بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە رۆژنامەی یەنی یاشام، داستێنی کۆماری تورکیا لە پاریزگای قارس بە ئامادەکردنی سکاڵانامەیەکی ٣٠٠ لاپەڕەیی لە دژی مەحموود ئالیناک، نووسەر و سیاسەتوانی و پەرلەمانتاری ناسراوەی کورد بۆ ناوچەکانی قارس و شەڕناخ لە خولی ١٨ و ١٩ی پەرلەمانی تورکیا کە ماوەیەک لەوە پێش بۆ دەیەمین جار لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر و ڕاپێچی زیندان درابوو، داوای زیندانی هەتایی بۆ کرد.
بە گوێرەی ئەو هەواڵە، لە دۆسیەی دادستێنی قارس کە ئاراستەی لقی ٢ی دادگەی سزای ئەو ناوچەیە کراوە، تۆمەتی "ڕێخۆشکردن بۆ داگیرکردنی تەواو و یان بەشێک لە خاکی وڵات لە لایەن بیانییەکانەوە"، "تێکدانی سەروەری و تەواوەتی سەرزەوینی" و "لاوازکردنی سەربەخۆیی وڵات" خراوەتە پاڵ ئەو نووسەرە کوردە.
لەو سکاڵانامەیە، بە کارهێنانی وشەی "کوردستان" لە لایەن ئالیناکەوە بۆ ناوچە کوردییەکانی تورکیا، بە تاوان لێکدراوەتەوە.
Your Comment