بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ریسپانسیبێل سپەیسکرافت، مەت برۆمفیڵد کارناسی پرسی کوردەکانی سووریا لە یاددشتێکدا ڕوانییە دۆخی ئەمجارەی کوردەکان لە سووریای پاش ڕووخانی ئەسەد و کشانەوەی پەیتایی هێزەکانی ئەمریکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تا ئاستی بەر لە دیسامبێری 2024، واتە نزیکەی 1000 کەسی و نووسی: ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و دەوڵەتی نوێی دیمەشق بە ناوبژیگەریی ئەمریکا، مزگێنیدەری ئاوێتەبوونی ئەو هێزانە لە ئەرتەش و پێکهاتەی دەوڵەتی نوێی سووریا دەدا و هاوکات ئۆتۆنۆمییەکی سنوورداری بۆ کوردەکان بەدواوەیە و پێدەچێ بگاتە ئەنجامی ئاشتییەکی سەقامگیر لەو وڵاتەدا.
ئەم شرۆڤەکارە بە ئاوڕدانەوە لە پڕۆسەی ئاشتیی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا و هاوکات دیدار و گفتوگۆکانی نێوان ڕێبەرانی کوردی سووریا و هەرێمی کوردستان، دەشڵێ: گردبوونەوەی ئەم هۆکارانە، دەرفەتێکی بێهاوتا دەخەملێنێ بۆوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرپرسایەتی خۆی ڕادەستی کوردەکانی سووریا بکات و لە ڕێگەی پاڵپشتیی سیاسی لە چارەسەریی ئاشتەوایانەی شەڕی 14 ساڵەی سووریا، وردە وردە خۆی ئامادەی کشانەوەی یەکجاری لەو وڵاتە بکات.
ئەو لە درێژەدا ئاماژە بە لێدوانی فەرماندەی پێشووی سێنتکام سەبارەت بە ئارەزووی ترامپ بۆ کشانەوەی لە سووریا و دەرئەنجامەکانی کشانەوەی پێشتری هێزەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی یەکەمی دۆناڵد ترامپ لە 2019 و دوابەدوای هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا و هەڵوەشانەوەی بەپەلەی بڕیاری کشانەوە، کرد و ڕایگەیاند: ئەو ڕووداوە نەگریسە، ئەمریکای زیاتر لە جاران بەرەوڕووی پاشهاتەکانی کشانەوە لە سووریا و ناوچە شەڕ لێدراوەکان کرد، چونکە دەتوانێ ئاژاوەیەکی وەک کشانەوەی بایدن لە ئەفغانستانی بەدواوە بێت.
برۆمفیڵد بە ورووژاندنی پرسیار لە چۆنیەتی کشانەوەی دووبارەی ئەمریکا بەبێ وێنای خیانەت بە کوردەکان، لای وایە کە گۆڕانکارییە چاوەرواننەکراوەکانی سووریا، هەلێکی لەبارە بۆ گەیشتنی ترامپ بەو ئارەزووە دێرینەی و دەڵێ: پێدەچی ئاژاوە بەربڵاوەکانی ڕووخانی ئەسەد، بووبێتە هۆی دوورەپەرێزیی ترامپ لە بڕیاری بەپەلە، چونکە دەزانی، کشانەوەی بەپەلە لەو هەلومەرجەدا نامومکینە. هەر بۆیە ترامپ لە یەکەم هەنگاوی ژیرانەیدا بووجەی یارمەتی بە شەڕ لە سووریای لە ژانڤیەی 2025دا وەستاند و لە بری ئەو گۆژمەی تایبەتی بە سووریای تەرخان دا و بەمکارە یارمەتیی کوردەکانی ئەو وڵاتەی دا کە بتوان بەردەوامبن لە ئیدارەی خۆسەر و پاراستنی ئۆردووگا و شوێنی ڕاگرتنی زیاتر لە 25 هەزار زیندانی داعشی.
کارناسی پرسی کوردەکانی سووریا سەبارەت بە دۆزی هێزەکانی هەسەدە وەک گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە سووریا، لە دۆخە ئێستادا و پێویستیی ئەو هێزانە بە ئەمریکا، ئاماژە بە لێدوانێکی ڕۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەپەژە دەکات و دەنووسێ: عەفرین لەم دواییە و لە دیدارێکی تایبەتیدا پێی وتم کە "ئەگەر داعش کۆنتڕۆڵ بکرێ و گەڕەنتییەک لەبارەی پەلاماردانەوەی تورکیا بە ئێمە بدرێت، چیتر پێویستمان بە پاڵپشتی بیانی نابێت و چیتر دەتوانین خۆمان بڕیار بدەین".
هەر بۆیە نووسەری یادداشتەکە بە پشتبەستن بە پێگەی لاوازی ئێستای داعش و دابەزینی هەڕەشەکانی و پڕ چەکبوونی هێزەکانی هەسەدە، لای وایە کە ئێستا کاتی کشانەوەی دروستی ئەمریکا لە سووریا ڕەخساوە، بەو مەرجەی کە ئەمریکا یەکەمایەتی بە زیندانیانی داعشی بدات و بەردەوام بێت لە چاودێریی ئاسمانی و هاوبەشکردنی زانیارییەکانی لەگەڵ هەسەدە و هەروەها گوشارخستنە سەر هاوپەیمانانی لە پێناو گەڕاندنەوەی زیندانییەکان بۆ وڵاتی خۆیان یان لە ئەستۆگرتنی پشکێکی زیاتری ماڵی لە پێناو زیندانیکرانی هاووڵاتیانیان لای هەسەدە؛ وەک داوکارییەکەی ئەمدواییەی ڕاوێژکاری دژە تیرۆریزمی ترامپ لە بەریتانیا.
برۆمفیڵد بوونی بنکە ستراتژییەکانی ڕووسیا لە سووریا بە دووەمین هۆکاری گرنگی مانەوەی ئەمریکا لە سووریا دەزانێت و لە زمانی حسێن کۆچەر لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی خۆسەری کوردی، دەڵێ: "ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سووریایە، نەک لە بەر کورد یان سوورییەکانی تر"؛ هۆکارێک کە دوای ڕووخانی ئەسەد و تێوەگلانی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراین، چیتر ئەو بڕشتەی جارانی نەماوە.
ئەوی دەمێنێتەوە "تورکیا"یە و نووسەری ئەم یادداشتە لە زمانی جۆزێف وێتل، فەرماندەی پێشووی سێنتکام، جەخت لە زەروورەتی درێژەی هەوڵە دیپلۆماتیکەکان لە نێوان هەسەدە، تەحریرولشام و تورکیا دەکات کە بۆتە هۆی وەستانی هێرشەکانی تورکیا لە دژی کوردەکانی سووریا؛ هەوڵێک کە پێویستی بە مانەوەی سەربازیی ئەمریکا نییە.
لە کۆتاییدا نووسەر دەڕوانێتە هەڵوێستی دیمەشق و دوورەپەرێزیی لە شەڕ لەگەڵ کوردەکان و دەستبڵاوی ئەمریکا لە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە لە دووروە و لە ڕێگەی گوشارگەلێکی وەک مەرجی کەمکردنەوەی گەماڕۆکان لە بری درێژەی خۆسەری و ئاسایشی کوردەکان، هاوکاتی پێشنیاریی تورکیا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەگەڵ عێراق، ئۆردۆن و دیمەشق لە دژی داعش و دەشڵێ: بەمجۆرە ئەمریکا دەتوانێ لە هەڵەکانی کشانەوەی نامرادی لە 2019 تێپەڕێت و بۆ کشانەوەیەکی پراتیگی و واقیعبینانە لە سووریا پلان دابڕێژێت.
Your Comment