بەرپرسانی ئەمریکا فریای خەڵکی خۆیان بکەون

وەزیری دەرەوەی ڕایگەیاند: بەڕێز پەمپێئۆ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا، فریای زیان پێگەیشتووانی ڕووداوە سروشتییەکانی ناوخۆی ئەمریکا بکەون کە چەندین مانگە لە ڕەنج و نەهامەتیدان.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە هەژماری تویتەریی خۆیدا وەڵامی لێدوانە دەستێوەردەرانە و فریودەرانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە لافاوەکەی ئێرانی داوە.

ڕاشیگەیاند: بەڕێزی پەمپێئۆ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا کە بە تیرۆریزمی ئابووریی خۆیان گەلی ئێرانیان کردۆتە ئامانج و تەنانەت تێدەکۆشن پێش بە گەیشتنی یارمەتیگەلی ماڵیی هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات بە حیسابەکانی مانگی سووری ئێران بگرن، واباشە لە بری کەڵک‌ئاوەژۆیی نائاسایی و سیاسەتگەرانە لە زام و ڕەنجی مرۆڤەکان لە ڕووداوگەلی سروشتی، ئاورێک لە لێقەوماوانی ناوخۆی ئەمریکا بدەنەوە کە چەندین مانگە لە دوای ڕووداوە سروشتییەکانی ئەمریکا لە ڕەنج و نەهامەتیدان.

زەریف بیری هێنایەوە: وادیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەڕێوەبەریی لاوازی دوو ساڵی ڕابردووی ئەمریکا بێ ئاگایە کە ئاوەها لێدوانی ناپڕۆفێشناڵ، دەستێوەردەرانە و فریۆدەرانە سەبارەت بە بەڕێوەبەریی لافاوە قورس و بێ هاوتاکەی چەند رۆژی ڕابردوو کە هاوکات ٢٤ پارێزگای ئێرانی تێوەگلاندووە، ئاراستە دەکات. بەڕێزیان لە بیری چۆتەوە کە هەزاران ئەمریکی بە هۆی ڕووداوگەلی سروشتی کوژراون، کارەبای زۆربەی ناوچەکان بۆ چەندین رۆژ و بگرە چەندین حەوتەی بەردەوام داخرا بوو، سەدان هەزار کەس ناچار بوون ماڵی خۆیان بە جێ بێلن و دەوڵەتی فیدراڵ دەستەوەستان بوو لە یارمەتی و پێڕاگەیشتنی پێویست. لە ڕاستیدا خەڵکی پۆرتۆریکۆی ئەمریکا و بەرکەوتووانی لافاوەکانی هارڤی، مایکڵ و فلۆڕانس پاش تێپەڕبوونی چەندین مانگ هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. زیاتر لە یەک دەیەیە شایەدی ناکارامەیی یەکجاریی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەڕێوەبەریی ڕووداوگەلی سروشتی لە دوای لافاوەکەی کاتریناین. واباشە دەسەڵاتدارانی ئەمریکی فریای خەڵکی خۆیان بکەون، کە بە هەزاران کەسیان هێشتاش لە دەستی ئەو بەڵایانەوە دەناڵێنن.

زەریف زیادی کرد: بەڕێزیان لە بیری چۆتەوە لە لایەن ڕژیمێکەوە دەدوێت کە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەمریکا –ئاوەها کە بە گوێرەی سەرژمێریی فەرمی ٤٣ ملیۆنیان لە ژێر هێڵی هەژاری دەژین و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسیشیان بێ ماڵ و حاڵن-ی قوربانیی سەربزێوییە دەرەکییەکانی خۆی کردووە؛ ڕژیمێکی یاسابەزێن کە گیانی هەزاران سەربازی ئەمریکی ڕەوانە و ملیاردەها دۆلار پارەی ماڵیاتدەرانی بۆ قەیراننانەوە و کۆمەڵکوژیی ژنان و منداڵانی بێ تاوان لە هەزاران کیلۆمەتریی سنوورەکانی ئەمریکا تەنیا بۆ پاڵپشتی لە دەستدرێژی و ستەمگەلی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی ناوچەکەی ئێمە خەرج کردووە؛ سەرچاوەگەلێک کە دەیتوانی ببێتە مایەی تۆکمە بوونی ئاسایشی ئابووری و سیاسیی خەڵکی ئەمریکا و رزگاری و پاراستنی ژینگە و بنەبڕکردنی هەژاری لە جیهان.

وەزیری دەرەوە لە کۆتاییدا جەختی کرد: خەڵکی مەزنی ئێران بە یەکگرتوویی و هاودڵی و هەوڵی هاوئاهەنگی گەل، دەوڵەت، هێزی چەکداری و هەموو ناوەندە گشتییەکان، نادەوڵەتی و تایبەتی، بە یارمەتیی خودا بە زوویی نە تەنیا بە سەر سەخڵەتییەکانی ڕووداوگەلی سروشتیی ئەم دواییەدا زاڵ دەبن و بە هەگبەیەکی نمانەیی و ئەزموونێکی دەوڵەمەند بۆ سازدانی داهاتوویەکی باشتر و پێشگری لە دووپاتبوونەوەی کارەساتگەلێک کە زیان بە گیان و دارایی هاووڵاتیانمان دەگەیێنێ، تێدەپەڕین، بەڵکوو گەمارۆ نایاساییەکان و تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکاش تێکدەشکێنین، بەڵام کرداری ئەمرکا بۆ هەمیشە لە یادەوەریی مێژووییمان تۆمار دەکەین.

News Code 25876

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 9 =