ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە ئێستادا هەرێمی کوردستان تووشی چەندین کێشەی گەورە بووەتەوە و ناکۆکی و رێکنەکەوتنی پارتە حوکمڕانە سەرەکییەکانی وەکوو پارتی و یەکێتی و دواکەوتنی مووچە، نەبوونی خزمەتگوزاری، نەبوونی ئاو و کارەبا و هەروەها بێکاری و گرانی شت و مەک و پێداویستی ژیان بە تایبەت سووتەمەنی، وای کردووە خەڵکی هەرێم ناو بە ناو ناڕەزایەتی و مانگرتن بکەن.ئەم ناڕەزایەتییە لە سۆشیاڵ میدیا زیاتر دیارە و بەرفراون و توندترە.
ناڕەزایەتی خەڵکی هەرێم تاڕادەیەک زیادی کردووە کە سەرەڕای ئەو هەموو شەهید و بریندارەی تا ئێستا هەبووە لە راپرسییەکدا رێژەیەکی زۆر دەڵێن دەمانەوێت قەوارەی هەرێم نەمێنێت و بگەرینەوە سەر حکوومەتی عێراقی.
لە سەر ئەم بابەتە و چەند پرسی تر وەکوو یاسای هەڵبژاردن و شەڕی هەمیشەیی حوکمرانانی هەرێم و کموکۆرییەکانی شێوازی حکومەت کردن لە هەرێمی کوردستان هەواڵنێری مێهر لە گەڵ ئێحسان یاسین زەڵمی، کارگێڕی پەیوەندییە سیاسییەکانی مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان قسەی کردووە کە دەقی وتەکان لە خوارەوە دێت.
* کێشەی یاسای ههڵبژاردن و كۆمسیۆن چیە و بۆ ڕێککەوتنی لەسەر ناکرێت، تاکوو پهرلهمان بتوانێت كارهكانی خۆی دهستپێبكاتەوە ؟ چ لایەنێک یان چ هۆکارێکە رێگە نادات ئەم کێشە چارەسەر بکرێت؟
کۆمیسیۆن هەر جارێ کە شەرعییەت وەر ئەگرێتەوە لە پەرلەمان ئیتر بۆ ئەو خولەیە و خولی داهاتوو بە گوێرەی یاسا ئەبێ جارێکی دیکە شەرعییەت وەرگرێتەوە و پەسەند بکرێت. مەرج نییە هەموو جارێکیش گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەڵام ئێستا ئەمان کە زۆرینە پارتی و یەکێتین کە پێم وایە پارتی تۆزێ بەهێزتر بێت لەوێ ،بەمە رازی نابێت و ئەیەوێت دیسان بەهێزتریشی کاتەوە. بۆیە یەکێک لە کێشەکان کە باس ئەکرێت ئەوەیە کە ئەم کۆمیسیۆنە بۆ هەڵبژاردن، شەرعییەتی ئەم پەرلەمانەی نییە و هی پەرلەمانی پێشووە و دەبێ لەم پەرلەمانەش پەسەند بکرێت. بەڵام بە ڕای من نابێت ئەمە بکرێتە بیانوو کە هەڵبژاردنی پێ دوا بخرێت.
کێشەی دووەم کە هەڵبژاردنی پێ دوا خراوە پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەکانەوە هەیە کە ئەویش هەموار نەکراوەتەوە تاکوو لە پەرلەمان پەسەند بکرێت. ئەمانە هەمووی پەیوەستە بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە. هیوادارین ئێستا کە پارتی و یەکێتی یەکەمکۆبوونەوەیان لە ژێر گوشاری لایەنی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی ئەنجام دا، کۆبوونەوەکانی داهاتووشیان بکەن بە زووترین کات. بەڵکوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بکرێت و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لەمچەقبەستووییە تۆزێک رزگاری بێت.
* باسی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە میدیاکاندا دەکرێت و حوکمرانان رەتیدەکەنەوە کە دوو ئیدارەیی هەبێت ، بە ڕای ئێوە هەرێم دوو ئیدارەیە ؟ .
لە ئێستا دا وەکوو ناو دوو ئیدارەیی نییە، یەک ئیدارەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە و جێگریشی هەیە. بەڵام دوو زۆن هەیە. زۆنی سەوز و زۆنی زەرد. لە زۆنی سەوز پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەکات و سەرۆکایەتی هەرێمی بە دەستە و زۆرینەی کورسیەکانیش هەر هین ئەوانە، قسەی ناڕوات.یانێ ئەوەی کەی جێبەجێ ئەکرێت لە زۆنی سەوز بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی کە جێگری سەرۆک وەزیرانە. بڵێین دوو ئیدارەیی نییە، هەیە بە ناوەرۆک بەڵام بە ناو یەک ئیدارەیە! لە زۆنی زەرد پارتی ئیدارە ئەکات و لە زۆنی سەوز یەکێتی نیشتیمانی ئیدارە ئەکات. ئەمە کێشەیەکی قووڵە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چەندەها ساڵە پێوە ئەناڵێنن و نەمانتوایوە ئەمە تێپەرێنین. لەبەر ئەوە لێرە حیزب لە سەرووی دەسەڵاتەوەیە. نابێت حیزب لە سەرووی دەسەڵاتی یاسادانانەوە بێت کە پەرلەمانە. ریزەکەی لە هەموو دنیا وایە کە دەسەڵاتی یاسادانەر واتا پەرلەمان و دواتر دەسەڵاتی جێبەجێکار کە حکوومەتە بڕیار دەدەن بەڵام لە هەرێمی کوردستان حیزب لە سەرووی هەموو ئەمانەوەیە.حزب چۆنی بوێت حکوومەت وا دەکات، حکوومەت چۆنی بوێت پەرلەمان ئاوا دەکات. لێرە شتەکان وەکوو خۆیان نین.
* بە رای ئێوە داهاتووی پەیوەندییە ستراتێژیکەکەی پارتی و یەکێتی بە کوێ دەگات ؟ ئەم هەموو رێکنەکەوتن و دژی یەکتر هەڵوێست گرتنەی پارتە حوکمرانەکان چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بووە و دەبێت ؟
ئەو دوو حزبە ڕێککەوتنی ستراتێژییان هەیە کە لە سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود دا واژۆ کراوە لە ساڵی 2007 دا. ئێستا ئەو رێککەوتنە پێویستی بە هەموار کردنەوەیە چونکە دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە و دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتیش هەر تا رادەیەک گۆراوە وئێستا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جێگری سەرۆکی پارتیە. ئێمە وەکوو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نیگەرانین لەو بابەتە و هیوادارین پارتی و یەکێتی بتوانن رێککەون چونکوو ناکۆکی ئەوان زیانی بە تاک تاکی هاووڵاتیانی هەرێم گەیاندووە لە دوو رووەوە.یەکەم ئەوەی کە مومارەسەی پرسە دیمۆکراسییەکان ناکەن بە بیانووی ئەوە کە رێکنەکەوتوون لە سەر ئەو پرسە دیمۆکراسیانە تا وەکوو خۆیان بە میکانیزمی سەردەمی جێبەجێ بکرێت.
خاڵی دووەم کە سەلبیاتێکی زۆری هەیە لای هاووڵاتیان ئەوەیە کە ئێستا هاووڵاتی ئینتیمای بە حکوومەت و نیشتیمان نەماوە، ئەم حکوومەت و دەسەڵاتە وای کردووە خەڵک بێزار بێت. کە خەڵک ئینتیمای نەما و وەڕەز بوو پرۆسەی سیاسی شکست ئەهێنێت. و ئەو رێکنەکەوتنەی ئەوان بە راستی زەرەری داوە لە پڕۆسەی سیاسی لە ساحەی کوردستان و خەڵکی بێزار کردووە.
* راپرسیەک بڵاوکرایەوە لە رۆژنامەی سەباح کە هەرێمی کوردستانی هەژاند و هەرایەکی زۆری نایەوە، بە رای ئێوە لەبەرچی دۆخی هەرێمی کوردستان وای بەسەر هاتووە کە خەڵانێک وا لە رابردوودا خوێنیان داوە تا هەرێمی کوردستان بەهێز بێتەوە ئێستا لە راپرسییەکدا ئاوات دەخوازن قەوارەی هەرێم هەڵوەشێتەوە و خەڵک بگەرێتەوە بۆ ژێر حوکمی بەغدا ؟ چی بە سەر هەرێمی کوردستاندا هێنراوە ؟
وەکوو پێشتر وتم حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی وای کردووە کە خەڵک ئینتیمای نەماوە ، ژیانی خەڵک زۆر زۆر قورس بووە.ئەم قورسی ژیانە وای کردووە خەڵک پەنا بۆشتی تر بەرێ. ئەگەرچی بە فێعلیش نەتوانن بگەرێنەوە سەر حکومەتی عێراقی کە سەیر ئەکەن هاووڵاتی عێراقی یەک مووچەی نافەوتێ، نەوت هەرزان. خزمەتگوزارییەکان باشن. هاووڵاتی دەنگی هەیە و بە قەڵەمی خۆی نوێنەر هەڵئەبژێرێ، لەم زستانە بەرمیلێ نەوت لە هەرێم 250 هەزار دینار بووە بە ئازاد، لە حاڵێکدا لە خوارەوە بە 100 هەزار بووە. کە ئەگەر وەریشیان بگردایە هەرزانتر بوو.
بۆیە ئەم شتانە وای کردووە کە خەڵک بە راستی تەمننا بکات یا حەز بکات بگەڕێتەوە سەر حکوومەتی عێراقی . بۆ ئەوەی ژیانی خۆش بێت. چونکوو بە تەواوی ژیانی خەڵکی ئەم هەرێمە شێواوە بۆیە خەڵک تەمەننای وا ئەکات؛ ئەگینا خەڵک ئەگەر ژیانی خۆش بێت و ئارام و ئاسوودە بێت هیچ کات ئەوەی پێ خۆش نییە، چونکوو ئەو زوڵمەی حکومەتی سەدام لە کورد کردوویە لە بیر نەکراوە، ئەنفال و کیمیاباران لە بیری کورد نەچووەتە . بەس ئەم بەرەیەی کە ئێستا پێدەگات، چاوەڕێ ئەوەیە ئەم حکوومەتە خزمەتگوزاری بخاتە بەردەمی، هەلی کاری بۆ بڕەخسێنێ و داوای دامەزراندن و دەرفەتی ژیانی گونجاو دەکات.بەس ئەمانە دەرفەتی ژیانی خۆش و ئاسوودەیان بۆ خەڵک نەهێشتووە لەم هەرێمە؛ بۆیە خەڵک تەمەننا ئەکات بگەڕێتەوە بۆ سەر حکوومەتی عێراقی.بەڵکوو بەو شێوە بتوانێ دۆخی سەغڵەتی ژیانی باشتر بکات.
Your Comment