو مافە.

بەبێ چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایێتەدی. چارەسەری دوو دەوڵەتی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی گشتیی هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا : دەوڵەتی فەلەستین پێکدێت

جاڕنامەی نیویۆرک لە لایەن ١٤٢ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی کرا.

دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر بۆ فەلەستین دەبێت لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکاندا دامەزرێت.

حکومەتی حەماس لە غەززە دەبێت کۆتایی بێت و چەکەکانی ڕادەست بکات.

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین مەحمود عەباس: دەبێت دەستبەجێ شەڕی گەلەکەمان بوەستێت

مەحمود عەباس: داگیرکەران غەزە چۆڵ بکەن

مەحمود عەباس لەم کۆنفرانسەدا خوازیاری چوونە ناوەوەی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە و کشانەوەی داگیرکەران لێی و ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل بوو.

ناوبراو زیادی کرد: سوپاسی میسر و قەتەر و ئەمریکا دەکەم بۆ نێوەندگیرییان، هەڵوێستی میسر و ئوردنیش بەرز دەنرخێنین لە دژایەتیکردنی ئاوارەبوونی زۆرەملێی گەلی فەلەستین.

حەماس و گرووپەکانی دیکە دەبێ چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتی فەلەستین بکەن و هیچ ڕۆڵێکیان لە غەززە نابێت.

ئێمە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بێ سەربازی دەکەین.

ئێمە داوای کۆتاییهێنان بە بنیاتنانی نیشتەجێبوون و لکاندنی زەوییە فەلەستینییەکان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دانیشتووان و هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکان دەکەین.

News ID 56904

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha