بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ماڵپەڕی هەواڵی "میدل ئیست ئای" ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتێکی نهێنی لە ناوەندی سیاسەتدانەریی ئیمارات سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئەبووزەبی دەست کەوتووە کە تێیدا هاتووە: ڕیاز پاش کوشتنی جەماڵ خاشقجی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودی، پلانێکی ستراتژیی گرتۆتە بەر بۆ خستنی دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و کەمکردنەوەی پێگەی ناوچەیی ئەو وڵاتە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەردۆغان لە لێدوان و داپەڕەکانی خۆی بە تایبەت لە دوای دۆسیەی خاشقجی زێدەڕۆیی کردووە و بۆتە هۆی دابەزینی پێگەی عەرەبستان و چوونە ژێر پرسیاری کەسایەتی محەمەد بێن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە و ئێستا کە ئەردۆغان لە سیاسی و نێودەوڵەتی کردنەوەی ئەو دۆسیەدا شکستی هێناوە، کاتی وەڵامدانەوە گەیشتووە.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئامانج لەو پلانە ستراتژیکە بە کار هێنانی تەواو کەرەسەگەلی مومکین بۆ خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتی ئەردۆغان و لاوازکردنیەتی. هەروەها عەرەبستان بەو پلانە هەوڵی سەرقاڵ کردنی دەوڵەتی ئەردۆغان بە قەیرانە ناوخۆییەکان دەدات و دەیەوێ بەو کارە دەوڵەت تووشی هەڵە بکات هەتا ئۆپۆزیسیۆن بتوانێ بیڕووخێنێت.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژە بە پێشگریی ڕیاز لە چوونی ٨٠ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری تورکیا بە باری کۆتاڵ و مادەی کیمیایی لە رێگەی بەندەری زیا بۆ ناو عەرەبستان وەک یەکەمین دەرکەوتەکانی ئەو پلانە، باس لەوەش دەکات کە ئامانجی دواتری ڕیاز کەمکردنەوەی پێگەی ناوچەیی ئەردۆغان و تورکیا لە رێگەی کردنە ئامانجی ئابووریی ئەو وڵاتە و ئاستەنگ خستنە بەردم سەرمایەدانەریی لە ناوچە و پێشگری لە گەشتیاریی سعوودی بۆ تورکیایە.
هەروەها بە وتەی میدل ئیست ئای یەکێکی دیکە لە دەرکەوتەکانی ئەو پلانەی عەرەبستان لە دژی تورکیا و دەوڵەتی ئەردۆغان بانگهێشت نەکرانی ئەردۆغان لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە مەککەیە.
هەڵبەت لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دەوڵەتی تورکیا ئاگاداری ئەو هەڵویستانەی بێن سەلمان لە دژی وڵاتەکەیەتی و بەرپرسێکی تورکیا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەیەوە بەو میدیا بریتانییەی ڕاگەیاندووە کە هەنگاوەکانی عەرەبستان لە دژی دەوڵەتی تورکیا تا ڕادەیەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پاڵپشتکراوەکانی عەرەبستان و میدیاکانی سعوودییەوە ئاشکرایە و بۆ داخستنی یەکجاریی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تورکیا هەوڵ دەدەن.
بۆچوونی ئێوە