بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نوسینێكدا بە ناونیشانی"پارتی و توڕەکردنی شەقامی عیراقی" لە پەیجی خۆی نوسیویەتی: عێراق، وڵاتێکی فرە نەتەوەیەو لە دێرزەمانەوە ھەوڵدراوە برایەتیەک لەنێوان پێکھاتەکانیدا بچەسپێبرێت، دەوترێت کورد و عەرەب ھەرگیز نابن بەبرای یەکتر. برینەکان زۆر لەوە قوڵترن، بەڵام دەکرێت جۆرێک لە قەبوڵکردنی یەکتری لە نێوانیاندا ھەبێت.
دەشڵێت: ئەم یەکتری قبوڵکردنە بێگومان لە لێکتێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت، سیاسەتی دروست و ستراتیژی دەبێت بە ئاراستەی نزیک کردنەوەی شەقامی عەرەبی و عێراقی بێت لە شەقامی کوردی.
ئاماژەی بە سیاسەتی ئێستای پارتی كردووە لە پرسی كاندیدكردنی هۆشیار زێباریدا و نوسیویەتی: ئەم سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان کەپەیڕەوی دەکات، تورەکردن و لێکترازانی زیاتری ھەردوو شەقامی لێدەکەوێتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەک بتوانێت سیاسیەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، بەڵام لە کۆتایی دا ئەو سیاسیانەش دەبێت ملکەچی شەقامی خۆیان بن.
ئاماژە بە كاندیدكردنی فواد حسێن دەكات لە ساڵی 2018دا و دەڵێت: بە کاندید کردنی فواد حسین ھەموو شەقامی عیراقی دژی خۆی ھان دا، بەوەی کە دەوترا مسعود بەرزانی سکرتێری خۆی ناردوە بیکات بە سەرۆکی ھەموو عێراق، شەقامی عێراقی ئەمەی بە ئیھانەیەکی گەورە زانی و دەنگیان نەدا بەوەی سکرتێری کاک مسعود ببێت بە سەرۆک.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێستاش ھەمان سیناریۆ دوبارە دەکاتەوە بەوەی کەسێک کاندید کردوە کە ناوو ناوبانگی لە رووی قانونیەوە باش نیە و لەسەر گەندەڵی متمانەی لێوەرگیراوە لەپەرلەمان ئەمە لە لایەن شەقامی عەرەبیەوە بە ئیھانەیەکی گەورە وەرگیراوە و بەم شێوەیە ناکۆکیەکانی کورد و عەرەب گەورەتر ئەبێ.
Your Comment