AP ١٤٠٣ بەفرانبار ٢٤ ١٨:٢٥

مەزڵووم کۆبانی: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا/ ڕۆژهەڵاتی ناوین لە مەترسیدایە

مەزڵووم کۆبانی: مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا/ ڕۆژهەڵاتی ناوین لە مەترسیدایە

فەرماندەی هەسەدە وێڕای هوشداری‌دان بۆ ئازادکردنی تیرۆریستانی لە ئۆردووگاکان و دەسپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێ لە تیرۆر، جەختی کرد کە ئازادی ژنانی کوردی بەدیل‌گیراوە لە لایەن ملیشیاکانی سووریاوە، کلیلی ئاشتەوایی و دانوستانە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەزلووم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی "The Sun"، بە ئاماژە بە بوونی 10 هەزار هێزی تیرۆریستی داعشی لە زیندانەکانی کوردستانی سووریا، ڕایگەیاند: سەرجەم 60 هەزار داعشی و خێزانەکانی داعشی و لەوان شەمیمە بەیگم، وەک بووکی نازڕاوی داعشییەکان لە زیندانەکانی هەول و ڕۆژدا ڕاگیراون کە نزیکەی 2000 تیرۆریستیان لە لایەن دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە لە ڕیزی کەسانی "زۆر مەترسیدار"ن کە هێشتاش لە هەلێک دەگەڕێن بۆ وێرانکردەنوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

کۆبانی سەبارەت بە مەترسیی پلان‌داڕشتنی ئەو زیندانییە داعشیانە بۆ خۆ دەربازکردن و دەسپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێ لە تیرۆر هوشداری دا و وتی: تا کاتێک ئەو بنەما و پرێنسیپانەی کە گرووپە جیهادییەکان و لەوان داعش پێی هەستاون، لەناو نەبرێت، هەموو ڕۆژهەلاتی ناوین لە ژێر زەخت و مەترسیدایە و لەو سۆنگەوە ئێمە بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە.

کۆبانی بە ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وەک ڕەخساندنی هەلی هەڵاتنی زیندانییە داعشییەکان، جەختی کرد: ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئێمە نیشان دەدا کە داعش هێشتاش بەدوای ڕێکخستنی خۆی و پلان‌داڕشتن بۆ هەڵاتن لە زیندانەکانە و لەم دواییەشدا شایەدی هێرشی داعشییەکان بۆ ئازادکردنی ئەندامانی خۆی لە یەکێک لە زیندانەکان بووین.

فەرماندەی هەسەدە ئاشکراشی کرد کە لەو ماوەیەدا چەندین زیندانی هەلیان بۆ ڕەخساوە و توانیویانە خۆیان لە زیندانەکان دەرباز بکەن و وێڕای بەدەستهێنانی چەک و چۆڵی پێویست لە هێزە هەڵاتووەکانی ئەرتەشی سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد، تەڤڵی تیرۆریستانی تەحریرولشام و سوپای ئازادی سووریا بوونە.

ناوبراو داوای لە بەرپرسانی ڕۆژئاوایی کرد کە هەوڵەکانیان بۆ دادگایی‌کردنی ئەو تیرۆریستانە بخەنە گەڕ و داکۆکی لە بەڕێوەچوونی دادگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێ‌کردنی جەنایەتەکان و گواستنەوەی زیندانییە ڕۆژئاواییەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان بکەن.

کۆبانی لە بەشێکی تر لە لێدوانەکانی وێڕای ڕەخنە لە کەمتەرخەمی ڕۆژئاواییەکان هەمبەر بە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزم، جەختی لەوە کرد کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ئیستادا تەنیا باڵێکە لە سووریادا بەرەنگاری تیرۆریزم دەبێتەوە و بەوەشەوە کەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشەکانی تورکیا و تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی.

فەرماندەی هەسەدە هەروەها داوای لە کۆشکی سپی کرد کە لە نێوان هێزە کوردەکان و تورکیا و گرووپە پاڵپشتکراوەکانی ناوبژێتی بکات و لەو ڕێگەوە وێڕای دەستەبەرکردنی داهاتووی ئەو هێزانە، ئاسایشی 2.5 ملیۆن کوردی سووریا و کەمیەنکانی تری ئەو وڵاتە بپارێزێت و وتی: ئێمە ڕاشکاوانە دان بە دۆخێکی نوێ لە سووریادا دەنێین و چاڵاکییەکانمان بەپێی ئەو دۆخە نوێیە پێناسە کردۆتەوە. سووریا دەبێ وڵاتێکی یەکگرتوو بمێنێتەوە و تێیدا مافی هەموو کەمینەکان بپارێزرێت.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە ئەشکەنجە و ئازاری ژنانی کورد لە لایەن تیرۆریستانی پاڵپشتکراوی تورکیا کرد و وێڕای هوشداردان سەبارەت چارەنووسی کوردانی زیندانی‌کراو وەک کلیلی هەر جۆرە دانوستانێکی هەسەدە لەگەڵ تەحریرولشام و سوپای نیشتمانی سووریا، ڕایگەیاند: ئەوان وەک داعش هەڵسوکەوت دەکەن و ئێمە نازانین ئەو ژنە بەدیل‌گیراوانە لە کوێن و هەموو هەوڵی خۆمان لە پێناو ئازادیاندا خستۆتە گەڕ.

مەزلووم کۆبانی لە کۆتاییدا خوازیاری گوشاری زیاتری ڕۆژئاوا لە سەر تورکیا و گرووپە پاڵپشتکراوەکانی بۆ وەستاندنی شەڕ و پەلاماری هەر ڕۆژەیان و جێگرکردنی ئاشتی لە سووریا بوو و جەختیشی کرد: لەم ڕۆژانەدا وەڵامدەر بوون پێویستە.

News ID 53564

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha