AP ١٤٠٣ گەڵاڕێزان ٢٠ ١٥:١١

لە پانێڵی کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای "مێری":

بارزانی: دیدارم لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی و سەردانی پزشکیان بۆ هەولێر قۆناغێکی گرینگ بوو

بارزانی: دیدارم لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی و سەردانی پزشکیان بۆ هەولێر قۆناغێکی گرینگ بوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "مێری" لە هەولێر، ڕایگەیاند: کۆبوونەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، و دیدار لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی و سەردانی مەسعود پزشکیان بۆ هەولێر و بەغدا قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە لەگەڵ ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لە شاری هەولێر، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی هەرێم ڕایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە یەک حاڵەتدا زۆر ڕوونە کە ئێمە دەمانەوێت فاکتەری سەرەکی بین بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و لەگەڵ ئێران و تورکیا لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا.

وتیشی: ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین. بۆ نموونە لە ئێستادا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ تورکیا هەیە، بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق لە دەوروبەری 12 ملیار دۆلارە و پێموایە بازرگانی لەگەڵ ئێران لە دەوروبەری هەمان ڕێژەیە. ساڵی ڕابردوو توانیمان تا ڕادەیەکی زۆر ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە لەگەڵ ئێراندا هەمانبوو. پێم وایە دوای ئەو سەفەرەی بۆ تاران کردم و دیدار لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی و سەردانەکەی دوکتور مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ هەولێر و بەغدا هەروەها گەشتی دووەم و سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێر سەلماندی کە ئێمە لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانمانداین.

زۆر گرنگە بۆ ئێمە سەرچاوەی ئاسایش و ئاسوودەیی دراوسێکانمان بین
هەروەها وتی: زۆر گرنگە بۆ ئێمە سەرچاوەی ئاسایش و ئاسوودەیی دراوسێکانمان بین. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هاوبەشێکی کاریگەر بووین بۆ بەغدا و هەموو ئەم کارانەش بە هەماهەنگی و پەیوەندی نزیک لەگەڵ بەغدا بووە. ئێمە بەبێ ئاگاداری بەغدا هیچ سەفەرێکمان نەکردووە؛ بۆ هەر کوێیەک چووینە و لە هەر سەفەرێکەوە گەڕاینەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەموو شتێک بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بووە. هەرێمی کوردستان دەتوانێ هاوبەشێکی گەورە بێت بۆ بەغدا لە ئێستادا و لە داهاتووشدا.

شەڕێکی گەورە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە
نیچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلان و ستراتیژی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخی هەستیار و هەنووکەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا شەڕێکی گەورە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت؛ بەڵام ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە کە پێویستە لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی عێراق نەچێتە ناو ئەم قەیران و نائارامییەوە. چونکە عێراق خۆی کێشەی زۆری هەیە و بارودۆخی عێراق زۆر هەستیار و تایبەتە. بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، گرنگترین بابەت ئەوەیە کە خۆمان نەخەینە ناو ئەم قەیرانەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم چوارچێوەیەدایە. چونکە من پێم وایە دوای ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە کردوومانە، داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان هێشتا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

کاتێک داعش هێرشی کرد، هەموومان بە عێراقی بوون تۆمەتبار کراین
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا لە پانێڵی کۆنفرانسی ساڵانەی پەیمانگای توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناونیشانی "مێری" جەختی لەوە کردەوە: کاتێک داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر عێراق، نەیانپرسی ئایا سوننەیە یان... شیعە، یان کورد بوو یان عەرەب مەسیحیە یان ئێزیدی؟ بەڵکوو هەموومان ڕووبەڕووی یەک تۆمەت بووینەوە و ئەوەش ئەوە بوو کە هەموومان عێراقیین. لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داعش خوێنی هەمووان تێکەڵ بوو، هەر لە پێشمەرگەوە تا سەربازە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی؛ ئەوان پێکەوە شەهید بوون بۆ بەرگری لە خاکی عێراق، هیچ جیاوازییەک لەم ڕووەوە نەبوو. بەڕای من ئێستاش عێراق پێویستی بە پاڵپشتی هێزی دەرەکی هەیە. بەتایبەت ئەمریکا کە بەرپرسی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوپەیمانی دژە داعشە.

نێچیرڤان بارزانی لەم کۆنفڕانسەدا باسی لە چەندین بابەتی ناوخۆی هەرێم لەوانە هەڵبژاردنیش کرد.

News ID 52632

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha