بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمەراسیمی دەستبەکاربونی دو فیرقەی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیاری دەستەی نێوبژیوانی لە پاریس دەرفەتێکی باشی رەخساندوە لەبەردەم هەرێم و بەغدا تاوەکو بگەنە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ دۆسیەی نەوت.
وتیشی:" گەشبینیشم لەگەڵ بەغدا دەگەینە رێکەوتن و کۆتایی بەسەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەهێنین، چارەسەری ئەو کێشانەش هەواڵێکی خۆش دەبێت بۆ هەمو پێکهاتەکان".
نێچیرڤان بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، لە رێوڕەسمی دەستبەکاربونی فیرقەکانی (یەک) و (دو)ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، "ئامانجی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دروستکردنی هێزێکی نیشتمانییە."
ڕاشیگەیاند: "پرۆسەی گواستنەوەی یەکەکانی 70 و 80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، دەبێت هەمو پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکەین، داواشمانکردوە، زەمینەسازی بکرێت تاوەکو سەرجەم پێکهاتەکان بێنە نێو ریزەکانی هێزی پێشمەرگەوە".
ئەوەشی وت کە بڕیارەکەی دادگای پاریس مافی دەستوریی هەرێمی کوردستانی لە دۆسیەی نەوتدا سەلماندوە، بۆیە ئێستا هەمومان دەتوانین باشتر بگەیەنە چارەسەرێک کە هەموان تێیدا براوە بن، ئێمەش بەشێکی سەرەکین لە حکومەتی ئێستای عێراق، بەهەمو جۆرێکیش پشتیوانی لە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەکەین، چارەسەرکردنی کێشەی نەوتیش لەنێوان هەردولا هەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ سەرجەم پێکهاتەکان".
هەر سەبارەت بە دۆسیەی نەوت سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای پەسەندکردنی دەستور، ئێمە بەردەوام داوای دەرچونی یاسای نەوت و گازمان کردوە چونکە تەنیا ئەو یاسایە دەتوانێت ماددەی 112ـی دەستور بە باشی رێکبخات".
Your Comment