ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: پاش هێرشی ڕۆژی سێشەممە(18ی خەرمانان)ی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر دانیشتنی وەفدی دانوستانکاری حیماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، زۆربەی میدیاکان وێڕای ئاماژە بە خاپوورکرانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی شەڕی غەزە، باسیان لە نائەمنبوونی هەموو وڵاتانی ناوچە لە زەبری پەلامارەکانی ڕژیمی زایۆنی کرد؛ تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەک قەتەر.
لەمناوە محەمەد بێن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر شەوی ڕابردوو لە لێدوانێک بۆ کەناڵی سیئێنئێن وێڕای ناوبردن لەو هێرشە بە تیرۆریزمێکی دەوڵەتی، هوشداری دا کە "ئیسرائیل لە لایەن ناوچەوە وەڵامی دەدرێتەوە". بە بۆنەوە هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، لە 7 کارناسی پرسەکانی ناوچە سەبارەت بە چیەتی وەڵامەکەی قەتەری پرسیوە و لە خوارەوە وەڵامەکانیان دەخوێننەوە:
1. مووسەوی: قەتەر وەڵامی پراکتیگی نابێت
سەید عەباس مووسەوی نوێنەری بزووتنەوەی نۆجەبا لە ئێران، بە ئاماژە بە هێژمۆنیی ئەمریکا بەسەر دەوڵەتی قەتەردا، لای وایە کە قەتەر هیچ وەڵامێکی پراکتیگی بەو هێرشە نابێت و تەنیا بە دەرکرانی چەند ڕاگەیێندراو کۆتایی بە مشتومڕەکان دێت و وتیشی: ئامانجی ئەوان لەو لێدوانانە تەنیا سیاسی و میدیاییە و دەیانەوێ ئەو پەیامە بە دنیا بدەن کە ئێمە بێدەنگ نابین و وەڵام دەدەینەوە.
2. شامی: مەحاڵە قەتەر کاردانەوەی هەبێت
ئەحمەد شامی هەواڵنێری و کارناسی کەناڵی "المسیرە"ی یەمەنیش زاڵبوونی هێژمۆنیای ئەمریکا بە سەر قەتەری بیر هێنایەوە و ئەوەی کە چۆن دەزگای ئەمنی و سەربازیی قەتەر بەدەستی ئەمریکایە، وتی: ئێمە هیچ چاوەروانییەک لە قەتەر بۆ کاردانەوەیەک بە دەستدرێژیی ئیسرائیل ناکەین و تەنیا ڕێگەی بەردەم قەتەر لە ئێستادا دەکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتەکەیەتی و وڵاتەکەی سەربەخۆ بکاتەوە و چیتر لەو دەستەی پاڵپشتی لێ کردووە، زلەی بەر نەکەوێت.
3. مەشیک: چەکی وڵاتانی عەرەبی بەبێ مۆڵەتی ئەمریکا ناتەقێتەوە
محەمەد مەشیک، کارناسی یاسای نێودەوڵەتی بە بەراوردی توانای سەربازیی قتەر هەمبەر بە دوژمنی ئیسرائیلی، گرتنەبەری هەر جۆرە هەڵوێستێکی چەکدارانە لە لایەن دۆحەی بە مەحاڵ زانی، چونکە یەکەم؛ وڵاتانی کەنداوی فارس خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلن، دووەم؛ بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەندوای فارسدان، سێهەم؛ چەکی وڵاتانی عەرەبی بەبێ ئیزنی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ناتەقێتەوە(بەتایبەت سیستەمگەلی بەرگری و فرۆکە جەنگییەکان)، چوارەم؛ دەستەوەستانیی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین وڵاتی عەرەبی، پێنجەم؛ بەرژەوەندی جودا و تایبەتیی هەر کام وڵاتانی عەرەبی و پەرتەوازەبوونیان بەو هۆیە.
4. عەلیق: گوشاری واشنتۆن ناهێڵێ قەتەر ببزێوێت
بەسینە عەلیق هەواڵنێری ڕادیۆن "النور" و نووسەری "المیادین" وتی: هیوادارم کە کاردنەوە و وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، بەکۆمەڵ بێت. واتە بە هاوئاهەنگی وڵاتانی عەرەبی و هەموو لایەنەکانی ناوچەیی و لەوان تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران بێت و ئەگەر بەو جۆرە بێت، ئەمە نیشاندەری هەنگاونانە قۆناغێکی نوێیە. بەوەشەوە نابێ ڕۆڵی ئەمریکا و گوشاری واشنتۆن بۆ سەر قەتەر و وڵاتانی عەرەبی و لە بیر بکەین کە دەتوانێ ئاستەنگێک بێت لە بەردەم هەر هەنگاو و کاردانەوەیەک.
5. ئەسەدی: وەڵامی ئیسرائیل تەنیا قەتەری نابێت
کیان ئەسەدی کارناسی عێراقیی پرسە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاماژە بەوەی کە هەر کاردانەوەیەکی شیمانەیی قەتەری نابێت و لە چوارچیوەی کەنداوی فارس و ناوچە و بەپێی جاڕنامەی ئەنجومەنی کۆمکاریی کەنداوی فارس(GCC) دەبێت و وتی: بێگومان بە هۆی چەتری پاڵپشتیی ئەمریکا بەسەر ئەو کۆمکارییەدا، بژێرەی سەربازی دەبێ تەواو وەلاوە بنرێت. بەوەشەوە قەتەر کۆمەڵێک بژێرەی گوشاری وەک ئاڵۆزی لە ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، پێداچوونەوە بە بەڵێنە ناوچەییەکانی یان بەکارهێنانی کەناڵە راستەوخۆکانی لەگەڵ واشنتۆن هەیە کە دەتوانی بیانکاتە هەنگاوی پراکتیگی بۆ گوشارخستنە سەر ئیسرائیل، بە تایبەت لە بابەتی کردنەوەی ڕێڕەوگەکان بۆ غەزە و گەیاندنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە خەڵکی فەلەستین.
6. بەیات: بەرگریی قەتەر پێشێل کراوە
محەمەد بەیات کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاماژە بە هێرشی ئێران لە شەڕی 12 ڕۆژە بۆ سەر بنکەی عودەیدی ئەمریکایی لە قەتەر وەک یەکەم هەڵمەت بۆ سەر قەتەر و پاشان هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر نووسینگەی حیماس لە دۆحەدا، وتی: لەو ڕووەوە قەتەر کەوتۆتە هەلومەرجێک کە هەست دەکا بەرگریی پێشێل کراوە و دەبێ قەرەبووی بکاتەوە. هەر بۆیە ڕەنگە بۆ نمایشیش بێت، ناچار لە وەڵامدانەوە، بەڵام ئەوەی کە بە چ شێوەیەک دەبێت پەیوەستە بە هۆکارگەلێکی وەک هاوبەشیکردن یان نەکردنی وڵاتانی ناوچە لە هەڵمەتێکی هاوبەش. ڕەنگە لە ئەنجامدا قەتەر ناچار بێت لە ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی هێمایین بۆ سەر باشووری سەرزەوینە داگیرکراوەکان.
7. فەزولوڵڵا: قەتەر توانای کاردانەوەی بە ئیسرائیل نییە
عەلی فەزولوڵڵا کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەری بە کۆتایی گەڕەنتی ئەمریکایی بەو وڵاتە زانی و وتی: هێرشی ئیسترائیل زیانێکی قورسی بە گەڕەنتیی ئەمریکایی بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕژیمە کەندواییەکان گەیاند و بۆتە وانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی پشتیان بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بەستووە. بەوەشەوە مەحاڵە ئەو وڵاتانە بەرەیەکی هاوبەش لە دژی ڕژیمی زایۆنی پێک بێنن، هەر بۆیە هیچ کاردانەوەیەک لە گۆڕێدا نابێت و خود قەتەرییەکانیش توانای وەڵامدانەوە و ڕیسککردنیان لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکادا نییە و بگرە لایەنی بەرامبەریش لەوبارەیەوە ئەرخەیانە.
Your Comment