ئەوانەی تۆمەت لە دیتران دەدەن، دەبێ بەڵگە ئاراستە بکەن/ بەرپرسانی ئێرانی حەزیان لە سەفەری ئەمریکا نییە

سەرۆک کۆماری ئێران لە پرێس کۆنفڕانسێک لە ئەمریکادا ڕایگەیاند: هەموو جیهان دەزانن کە هێزی ئاسایش و سوپای یەمەن خاوەن مووشەکگەلی مەودا بڕن و ئەوانن کە هێرشیان کردووە و کەسانێک کە تۆمەت لە دیتران دەدەن، دەبێ بەڵگە ئاراستە بکەن.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، حوجەتولئیسلام حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی ڕابردوو بە کاتی نیۆیۆرک لە پرێس کۆنفڕانسێک بە بەشداریی نوێنەرانی میدیاگەلی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پلانەکانی سەفەری بۆ ئەمریکا وتی: ئەوساڵ پلانی زۆر چڕمان بوو و زۆربەی باس و دیدار و گفتوگۆکان لەبارەی پرسەکانی بەرجام و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنگەلی ناڤۆکی، سەقامگیری و هەستیاری و زەروورەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و کۆتایی شەڕی خوێنینی بێ ئەنجامی یەمەن بوو.

سەرۆک کۆمار وتیشی: لە ٧٤ئەمین دانیشتنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی پلانی ئاشتی هورمۆز کرا و ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە بوونی گفتوگۆی سازێنەر لە نێوان وڵاتانی ناوچە، لێکگەیشتن و هاوکارییان بۆ ئاسایش و کۆتایی شەڕی یەمەن دەتوانێ ئاسایشی ناوچە دەستەبەر بکات.

ڕۆحانی لە درێژەدا ڕوانییە هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودی و ڕایگەیاند: ئەوڕۆ شەڕێکی خوێنین و بێ ئەنجام و هەڵە لە دژی یەمەن و خەڵکی یەمەن بەڕێوەیە و ئەوان ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن و هەموو جیهان دەزانن کە هێزەکان و سوپای یەمەن خاوەن مووشەکگەلی درێژ مەودا و فرۆکەی بێ فرۆکەوانن و تا ئێستا چەندین جار هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەگەلێک لە خاکی عەرەبستان و ئیمارات.

ڕاشیگەیاند: ئەوانی تۆمەت لە دیتران دەدەن، دەبێ بەڵگە ئاراستە بکەن؛ ئەگەر کەسێک پاگەندەی ئەوە دەکا کە هێرشەکان نەک لە باشوورەوە، بەڵکوو لە باکوور یان رۆژهەڵات یان رۆژئاواوە بووە، با بەڵگەیەک بۆ ئیدعاکەی بێنێتەوە.

سەرۆک کۆمار داوای لە ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کرد کە لە بری پێدانی چەک بە عەرەبستان و ئیمارات بۆ کۆمەڵکوژیی خەڵکی یەمەن، کۆتایی بەو شەڕە بێنن و جەختی کرد: خەڵک و سوپای یەمەن چەند رۆژ لەوە پێش ئامادەیی خۆیان بۆ ئاگربڕی تەواو ڕاگەیاند، بەو مەرجەی عەرەبستان و ئیماراتیش هێرشەکانیان بوەستێنن، بەڵام بە داخەوە هێشتاش شایەدی هێرشی فرۆکەگەلی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی یەمەنین.

ڕۆحانی لە بەشێکی دیکە لێدوانەکانیدا ڕوانییە بابەتی پرسیاری نوێنەرانی کۆنگریس لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و وتی: ئەوەی کە لە ناوخۆی ئەمریکادا چ ڕوو دەدات، بۆ ئێمە گرینگ نییە. چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی ئەمریکایە و خود خەڵک و کۆنگریسی ئەمریکا دەبێ لەوبارەیەوە بڕیار بدەن. بەڵام لە ئەنجامی ئەو بڕیارە چ بەڕێز ترامپ هەڵبژێردرێت و چ کەسێکی دیکە، چ کۆماریخواز بێت و چ دیموکرات، گرینگ ئەوەیە کە سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا و ناوچە و ئاشتی و بە سوودی هەمووان بێت.

ناوبراو لەبارەی بڕیاری ترامپ بۆ قەدەغەی چوونی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران و بنەماڵەکانیان بۆ ئەمریکا و داسەپاندنی تەنگەژەی دەرنەکرانی ڤیزای بەشداری لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بیری هێنایەوە: پێموا دەرکرانی وەها بڕیارێک دەگەڕێتەوە بۆ دەستەوەستانیی دەوڵەتی ئەمریکا، دەنا بەرپرسانی ئێرانی هیچ حەزیان لە سەفەر بۆ ئەمریکا نییە و ئەم سەفەرەش لە پێناو بەشداری لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەمریکا بۆی نییە هاتوچۆی بەرپرسگەلی وڵاتان بۆ ئەو ڕێکخراوە بەرتەسک بکات، چونکە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوويکان وەک یانەی هەموو دەوڵەتان و گەلانی جیهان و یانەی ئاشتی و پەیوەندییان پێکەوەیە و ئەمریکا ناتوانێ کەڵک‌ئاوەژوویی لە میوانداریی بکات.

سەرۆک کۆمار جەختیشی کرد: ئەوەی کە شوێنی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بگۆڕدرێت، بڕیارێکی گرینگە و ئێمە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین. واباشە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکاوە بۆ شوێنێکی هێمن‌تر و باشتر و وڵاتێکی دڵ‌کراوەتر بگوازرێتەوە.

ڕۆحانی سەبارەت بە مەرجەکانی ئێران بۆ دانوستان لە گەڵ ئەمریکا و لەوان هەڵوەشانەوەی تێکرای گەمارۆکان و گەڕانەوە بۆ سەر بەرجام ڕوونی کردەوە: ئەمریکا بە قورستر کردنی گەمارۆکان و گوشاری لانی‌زۆری دەیەوێ ئێران بهێنێتە سەر میزی دانوستان، بەڵام ئێمە دەڵێین ئەو مەرجە، مەرجێکی هەڵەیە و دەبێ پێشمەرج و گەمارۆکان هەڵوەشێنەوە و سیاسەتی گوشاری لانی‌زۆری کۆتایی پێ بێت.

زیادیشی کرد: ئەمریکا دەبێ سیاسەتی دانوستان و سیاسەتی لوژیک و سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و جیهانە بگرێتە بەر و لە هەلومەرجێکدا کە ئەو پێشمەرجە هەڵەیانە لابران، ئەوکات ئیمکانی دانوستان لە گەڵ ئەمریکا دەڕەخسێت.

ناوبراو هەروەها لەبارەی سیاسەت و هەڵوێستی ئەورووپا و وڵاتانی ۱+۴ ڕایگەیاند: وڵاتانی ئەورووپی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانیاندا بەڵێنییان پێ داین کە بەرجام بەردەوام دەبێ و کشانەوەی ئەمریکا قەرەبوو دەکەنەوە و ئێمە بەو پێیەی کە حەزمان نەدەکرد ئەو ڕێککەوتنە زیان ببینێت و بۆ مانەوەی بەش بە حاڵی خۆمان یارمەتیان بدەین، ویستی ئەوانمان قبووڵ کرد.

سەرۆک کۆمار ڕاشیگەیاند: بەڵام بە داخەوە ئەورووپا بە کردەوە دەستەوەستانی و بێ ئیرادەیی خۆی لەو بوارەدا سەلماند و وادیارە نایەوێ هیچ تێچوویەک لە ئەستۆ بگرێت؛ دەڵێ دەمەوێ لە ڕێککەوتنێکدا بمێنمەوە کە هەموو تێچووەکانی لە ئەستۆی ئێران بێت و ئەوە مومکین نییە.

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەش دا: ئێران بە دوای چەکی ناڤۆکییەوە نییە و چالاکییە ناڤۆکییەکانی ئێمە هەموو لە ژێر چاوەدێریی ئاژانسە و تەنیا ویستی ئێمە پێڕەوکردنی هەمەلایەنەی بەرجامە و وەک لە برگەکانی ٢٦ و ٣٦دا هاتووە، ئێمە دەتوانین لە ئەگەری ناپابەندیی لایەنەکانی دیکە، بڕیاری کەمکردنەوەی بەڵێنەکانمان بدەین.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیار لە ئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ۆ ڕەخساندنی هەلی دیداری سەرۆک کۆمارانی ئێران و ئەمریکا، بیری هێنایەوە: بەڕیز ماکرۆن چەندین مانگە هەوڵ دەدا رێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە و پێکەوە دوو رێگە چارەی ئەورووپی و ئەمریکی دەبەینە پێش. لە رێگەچارەی ئەورووپیدا ڕێککەوتنگەلێک مسۆگەر بووە و چووە قۆناغی پراتیگەوە، بەڵام ئەوان وتیان کە دەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکاش بۆ رێگەچارەی ئەورووپی وەرگرین.

ڕوونیشی کردەوە: سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بەردەوام پێوشوێنی ئەو هێڵە بووە کە واباشە کێشەی ئێران و ئەمریکا چارەسەر بێت و ئێمەش هەمیشە هەر ئەو قسەیەمان کردووە و ئەوڕۆش جەختمان لەوە کرد کە ئەمریکا دەبێ پێشمەرجەکانی هەڵگرێت و ئەوکات ڕێ خۆش دەبێت بۆ هەلومەرجی نوێ و بیر لێ کردنەوەی.

سەرۆک کۆمار لە بەشێکی دیکەی ئەو پرێس کۆنفڕانسەدا لە وەڵامی پرسیار لە کاریگەریی ئازاد کردنی زیندانییە ئەمریکییەکان لە ئێران و هەنگاوی بەرامبەر لە لایەن ئەمریکاوە لە سەر کەمکردنەوەی ناکۆکی و تەنگەژەکانی نێوان دوو وڵات، وتی: وەک دەزانن لە ڕابردوودا چەندین جار لەوبارەیە لە گەڵ بەرپرسانی ئەمریکی گفتوگۆ و دانوستانمان کردووە و هەنگاوی باشیش هەڵگیراوە. بەڵام ئەمریکییەکان پابەندی بەڵینە بەرامبەرەکەیان نەبوون و تەنیا دەستخۆشیان لێ کردووین و زیندانییەکانی ئێمەیان ئازاد نەکردووە. ئێستاش ئامادەییمان بۆ ئەو کارە هەیە، بەڵام تۆپ لە مەیدانی ئەمریکایە.

ڕۆحانی هەروەها لە وەڵامی پرسیار لە ڕا و بۆچوونی ئێران لەبارەی پێشنیاری ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە باکووری سووریا لە پێناو چارەسەریی قەیرانی ئەو وڵاتە، وتیشی: ئەو بابەتە لە دانیشتنەکانی ئەنقەرەدا لە لایەن سێ سەرۆکی کۆماری ئێران، ڕووسیا و تورکیاوە باس و دانوستانی لە سەر کرا؛ یەکێک لە پرسەکانی ئێمە ئاسایشی باکووری سووریا بووە و ئەەوە مافی دەوڵەتی تورکیایە کە سنوورەکانی لە ئاسایشدا بن. بەڵام لە لایەکی دیکەوە بۆ ئێمە گرینگە کە تەواوەتی سەرزەوینی سووریا بپارێزرێت.

ناوبراو هەروەها جەختی لەوە کرد: باشترین رێگەچارە ئەوەیە کە ئەمریکییەکان لە سووریا بچێتە دەرێ، چونکە هەندێک لە کێشەکانی باکووری سووریا بە هۆی ئەمریکاوەیە؛ ئەگەر ئەوان لە سووریا بچنە دەرێ و ئەدلەب لە تیرۆریستان پاک بکرێتەوە و سوپای سووریا بتوانێ لە سنوورەکانی تورکیادا جێگر بێت و سوپای تورکیا بگەڕێتەوە ناو خاکی وڵاتەکەی خۆی و ئیدارەی سنوورە باکوورییەکان بدرێتەوە دەستی دیمەشق، ئاسایش و سەقامگیریی سووریا دەستەبەر دەبێت و ترسەکانی تورکیاش دەڕەوێتەوە.

News Code 28532

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 6 + 10 =