حەلبوسی بۆچی سەردانی ئێران دەکات/باڵوێزی دیپلۆماسی بەڕێوەیە

ئەگەرچی بڕیار نییە شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا هەڵبگرسێت بەڵام عێراق وەک چەقی گەردەلوولی ئەم گرژییە لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و لەبارنەچوونی ئارامییە لەرزۆکەکەی ، دوو لایەن هێور بکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی- حەلیمە موڵایی: پاش ئەوەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە بە مەبەستی نێوبژیڤانی و کەم کردنەوەی گرژی نێوان ئێران و ئەمریکا ، بڕیاری داوە ڕۆڵی کارا ببینێت و شاندی سیاسی باڵا بنێرێتە واشنتۆن و تاران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی تاران دەکات.

ساڵی رابردوو کە ترامپ ڕایگەیاند ئەمریکا بە شێوەیەکی تاک لایەنە لە رێککەوتنی ناڤۆکی ئێران و ۱+۵ دەکشێتەوە و ئەو پەیمانە نێودەوڵەتییەی بە شێوەیەکی نایاسایی پێشێل کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گرژی نێوان ئەمریکا و ئێران توندتر بووەتەوە و لەم دواییانەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری دا چەند خاڵ لە پابەندییەکانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی هەڵگرێت و پیتاندنی ئۆرانیۆمی دەستپێکردەوە .

تاران هۆشداریی دایە ئەمریکا و پێنج وڵاتی بەرانبەری لەو ڕێککەوتنە، کە ئەگەر بێتو تا ۶۰ ڕۆژی دیکە گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵنەگیردرێت، ئەوا تاران چەند بڕگەی دیکەش لەو پەیمانە ئیدی جێبەجێ ناکات.

بە جووڵانی کۆپاپۆڕی فڕۆکە هەڵگری ئابراهم لینکۆنی ئەمریکا بەرەو کەنداوای فارس هەڕەشەکان نێوان بەرپرسانی تاران و واشنتۆن زیاتر بووەتەوە و بەردەوام هۆشداریی بە یەکتر دەدەن.

ئەگەرچی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بە ڕاشکاوی ڕادەگەیێنن کە هیچ شەڕێک لە نێوان دوو وڵات دا ڕوونادات و نیازی ئەوەیان نییە هێرش بکەنە سەر یەکتر، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا و هەندێ لۆبی ئیسرائیلی ناو کۆشکی سپی لەوانە جان بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، بە چەواشەکاری و فێڵ بازییەکی تایبەتی ئەمریکایی ڕای گشتی خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی عێراقیان لە شەڕ تۆقاندووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەم دواییانە  رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: دانوستان ژەهرە و شەڕیش نابێت. ئەوان جەختیان لەوە کرد کە دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی بێ بەڵێنی ئەمریکا ناکەن و ئەمریکاییەکانیش ورە و توانای ئەوەیان نییە لەگەڵ ئێران شەڕ بکەن.

دیکەی بەرپرسانی باڵای ئێرانیش لەوانە سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوەی ئێران و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵات بەردەوام جەختیان لەوە کردووە کە ئەگەرچی ئامادەن و توانای سەربازییان بۆ هەر چەشنە بەرەوڕوو بوونەوەیەکی دوژمن هەیە بەڵام دەستپێکەری شەڕ نابن و بە نیازی شەڕ نین.

هاوکات بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکا لەوانە خودی دۆناڵد ترامپیش بە ڕاشکاوی رایگەیاندووە کە من ئەو کەسە نیم لەگەڵ ئێران شەڕ بکەم.

بەڵام بەو هۆیەوە کە ئەمریکا زیاتر لە ۶۰۰۰ هێز و ۸ بنکەی سەربازی فەرمی و ئاشکرای لە وڵاتی عێراق هەیە و سنووری عێراق نزیکترین سنووری زەوینە بە ئێرانەوە کە ئەمریکا تێدا بنکەی بێت، ئەمریکاییەکان ڕێوشوێنی توندی ئەمنیان لە عێراق بۆ پاراستنی هێزە سەربازییەکانیان گرتووەتەبەر و ناوبەناو وریایی بە هاووڵاتیانی ئەمریکایی دەدەن کە سەردانی عێراق و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە، نەکەن. ئەم جموجوڵەش تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری بووە لەسەر ڕای گشتی خەڵکی عێراق و ناوچەکە.

ئەگەرچی بڕیار نییە شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا هەڵبگرسێت بەڵام عێراق وەک چەقی گەردەلوولی ئەم گرژییە لە هەوڵدایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و لەبارنەچوونی ئارامییە لەرزۆکەکەی ئێستای ، دوو لایەن هێور بکاتەوە. و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ عادل عەبدولمەهدی و دەوڵەتی بەغدا کە وەک نیوبژیڤانێکی ناوچەیی و جیهانی خۆی دەربخات و عێراق بە شوێنی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووە گەورەکان بناسێنێت.

لە ئێستا بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانیش هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەر بێتو عێراق بە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە بگلێت، ئەوا خەسارێکی قەرەبوو نەکراوە بۆ ئەم وڵاتە دەبێت و ئیدی هیچ شتێک بە ناوی عێراق بوونی نابێت.  

لەمبارەوە، موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر لە عێراق، هۆشداریی دا کە  ئەگەر عێراق هەڵوێستێكی جدی نەبێت ئەو شەڕە ئەگەر لەنێوان ئێران و ئەمریکا  هەڵگیرسێت، كۆتایی بە عێراق دەهێنێت.

موقتەدا سەدر لە تویتێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی "من لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمریکادا نیم، لایەنگری ئەوەش نیم کە عێراق لەم شەڕەوە تێوەبگلێندرێت، ئەگەر وەک عێراق هەڵوێستێکی یەکگرتوی جددی نیشان نەدەین، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بەعێراق دەهێنێت".

سەدر راشیگەیاندووە،"نە عێڕاق و نە خەڵکەکەی بەرگەی جەنگێکی تر ناگرن، ئێمە پێویستمان بە ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە هەیە، هەرکەسێک هەوڵ بدات عێراق تێوەبگلێنێت لەم جەنگەوە و بیکاتە مەیدانی جەنگ، ئەوا دەبێت بە دوژمنی خەڵکی عێراق".

 پێشتر سەدر بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاندبوو کە نامەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێرانی دراوسێ تێك بچێت و خاكی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر ئێران.

لای خۆشیەوە عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند کە شاندی نێوانگیری رەوانەی هەریەک لە واشنتۆن و تاران دەکەن و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە نێوبژیڤانیەکەیان بێلایەنانە و لەپێناو  جێگیر کردنی ئاشتی و ئاشتەواییە لە ناوچەکەدا .

بۆ ئەم مەبەستەش دەوڵەتی عێراق بڕیاری داوە بە ناردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ تاران، تاکوو هەم نیگەرانی دەوڵەتی عێراق لە گرژی نێوان ئێران و ئەمریکا بە گوێ بەرپرسانی دەوڵەتی تاران بگەیێنێت و هەم هەوڵێک بدات بۆ کەم کردنەوەی تەنگژەکە.

بڕیارە حەلبوسی ئەمڕۆ چوارشەمە یان سبەینێ پێنج شەمە بگاتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دیدار و گفتوگۆ بکات.

هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی عێراقیش هاوپەیوەند بەم پرسە تا ئێستا دووری گرتن بووە و بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئەگەرچی لە ژێر گوشارێکی یەکجار زۆری ئەمریکاداین بۆ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی و دۆستایەتی لەگەڵ ئێران کەم بکەینەوە و پابەندی گەمارۆکان بین بەڵام تائێستا هەولێر ملی بەم کارە نەداوە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دەوڵەتی ناوەندی عێراق دەکات.

لە سەر ئەم بابەتە، نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە مێهری وت: بە ڕاستی گوشارەکان زیاتر بوونەتەوە. ئێستا گوشارەکان دوو لایەنەیە. لە لایەک ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر هەرێم و عێراق بۆ ئەوەی پابەندی سزاکانی سەر ئێران بن و پەیوەندییەکانیان کەم بکەنەوە و لە لایەکەوە هەرێم پەیوەندی ستراتێژیکی لەگەڵ ئێران هەیە و پێویستمان بە یەکترە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ناکرێت پابەندی سزاکان بین و هەرێمی کوردستانیش نایەوێت هیچ کات هاوکار بێت بۆ دژایەتی کردنی هیچ لایەنێک بەتایبەتی ئێران.

وتیشی: عێراق و هەرێمی کوردستان نایانەوێت خۆیان لەو ململانێی وەربدەن. عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە کە بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت بێ لایەن بێت لەم تەنگژەیەدا و خۆی بە دوور بگرێت لە هەموو گرژییەک و دەوڵەتی ناوەندی عێراق هەر بڕیارێک بدات هەرێمی کوردستانیش پابەند دەبێت بەو بڕیارە.  تا ئێستاش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش بە لایەنی ئەمریکیان وتووە کە بەشێک نابن لەو تەنگژە و ڕێگە نادەن خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دژی هیچ دراوسێیەک بەکار بێت.

News Code 26610

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 6 =