بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەنداوی فارس، نەک هەر ناوچەیەکی ئاویە بەڵکوو بەشێک لە شوناسی ئێرانە. ناوێک کە لە مێژوودا، وەکوو نیگارکێشیەک لەسەر بەرد، هەر ماوەتەوە. هەر شەپۆلێکی ئەو کەندارە، باسی هەزاران ساڵ شارستانییەک، بەرخۆدان، فەرهەنگ و شانازییە. لە بەرانبەر ناوی کەنداوی فارس، ناتوانین بەس باسی جوگرافیا بکەین؛ ئەو ناوە، نەک هەر لە سەر نەخشەکان بەڵکوو لە سەر دڵانیش کێشراوە.
بەڵام لە ساڵانی دواییدا، کەنداوی فارس بووەتە مەیدانێکی شەڕی دیکە؛ نەک بە شمشێر و تۆپ، بەڵکوو بە وشە و فریو. هەوڵی زۆر دراوە بۆ گۆڕینی ناوەکەی؛ هەوڵێک نە لە ڕووی نەزانینەوە، بەڵکوو لە سەر ڕق و سیاسەتەوە. ئەو هەوڵانە ، وەکوو بایەک کە بیەوێت هەتاو بکوژێنێتەوە، پووچە و ناچارە بە شکست.
تەنانەت سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا بە پشت گوێ خستنی دەیان بەڵگەی مێژوویی و ڕێسای نێودەوڵەتی، لە چەمکە ساختەکە کەڵکی وەرگرت. هەوڵیک کە ئەگەرچی چەپڵەی ژمارەیەکی کەم لە بەشداربووانی عەرەب زمانی لەگەڵ بوو، بەڵام لەگەڵ شەپۆلێکی کاردانەوەی نەرێنی، لە خەڵکی ئێران لە سەرتاسەری جیهانەوە تا کارناسانی سەربەخۆ و تەنانەت هەندێک مێژووناسی بێ لایەن بەرەوڕوو بووەوە.
ئایا ناوێک بە دووپات کردنەوەی دەگۆڕدرێت؟ ئایا دەتواندرێت بە بەلاڕێدا بردنی مێژوو لە بیر بکرێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە نەک ئێمە بەڵکوو هەزاران بەڵگەی مێژوویی دەیداتەوە.
یەکەم و گرینگترین بەڵگە، نەخشە کۆنەکانە؛ لە یوونانەوە بگرە تا موسڵمانانی سەدەکانی ناوەڕاست، لە دەریاوانە پورتگالییەکانەوە تا ئەورووپییەکان، هەر هەموویان ئەو ناوچە ئاوییە بە Persian Gulf ناو لێدەبەن. لە سەدەی دووهەمی زایینی، جوگرافیزانی بەناوبانگی یوونان، بەتلەمیوس، لە بەناوبانگترین بەرهەمی خۆی، ناوی ئەو کەنداوەی Sinus Persicus یان هەمان کەنداوی فارس تۆمار کردووە. لە سەدەکانی دواترردا، هەمان ناو لە نەخشە ئیسلامییەکانیشدا پارێزراوە. ئیبن حوقل، مەسعوودی، موقەدەسی و دیکە جەگرافیزانە موسڵمانەکانیش ئەو کەنداوەیان وەکوو دەریای فارس ناو بردووە.
لە سەردەمی ئێستاشدا، تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکان و دیکەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار لەسەر فەرمی بوونی ناوی کەنداوی فارس جەختیان کردووە. دەبیرخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دەیەی 1990 بە فەرمی ڕایگەیاند کە تەنیا ناوی باوەڕ پێکراوی ئەو ناوچەی ئاوییە لە بەڵگە نێودەوڵەتییەکاندا Persian Gulf ە. تەنانەت لە بەڵگە فەرمییەکانی بریتانیا، ئەمریکا و فەڕەنسا لە سەدەکانی نۆزدە و بیستیش، هیچ ناوێک جگە لە Persian Gulf نابینرێت.
هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەو ناوە، نەک لە دڵی مێژوو بەڵکوو لە دڵی سیاسەت و دوژمنایەتی نوێیەوە دێت. هەندێک وڵاتی عەرەبی پەراوێزی کەنداو کە بوونی سیاسیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیست، ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن بە پارە و لۆبی، مێژوو بنووسنەوە. بەڵام مێژوو، بیری بەهێزتر لە ئەوەیە کە بە دۆلارە نەوتییەکان بسڕدرێتەوە.
قسەکانی دۆناڵد ترامپ و سیاسەتوانانی دیکە، لەوانەیە بۆ چەند خولەک ببێتە مانشێتی هەوالەکان بەڵام لە درێژخایەندا، هەمبەر ڕاستییە مێژووییەکان کەمڕەنگ دەبێتەوە. هیچ سەرۆک کۆمارێک، هیچ پاشا و هیچ مێدیایەک ناتوانێت هەمەبر ڕاستییەک کە هەزاران ساڵ تەمەنی هەیە بوەستێتەوە. ئێمە گەلێک نین کە لە بەرانبەر لادانەکاندا بێدەنگ بین. ئێمە خەڵکێکین کە هەموو ساڵیک لە ڕۆژی نەتەوەیی کەنداوی فارس، واتا 10 ی گوڵان، پاسەوانی دەکەین لە ئەو ڕەچەڵەکە. ئەو ڕۆژە، وەبیرهێنەرەوەی سەرکەوتنەکانی ئێران لە بەرانبەر پورتگالییەکان لە ساڵی 1622 و دەرکردنی بیانییەکان لە کەنارە باشوورییەکانی وڵاتە؛ بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە کەنداوی فارس، هەمیشە فارس بووە و دەمێنێتەوە. ئەگەر ناوی کەنداوی فارس لە ئێمەە بگرنەوە، وەکوو ئەوە وایە کە بەشێک لە ڕۆحمانیان گرتووەتەوە و ئێمەش خەڵکێک نین کە بێ ڕۆح بژین.
شەپۆلەکانی کەنداوی فارس، هێشتا بە زمانی فارسی قسە دەکەن، لە بێدەنگی شەوانی باشوور، سروە لە ناوی فارسەوە تێدەپەڕێت و دێتە سەر زاری دەریاوە: من کەنداوی فارسم، نە زیاتر و نە کەمتر. ئێمە میرات گرەکانی ئەو ناوە گەورە تا دوا هەناسەکان پاسەوانیی دەکەین.

کەنداوی فارس، نەک هەر ناوچەیەکی ئاوییە، بەڵکوو بەشێک لە شوناسی ئێرانە. ناوێک کە لە مێژوودا، وەکوو نیگارکێشییەک لەسەر بەرد، هەر ماوەتەوە.
News ID 54963
Your Comment