بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، فەریاد شیری لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێری مێهر وتی: لەتیف هەڵمەت نووسینی ئەم ڕۆمانەی ساڵی ٢٠٠٨ تەواو کردووە و دوای چەندجار پێداچوونەوە ساڵی ٢٠١١ بڵاوی کردەوە و ساڵی ٢٠١٣ بە نەختێک گۆڕانکاریەوە بە چاپی دووهەمی سپارد. هەڵمەت دەڵێت ئەمە یەکەم و دواین ڕۆمانی من دەبێت چون هیچ نووسەرێک نییە کە بتوانێت دوو ڕۆمانی باش بنووسێت و منیش لەمە باشتر ناتوانم بنووسم.
شیری درێژەی دا: نووسەر لەم ڕۆمانەدا جۆرەیەک لە گێڕانەوەی بە ئاگای هەیە و ئەگەرچی شێخ مەحموود لە هەموو ڕۆمانەکەدا بوونی هەیە، بەڵام کتێبەکە پڕە لە چیرۆکی جندۆکە و پەرییەکان کە بەشێکی گرنگ لە فلکلۆری کورد لەم چیرۆکە وردانە پێکهاتووە. نووسەر زۆربەی چیرۆکەکان لە نیوەدا جێدەهێڵێت و بەم جۆرە هەوڵی داوە تاکوو ڕۆمانێکی چەند چینی پێشکەش بە خوێنەر بکات.
شیری ئاماژە دەکات: هەڵمەت هەوڵ دەدات خوێنەر لە نووسینی ڕۆمانەکەیدا بەشدار بکات، بەڵام لە میانەی ڕۆمانەکە، گێڕانەوەی ڕۆمانەکە بە ڕاوییەکی نادیار دەسپێردرێت کە وردە چیرۆکی زۆر بە چیرۆکە سەرەکییەکە زیاد دەکات و زۆربەشیان چیرۆکی جن و پەرییە کوردییەکانن. نووسەر لەم کتێبەدا کە خۆشی گۆمانی هەیە بتوانێت ناوی ڕۆمانی لێبنێت فەوزایەکی پاڕادۆکسیکاڵی خوڵقاندووە بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی کۆمیک هەوڵ دەدات تاکوو ئەو چینە شاراوانەی فرهەنگی کوردی بگێڕێەوە.
شیری لە کۆتاییدا جەختی کرد: هەڵمەت خۆی لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا وەها دەنووسێت؛ ئەم کتێبە هەوڵێکی فراوانە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو کتێبە زەرد و ساکارانەی کە بەناو ڕۆمان لە ئێستادا بووەتە مۆدە و خەڵکی دەیخوێننەوە، ئەوەی بۆ من گرنگ بووە ئەوەیە کە تا چەند بتوانم شتێکی نوێ پێشکەش بکەم نەک ئەوەی چەند درێژ بنووسم تاکوو لە ژێر ناوی ڕۆماندا بڵاوی بکەمەوە.
تاکوو ئێستە لە لەتیف هەڵمەت چەندین کتێب کراوەتە فارسی و لە لایەن خوێنەری فارسیشەوە بە هەند وەرگیراوە. ئەم ڕۆمانە لە ١١٢ لاپەڕە و بە نرخی ٧ هەزار تمەنی ئێرانی ڕەوانەی بازاڕی کتێبی ئێران کراوە.
فەریاد شیری نووسەر و شاعری لاوی کوردستانی ئێرانە و تاکوو ئێستە چەندین کتێبی شێعر و کورتە چیرۆکی لە چاپ داوە.
Your Comment