به ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، ئه‌مین مورادی دوێنێ له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی شه‌شومین خولی فستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ف که له سینه‌ما به‌همه‌نی سنه به‌ڕێوه چوو، وتی: پارێزگاری کوردستان به‌ڵێنی پێداوین که حهوتهمین خولی فستیڤاڵی ده‌فی سنه له ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌ڕێوه بچێت و له هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی دیکه‌ش بۆ به‌شداری کردن له‌م فستیڤاڵه پێشوازی ده‌که‌ین.
ئه‌و له درێژه‌دا وتی: خۆشحاڵین که جارێکی دیکه له جه‌ژنی پیرۆزی قورباندا، خه‌ڵکی فه‌رهه‌نگ دۆستی کوردستان میوانداریی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی کرد.
سه‌رۆکی حهوهزهی هونه‌ری کوردستان وتی: فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر یه‌کێکه له گرنگ ترین به‌رهه‌مه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌مه‌ش وه‌های کردووه که ئێمه بتوانین به ده‌یان فستیڤاڵی جۆراجۆری هونه‌ری له درێژه‌ی ساڵدا له‌م پارێزگایه به‌ڕێوه ببه‌ین. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه هێشتا به ته‌واوی له ئاستی فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵکی کوردستاندا نییه.
ئه‌و وتی: خولی شه‌شومی فستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ف له حاڵیکدا به‌ڕێوه چوو که ئێستا فستیڤاڵه‌که له ئاستێکی باش‌دا ناسراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌مساڵ له وڵاتانی دیکه‌وه داواکاری به‌شداری کردنمان بوو، هه‌ر بۆیه ساڵی داهاتوو خولی حه‌وته‌می فستیڤاڵه‌که له ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌ڕێوه ده‌به‌ین. ئه‌مه‌ش بۆ پێگه‌ی ئامیری ده‌ف ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئێسته چی دیکه ده‌ف ئامێری نێونه‌ته‌وه‌یی مۆسیقایه و سنووره‌کانی ئێرانی به‌زاندووه.
مورادی زیادی کرد: وه‌ک خۆم، لام وایه که سنه به‌ڕاستی پایته‌ختی ده‌ف و ده‌ف ژه‌نینه و هه‌وڵێکی زۆر ده‌ده‌ین تاکوو له ئاستێکی نه‌ته‌وه‌یی و جیهانیدا ئه‌م بابه‌ته بورژێنین و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی جیهان تێبگه‌ن که ده‌ف له کوێوه‌وه به جیهان ناسێندراوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندانی کورد که به باشی کاریان له‌سه‌ر ئامیری ده‌ف کردووه و به‌م ئامێره‌وه ماندوو بوون.
شایانی باسه که له میانه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، خه‌ڵاته‌کانی شه‌شومین خولی فستیڤاڵی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ف پێشکه‌ش به هونه‌رمه‌ندانی هه‌ڵبژێردراو کرا.
داوه‌ره‌کانی شه‌شومین خولی فستیڤالی نه‌ته‌وه‌ی ده‌ف بریتی بوون له بیژه‌ن کامکار ، شوکروڵا حه‌یاتی، عه‌لائه‌دین یاسینی و مه‌هدی ئه‌حمه‌دی.
Your Comment