بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و شارەوانی مەهاباد، کۆنسیرتی هونەرمەند عەدنان کەریم لە گەڵ ئۆکێسترای فیلارمۆنیکی موکوریان بە رێبەرایەتی "کاوە فەقێ زادە" بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ٢١ تا ٢٣ی خاکەلێوە لە هۆڵی وەحدتی شارەوانی ئەو شارە بەڕێوەچوو، کە بە هۆی پێشوازیی بەربڵاوی خەڵکی و لایەنگرانی هونەری، کۆنسێرتەکە بۆ سانسێکی دیکە درێژ کرایەوە.
لە پەراوێزی ئەو کۆنسێرتەدا، شارەداری و شۆڕای ئیسلامی و کۆمەڵگای فەرهەنگیی شاری مەهاباد، نازناوی "شارۆمەندی فەخریی مەهاباد"یان بە "عەدنان کەریم" بەخشی و هەروەها پورتێرەی ئەو هونەرمەندە لە کێشانەوەی پەروین تاڵانە، ئاراستەی عەدنان کرا.
له بهشێک له پەیامی شووڕا و شارەداری مەهاباددا هاتووه: "ئەوەی لە سروە باڵسووکتر سنوورەکان دەبڕێ و لە پەپوولە هێمنتر لە سەر پەڕەی دڵان دەنیشێ، هەستی پیرۆزی لە هونەر هەڵکشاوە. بێگومان لەم ناوەدا هونەرمەندانی گەلانی بەشمەینەت ئەرکیان قورستر و پێگەیان هەستیارترە؛ بۆ ئێستا و داهاتووانیش دەبنە پەیامنێری جوانی و باڵوێزی کلتووریی نەتەوەیەک. بەو ڕوانگەیەوە کە هیچ خەڵاتێک نییە ئامپای ڕۆحی گەشی هونەرمەندانی ڕاستەقینە بێت و بەم بۆنەیەوە کە ئەمڕۆ بە زایەڵەی سۆزی دەنگی هەمیشە سەوزتان شاری مەهاباد بەهاری پێدەکەوێ، وێڕای ڕێز و حورمەتی بێبڕانەوەمان، بەوپەڕی شانازییەوە نازناوی شارۆمەندی فەخریتان وەک پێ زانین پێدەبەخشرێ."
شایانی باسە، عەدنان کەریم لە میانەی کۆنێسرتەکەی و لە هەنگاوێکی مرۆڤدۆستانە بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکەی پێشکەشی خەڵکی ناوچەگەلی لافاولێدراوەی وڵات کرد.
Your Comment