بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, عەبدولستار مەجید ئەندامی شاندی کۆمەڵ و سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردهوه: ئێوارەی سێشەممە عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و شاندی هاوڕێی سەردانی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد.
لەو دیدارڵدا ئەمیری کۆمەڵی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاند: "هیوادارین خوای گەورە سەرکەوتوت بکات بەجۆرێک خزمەتی گەلانی عێراق بکەیت بەبێ جیاوازیی".
عهلی باپیر وتیشی: "ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامیی خوازیاری پەیوەندییەکی زۆر باشی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵین و بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی بە ئێمە بکرێت ئامادەین وەک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێی بکەین" .
ئهمیری کۆمهڵ هەروەها ئاماژەی بە خراپی دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند "فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئێستا دۆخیان زۆر خراپە، نە موچەکانیان بە تەواوی پێدەدرێت نە لە کاتی خۆشیدا وەریدەگرن، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئەو پارەیەی بۆ موچە دەینێرن بە زوویی ڕەوانەی بکەن بەجۆرێک هیچ بارودۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەبێتە هۆی دواکەوتن یان ڕاگرتنی" .
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان، شاندی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان باسیان لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانیان کرد کە بڕەکەی ٥٧٦ ملیار دینارە .
عەبدولستار مەجید له نوسینهکهیدا دهڵێت: داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئەو پارەیە بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، لایخۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەربڕی و لەسەر داوای عەبدولستار مەجیدیش ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشوازی لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بکات .
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد: "عێراق بە دۆخێکی خراپی داراییدا تێدەپەڕێت کە دەرەنجامی کەڵەکەبووی گەندەڵیی ساڵانی ڕابردووە و ئێمە بەرپرسین لە چاککردن و هەنگاوەکانیشمان بەو ئاڕاستەیەدا دەست پێکردووە و هەوڵیش دەدەین هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازیی سەیر بکەین" .
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقیش، عەلی باپیر داوایکرد کە یاساکە بەجۆرێک بێت کە دادپەروەریی زۆری تێدا بێت و نەتەوەیەکگرتووەکانیش سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پرۆسەکە بکات.
بۆچوونی ئێوە