بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد جەواد زەریف ئەوڕۆ (چوارشەممە) لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئاماژە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری ئیمانۆێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە ئێران و دیداری لە گەڵ ئەو، وتی: هێشتا پێکەوە دیدارامان نەکردووە، بەڵام هەڵوێستی ئێمە تەواو ڕوون و ئاشکرایە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی بەرجام دەجووڵیتەوە.
زەریف وتیشی: کێشە خود ئەورووپییەکانن کە ئامادە نین بۆ ئاسایشی خۆیان هەوڵێک بدەن و کێشەی سەرەکیان ئەمریکایە کە لە بەرجام کشاوەتەوە. ئەوان دەبێ بێن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
ناوبراو جەختی کرد: دانوستان لە ژێر گوشاردا مومکین نییە. ئەوان دەبێ گوشارەکان، شەڕ و تیرۆریزمی ئابووری لە دژی گەلی ئێران بوەستێنن و پاشان سەبارەت بە بەرجام گفتوگۆ دەکەین.
وەزیری دەرەوە سەبارەت بە دانیشتنی ئەنجومەنی سەرۆکان لە سەر ویستی ئەمریکا ڕوونی کردەوە: سەیرە وڵاتێک کە بەرجامی پێشێل کردووە، بۆ پێشێل کرانی بەرجام داوای کۆبوونەوە دەکات؛ ئەنجومەنی سەرۆکان هیچ ڕەواییەکی لەوبارەیەوە نییە.
بیریشی هێنایەوە: پاش کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام دانیشتنی کۆمیتە بەرجام لە ئاستی جێگر وەزیرانی دەرەوە بەڕێوە چوو و پاش ماوەیەکی کەم لەو دانیشتنە، دانیشتنی کۆمیسیۆنی هاوبەش لە ئاستی وەزیران ١١ بەڵێنی لە ئەورووپییەکان وەرگرت، بەڵام ئەورووپا تا ئێستە هیچکام لە بەڵێنەکانی ڕانەپەڕاندووە و بەڵێنە پێشووەکانیشی پێشێل کردووە.
زەریف لە درێژەدا باسی لە وەستاندنی نەوتکێشی ئێرانی لە لایەن بەریتانیاوە کرد و ڕایگەیاند: ئەو کارە پێشێل کردنی ئاشکرای بەڵینەکانی ئەورووپا و بەرجامە، چونکە ئەو کارە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ سەپاندنی گەمارۆی نەوتی ئێران ئەنجام دراوە و دەرەوەستی بە سووریاوە نییە.
ڕاشیگەیاند: دەستگیر کردنی ئێرانییەکان لە سەر ویستی ئەمریکا لە وڵاتانی دیکە، لە پێناو سەپاندنی گەمارۆکانە و ئەورووپا بە پێڕەوکردنی ئەو ویستەی ئەمریکا، بەرجام پێشێل دەکات.
وەزیری دەرەوە بە ئاماژە بەوەی کە میکانیزمی پەلاپیتکە ناچێتە قۆناغی پراتیکەوە، زیادی کرد: ئێران لە شێوازە قەرەبووکەرەوەکانی ناوخۆیی بەرجام کە هەمان میکانیزمی مادەی ٢٦ـه، کەڵکی وەرگرتووە و ئەو بڕیارەی ئێمە تەواو ڕوون و ئاشکرایە. ئەورووپییەکان وەک کەرەسەیەک لەو میکانیزمە کەڵک دەبەن و بەو هۆیەی دەزانن میکانیزمی پەلاپیتکە جواب ناداتەوە، ڕایانگەیاندووە کە ئەو هەنگاوە بە مانای کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی پەلەپیتکە نییە.
Your Comment