بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەدهەم بارزانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری ناڕەوای دەسەڵاتدارانی هەولێر و دهۆك كە پاش دەرچونم لە كوردستان لەبەرواری ٥ی٦ی٢٠٢٢، و ڕێگریكردنیان لە گەڕانەوەم بۆ ناو خاك و وڵات و میلەت و خزم و كەسوكار و ماڵ و منداڵم".
ئەدهەم بارزانی سەركردەی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێت: "هەرچەندە ئەم ڕێگریانە نەبونەتە هۆكارێك بۆ بەرپەرچدانەوە و هەڵوێستی توند دەربڕین ، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك جار لە حەسرەت و دووری وڵات و میلەت و كەس و كارەكەم هەڵچون ڕوویداوە، بەڵام ئەمانە سروشتی مرۆڤە و كاردانەوەیە نەك كار".
ئاماژە بەوەش دەكات کە "هۆكاری ئەم ڕێگریانەش تەنها دەربڕینی هەڵوێست و بۆچونەكانم بوون لە سەر هەندێك بابەت كە لە پەڕەی تایبەتی خۆم لە فەیسبوك دامبەزاندبوون".
Your Comment