بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر لە شارپرێس، ئەمشەو ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و کاسبکار و دووکاندارانی قەزای دەربەندیخان لەبەردەم قایمقامییەتی شارەکە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆو پارێزگای سلێمانی و یەکەی ئیدارەی شارەکە بۆ راگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتووچۆ راگەیاند.
هەر ئەمشەو لە شاری رانییە ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و کاسبکاران گردبوونەوەو نیگەرانی خۆیان لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ راگەیاند.
هاووڵاتیان و کاسبکاران رایدەگەیەنن کە دۆخی دارایییان خراپەو ناتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوەو دەڵێن:" حکومەت کە مووچە نادات و هیچ هاوکارییەکی خەڵک ناکات ئەوا نابێت رێگەش لە کارو کاسبی هاووڵاتیان بگرێت".
هەروەها ئەو هاوڵاتیانە باس لەوەش دەکەن بەشێکیان نەخۆشییان هەیە لە ماڵەوەو پێویستیان بە دەرمان و چارەسەرە کە بەبێ پارە ناتوانن چارەسەر بکرێن و بەشێکیشیان دەڵێن، کرێچین و کرێی مانگەیان دەست ناکەوێت، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەن بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ هەڵوەشێنێتەوە.
شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەی لەسەرجەم پارێزگاو یەکە ئیداری و شارو شارۆچکەکان بۆ ماوەی شەش رۆژ راگەیاند.
بۆچوونی ئێوە