دژبەرانی ئێران و تورکیا مافی ئەوەیان نییە خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بێنن

ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان وتی: هەرێم چەند جار گفتوگۆی لە گەڵ حزبە دژبەرەکانی ئێران و تورکیا کردووە کە خاکی ئێمە نەکەنە بنکەی شەڕ.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە مەلایی: لەم دواییانەدا تورکیا ئۆپراسیۆنێکی نوێ لە باکووری عێراق لە ژێرناوی چڕنووکی پڵەنگ دژی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکرد. لەو ئۆپراسیۆنەدا سوپای تورکیا بە هێزی زەوینی و بوردومانی ئاسمانی هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگای پەکەکە لە بناری قەندیل و هەندێ ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان .

تا ئێستا بە هۆی ئەو بوردومانانەوە زیاتر لە 100 گوندی کوردنشین چۆڵ کراوە و چەندین بنەماڵە ئاوارە و ژمارەیەک لە خەڵکی سڤیل کوژراون و بریندار بوونە.

هاوکات لە گەڵ ئەم هێرشانەی تورکیا،  کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەستی دایە مانۆڕێک بە ناوی شەهیدانی کوردی موسڵمان و لەو مانۆڕەدا تۆپ بارانی هەندێ ناوچەی هاوبەشی سنووری لە گەڵ هەڕیمی کوردستانی کرد بە ئامانجی پێکانی بنکە و بارەگای هەندێ حزبی دژبەری خۆی لەو سنوورە.

بۆ زانیاری زیاتر لە سەروردەکارییەکانی ئەو هێرشانە و شڕۆڤەی چەند پرسیارێکی دیکە هاوپەیوەند بە دۆخی ئەمنی و سەربازی هەرێمی کوردستان، هەواڵنێری مێهر، پەیوەندی بە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگی هەرێمی کوردستانەوە گرت.

دەقی دیمانەکەی ئاژانسی هەواڵی مێهر و فەریق جەبار یاوە لە خوارەوە هاتووە:

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە چ ساڵێکەوە دەستیپێکردووە ؟ ئایا ژمارەی ئەو پەلاماردانانە دەزانرێت؟

مەسەلەی شەڕ و بوردومان و هاتنەناوەی تورکیا بۆ خاکی عێراق دەیان ساڵە کە ڕوو دەدات، یانێ لە زەمانی پێش ساڵی 1991 یشەوە. چونکوو هەموان دەزانین کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوای ساڵی 1984ەوە بنکە و بارەگای لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری عێراق و تورکیا تا دەگاتە ناوچەکانی قەندیل و سێ سووچی سنووری ئەو ناوچانە، دانا. لەو ساڵانەدا ڕێککەوتنێک هەبووە لە نێوان تورکیا  و دەوڵەتی ئەو سەردەمەی عێراق، کە تورکیا  دەیتوانی بێتە ناو قووڵایی  15  کیلۆمەتری خاکی عێراق بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

بەڵام لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستاش ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە،ئەگەر ئێمە سەیر کەین نزیکەی 37 ساڵە ئەم کێشە بەردەوامە، یانێ بڵێن پەلاماردان، هێرش کردن، هاتنەناوە، بوردومان و....بەڵام بەم هەمووشەوە نە پەکەکە و نە تورکیا هیچ کام نەگەیشتوونەتە ئامانجی خۆیان.

ئێمە لە ساڵی 2007ەوە بە دواوداچوون دەکەین بۆ بوردومان و تۆپباران کردنەکان و بە جی پی ئێس کردنی ئەو ناوچانەی کە تۆپ باران دەکرێت و زیانەکانیش، ئێمە لە ڕێگای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەیدەین بە وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدڕالی عێراق بۆ ئاگاداری و بەدواداچوون. چوونکە لە ڕووی دەستوورییەوە حکوومەتی فیدڕالی عێراق دەتوانێ بەدواداچوون بکات بۆ ئەم کێشانە، پاراستنی سنوورەکانی هەموو عێراق بە هی هەرێمی کوردستانیشەوە ئەرکێکی سیادی دەوڵەتی فیدڕالی عێراقە. لە 2007ەوە هەزاران جار پەلاماری سنووری هەرێم دراوە و تەنیا لە شەش مانگی سەرەتایی 2020 دا تورکیا زیاتر لە 135 جار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئێرانیش 2 جار.

تورکیا بە بیانووی شەڕ لە گەڵ پەکەکە ، بەردەوام سنووری عێراق دەبەزێنێت و خەڵک ئاوارە دەکات و ئاسایشی سنوورەکان تێکدەدات، بە ڕای ئێوە دەبێ چ ڕێگایەک بگیردرێتە بەر کە ئەم پەلاماردانە کۆتایی بێت؟

بە ڕای ئێمە حکوومەتی فیدڕالی عێراق بە هاوکاری هەرێمی کوردستان گفتگۆیەکی جیدی لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا  وکۆماری ئیسلامی بکەن بۆ چوونیەتی چارەسەرکردنی گرفتی ئاسایشی سنوورلە نێوان وڵاتی عێراق و تورکیا و ئێران.

چونکوو دەبێ ئەم سنوورانە لە رووی ئەمنیەوە پارێزراو بێت، هەڕەشە نەبێت بۆ سەر یەکتری ، واتا نە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە هەڕەشە بێت بۆ سەر عێراق و هەرێم و نە لە لایەن عێراقەوە هەڕەشە بێت بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. بەڵام دەبێ ڕێککەوتنێک هەبێ لە سەر چۆنیەتی چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ نەک بە لەشکەر کێشی و شەڕ و شۆڕ. جگە لەوەش دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە جدی لە گەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دژبەری وڵاتی تورکیا و ئێران گفتوگۆ بکەن و لە گەڵیان ڕێککەون کە خاکی هەرێمی کوردستان نابێت بەکاربهێنرێت و ببێتە بنکە بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ عێراق. چونکوو ئەوە نە لە گەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئەگونجێت و هەم ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش تێک ئەدات. هەرێمی کوردستان ناتوانێ ببێتە بەشێک لەم کێشانە. پێمان باشە هەر دوولا بە گفتوگۆ پرسەکە چارەسەر بکەن نەوەکوو هەر دوو لایەنەکە پەنا ببەن بۆ چەک و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبچێت.

هەڵوێستی بەغدا لە سەر هێرشەکانی تورکیا

بۆچی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە شێوەیەکی جدیتر کاردانەوەی یەکلایی بەرانبەر بە پەلاماردانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە نابێت، ئەوەتە دەبینین هاوشێوەی سووریا، ئەردۆغان خەریکە هێزی کۆماندۆ لە باکووری عێراق دادەبەزێنێت و بەردەوام فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا دەسووڕێنێتەوە؟

ئەوە بە ڕای من دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی ناسەقامگیری حوکمرانی و سیاسی عێراق. ئەوەندە کێشەی ناوخۆیی گەورە لە عێراقدا هەیە بە تایبەتی ئێستا کە قەیرانی ئابووری، قەیرانی نەخۆشی کۆرۆنا و کێشەی نێوان کۆتلە سیاسییە کانی عێراق وای کردووە کە دەوڵەتی ناوەندی نەپەرژێتە سەر ئەم کێشە دەرەکیانە. تا ئێستا هیچ دامودەزگایەکی باڵای فەرمی عێراق چ سیاسی و چ ئەمنی و حکومی  کاردانەوەی جدی بە ئەم بابەتانەی پێشێل کردنی سەروەری عێراق نەبووە و تەنیا پەنای بردووە بۆ دەرکردنی بەیاننامە.

تۆپبارانەکانی ئێران

با بینە سەر بابەتی تۆپ باران کردنی بنکە و بارەگای حزبە دژبەرەکانی ئێران لە سنوور ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا چ کارێکی کردووە بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە و نەهێشتنی نیگەرانی ئەمنی ئێران لە پەلاماری حزبە دژبەرەکانی ؟

دیارە تورکیا و ئێرانیش بە بیانووی مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی حزبە دژبەرەکانیان بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان کە جار جار کردەی چەکداری ئەنجام دەدەن، دەست بۆ ئەو بوردومان و تۆپ بارانە دەبەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار لە گەڵ ئەو لایەنانە گفتوگۆی کردووە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت بۆ پەلاماردانی خاکی وڵاتانی دراوسێ.چونکوو ئەوە لە گەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی سنووری وڵاتان ناگونجێت. دووەهەم ئەبێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی ئارامی سنوورەکان بە تایبەت ئەوەی کە ئێمە ل گەڵ تورکیا و ئێران چەندەها دەروازەی فەرمی و نافەرمیمان هەیە کە دەتوانین بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی و ئەو مامەڵە و کارە ئابووریانەی کە هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە و داهاتی زۆری هەیە، بەکاریان بێنین.

جگە لەوەش هەرێمی کوردستان پەیوەندی دیپلۆماسی، سیاسی و هاوسنووریمان هەیە لە گەڵ ئەو دوو وڵاتە و دەبێ ڕچاوی بکەین. ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە هاووڵاتیانی سڤیل لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وڵاتی تورکیا و ئێران دەبێ بە ئاسوودەیی بژین و لە گوندەکانیان ژیان بەڕێوەبەرن و کاری کشت و کاڵ و باخداری و ئاژەڵ داری خۆیان بکەن.

جەخت دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە گەڵ تورکیا و ئێران هەلومەرجی سنوورەکانی سەقامگیر بێت لە رووی ئەمنیەوە و هیچ هەڕەشەیەک لە خاکی ئێمەوە لەوان نەکرێت و بە پێچەوانەشەوە. هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی بەکار هێناوە لە گەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد دژی تورکیا و ئێرانیش گفتوگۆ بکات و پێیان وتراوە کە ئێمە لایەنگریئ شەڕ نین و ئەم کێشانەش بە چەک چارەسەر ناکرێت و ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویداین و دەبێ پەنا بۆ ڕێگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ ببەین نەک ڕێگای چەک.

دۆخی پێشمەرگە دوای 16 ئۆکتۆبەر

ئێستا پرسیارم لە سەر بوونی پێشمەرگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان هەیە کە ناو بەناو داعش هێرشیان تێدا دەکات ، پێشمەرگە ئێستا لەو ناوچانە ماوە یان نا؟

هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە لە ناوچە جێ ناکۆکەکان نییە. زۆربەی ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و بە داخەوە ئەو هێزانە ناتوانن ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزن.

بوونی داعش لەو ناوچانە بە چ شێوەیەکە؟ بەرفراوانە یان تەنیا شانە نوستووەکان؟  مەترسی سەرهەڵدانەوەیەکی بەهێزیان لێ دەکرێت؟

بە تەجروبە دەرکەوت و دەشبینین کە ساڵ بە ساڵ کردەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە جێ ناکۆکییەکان زیاتر دەبێت. تەنانەت لە هەندێ ناوچەی وەکوو حەمرین و باشوور و ڕۆژاوای کەرکووک و قەرەچووخ و هەنێ شوێنی دیکەش  بنکە و بارەگای ئاشکرا و فەرمیان هەیە. و ئەوەش تەنیا نەتوانینی هێزەکانی عێراق نیشان دەدات لە پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ئەو ناوچانە و هەماهەنگی نەکردنیان لە گەڵ هێزەکانی پێشمەرگە. هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە دوو کۆبوونەوەی ساڵی 2018 و ساڵی 2019 ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە هەماهەنگ و هاوبەش بێت لە گەڵ هێزەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایش لە هەر پێنج پارێزگای دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و هەولێر و مووسڵ بەڵام هێشتا حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق ڕەزامەند نەبووە بەم کارە و ڕێگە نادات پێشمەرگە بەشدار بێت لە گەڵ هێزی فیدراڵی. ئەوەش بڵێم کە بە ڕاستی داعش هەتا ئێستاش مەترسیەکی گەورەیە لە سەر جیهان بە گشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتتر لە میسرەوە تا دەگاتە سووریا و لیبیا و ئەفغانستان و ئێرانیش. داعش لەناو نەچووە و تەنیا لەباری کردەی سەربازیەوە لاواز بووە. بەڵام لە ڕووی کاری فیکری و سوشیاڵ میدیاوە ڕۆڵ و کاریگەریی لە سەر لایەنگرانی هێشتا هەر بە قوەتە.

بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

دوای ڕووداوی عین الاسد و هێرشەکەی ئێران، هەندێ دەنگۆ بڵاو بووەوە کە ئەگەر ئەمریکا لە عێراق دەربکرێت بە تایبەت دوای پەسەند کراوەکەی پەرلەمانی عێراق کە لەمبارەوە بوو ، ئەمریکا بنکە و بارەگای سەربازی خۆی دەباتە هەرێمی کوردستان و لە نزیکی هەولێر دەبێت، ئەم دەنگۆیانە ڕاستن؟

بۆ زانیاری هەموو لایەک رایدەگەیێنم کە هەر بنکەیەکی سەربازی وڵاتانی هاوپەیمانی عێراق کە بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بێ ئێزنی بەغدا مومکین نییە و دەبێت دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە فەرمی رەزامەند بێت. چونکوو هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی هەرێمی بە پێی دەستووری عێراق ناتوانێ هێچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی و بەرگری لە گەڵ هیچ وڵات و حکوومەتێکی دیکە بکات. چونکوو ئەم بابەتە سیادیە و بە پێی مادەی 109 و 110ی دەستووری دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق ڕێککەوتنی سەربازی و ئەمنی و پاراستنی سنوورەکان و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات لە ئەستۆی دەوڵەتی بەغدایە.

ئێستاش هەر بنکەیەکی هاوپەیمانان کە لە خاکی هەرێمی کوردستان دایە بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئەو وڵاتانە لە گەڵ بەغدایە و ئەو قسانە کە هەیە لە سەر گواستنەوەی بنکە و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوەند و خوارووی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا دەنگۆ و لێکدانەوەی بێ بنەمای ڕاگەیاندنەکانە و هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەوە نەبووە و جەختیش دەکەینەوە کە هەر بنکەیەک کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە داهاتووشدا دەبێ بە ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بێت.

News Code 33066

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha