ناوەڕۆکی دیداری ئایەتوڵا سیستانی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان

نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبونەوەی سیستانی و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق بڵاوکردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر,نووسینگەی ئایەتوڵڵا  عەلی سیستانی لە بەیاننامەکەدا باسی لەوەکردوە، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ساڵی داهاتو بەڕێوەبچێت گرنگی زۆری هەیە و پێویست دەکات سەرجەم رێنمایی و رێکارەکان بۆ بەڕێوەچونی پیشەیانەی پرۆسەکە بگیرێنەبەر

جەختیش کراوە که پێویستە هەڵبژاردنەکان بەیاسایەکی دادپەروەرانە کە دوربێت لە بەرژەوەندی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و بەهەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە هەڵبژاردنی پێشوەخت بریتییە لە راستکردنەوەی ئەو دۆخەی ئێستا وڵات پیایدا تێدەپەڕێت، کە پاشماوەی قەیرانە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکانی چەند ساڵی رابردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێدانی دەرفەتە بە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و دور لەفشار نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، نوێنەرانێک کە شایستە بن و کار بۆ چارەسەری کێشەکان بکەن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەکردنی ئەو پێشمەرجانە وادەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و هەڕەشە لەسەر داهاتوی وڵات و رۆڵەکانی دروست دەکات.

پەیوەست بە هەنگاوەکانی حکومەتیش مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق باسی لەوەکردوە، حکومەتی عێراق بەهەمو توانای خۆیەوە بەردەوام بێت لە بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کۆنتڕۆڵی خاڵە سنورییەکان، باشترکردنی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان، سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، هەروەها رێگە نەدات بە دابەشکردنی وڵات و حکومڕانیکردنی ناوچەکان لەلایەن گروپی چەکداری جیاواز و بەناوی جیاواز لەدەرەوەی یاسا.

ئەوەش هاتوە، حکومەت هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی گەورە دەستپێبکات دور لە تۆڵەسەندنەوە، ئەوەش بە ئاماجی بەسزاگەیاندنی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی مافی گەل، هەروەها حکومەت لێکۆڵینەوە لە گروپە تاوانکارییەکان بکات کە خەڵکی بێ تاوان دەکوژن و روبەڕوی یاسایان بکاتەوە.

سیستانی لەبارەی پاراستنی سەروەری عێراق ئەوەی خستوەتەڕو، پاراستنی سەروەری عێراق و رێگرتن لەدەستوەردانی دەرەکی ئەرکی هەموانە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گەلانی عێراقە، ئەو بابەتە نابێت تێکەڵ بکرێت بە بەرژەوەندی کەسی، حیزبی و ناوچەییەوە و پێویستە هەموان لە ئاست بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن لە پاراستنی سەروەری عێراق، سەربەخۆیی و پاراستنی سەربەخۆی بڕیاری سیاسی و نیشتیمانییان.

News Code 34043

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 7 + 4 =