هاویشتنی مانگیلەی پەیام پێشێلکەری بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش نییە

"مەهسا ڕووحی" لای وایە کە ویلایەتە یەکگرتووەلانی ئەمریکا تەرکیزی خستۆتە سەر هەر جۆرە چالاکییەکی ئێران کە بتوانێ وەک پاگەندەی پێشێل کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش بە کاری بێنێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – جەواد حەیران نیا: کۆماری ئیسلامی ئێران ١٥ی ژانڤیە بۆ هاویشتن و لە سووڕگەی زەوی دانانی مانگیلەی پەیمان لە رێگەی مووشەکی مانگیلەهەڵگری سیمۆرغ هەوڵی دا. لە هەمان کاتدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاردانەوە بەو هەنگاوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: ئەوی ئێران وەک مانگیلە لە پێناو ئاشتەوایی باسی لێ دەکات لە ڕاستیدا یەکەم هەنگاوەکانی هاویشتنی مووشەکی بالیستیکیی بەژپێوە کە بە پێچەوانەی ڕێککەوتنگەلی نێودەوڵەتی دەیکات.

دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاش حەوتەی ڕابردوو چالاکیگەلی مووشەکیی ئێرانی ئیدانە کرد و وەک پێشێل کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ناوی لێ برد و ڕاشیگەیاند: ئێران سەرچاوەیەکی پەنگراوە بۆ ترس و ئاژاوەنانەوە. ئەوان خەریکن مووشەک و زۆر شتی دیکە تاقی دەکەنەوە و گەیشتوونەتە لێوارەکانی مەترسی. دەبێ ئاگاداری ئێران بین.

ئەوە لە کاتێکدایە کە جینا هاسپێل سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا (سیا) حەوتەی ڕابردوو و لە میانەی دانیشتنی کۆمیتەی هەواڵگریی سێنای ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری سناتۆرێک جەختی کرد: ئێران پابەندی بەرجام بووە و کارێک کە ئێران لە ژێر ناوی هاویشتنی مانگیلە و تاقیکاریی مووشەکی دەیکات، پێشێل کردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نییە.

لەوبارەیەوە هەواڵنێری مێهر وتووێژێکی لە گەڵ دوکتۆر مەهسا ڕووحی توێژەری ناوەندی کاروباری نێودەوڵەتیی بێلفەری زانکۆی هارڤارد و توێژەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی توێژینەوە ستراتژییەکانی ئەمریکا ئامادە کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:

* هەندێک لایان وایە کە تاقیکاریی مووشەکی ئێران، ڕێککەوتننامەی نێودەولەتی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات. بەڵام هەر وەک دەزانن تەنیا ئاماژەی بە مووشەکێک داوە کە دەتوانێ کڵاوەی ناڤۆکی هەڵگرێت. بۆچوونی ئێوە لەمبارەوە چیە؟

ـ تاقیکارییە مووشەکەکییەکانی لەم دواییەی ئێران سەرەڕای ئەوەی وەک هەنگاوێکی دەنەدەرانە ناوی لێ دەبرێت، پێشێل‌کەری ئاشکرای بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە و نییە؛ بڕیارنامەیەک کە داوا لە ئێران دەکات کە ئەو مووشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناڤۆکیان هەیە، تاقی نەکاتەوە.

لە بەرامبەردا بڕیارنامەی ١٩٢٩ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە جێی ئەو دانرا، بە ئاشکرا داوا لە ئێران دەکات کە مووشەکگەلێک بە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی تاقی نەکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو بڕیارنامانە پێناچن کە بە دوای یەکدا هاتبن، جیاوازی لە داڕشتن و وشەکان و بازی زمانیی بڕیارنامەی جێگرکراوەی ١٩٢٩ و بڕیارنامەی ئێستای ٢٢٣١ پێگەیەکی گرینگی بە تابەت لە ڕوانگەی دیپلۆماتیکەوە هەیە.

بە ئاوردانەوە لە پرسەکانی سەرەوە و هەروەها پشت‌ڕاست کرانەوەی پابەندبوونی ئێران بە بەرجام لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پێدەچێت کە ئەمریکا بە دوای دۆزینەوەی نمونەگەلێک بۆ سەلماندنی ناپابەندبوونی ئێران بە ناوەڕۆکی بەرجام و بابەتە هاوپەیوەندەکانی ئاژانس بێت.

لە ڕاستیدا لە دەلاقەیەکی گەورەترەوە، دەوڵەتی ترامپ وەک بەشێک لە سیاسەتی لانی زۆریی گوشارخستنە سەر ئێران خەریکی زەق کردنەوەیەکی بەربڵاوی پلانی مووشەکیی ئێران و سیاسەتگەلی ناوچەیی ئەو وڵاتەیە تا وەک هەڕەشەیەک بینوێنێت کە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆیە. هەروەها ڕەنگە ئەمریکا بە دوای ئەوەیە کە ئێران وەک هەڕەشەیەک بنوێنێت کە لە ئەگەری پەیوەست نەبوونی ئەورووپا لە گەڵ واشنتۆن بۆ داسەپاندنەوەی گەمارۆ ناڤۆکییەکانی پێشوو، ناکرێت بەرەنگاری ببنەوە.

* جیاوازیگەلێکی بەرچاو هەیە لە نێوان هاویشتنی مانگیلە و مووشەکی بالیستیکی، ئەی چۆنە کەسانێکی وەک بنیامین نەتانیاهۆ لە گەڵ هاویشترانی مانگیلەی پەیامی ئەمیر کەبیر، ئێران لەوبارەیەوە بە تاوانبار دەزانێت؟

ـ پرس و ململانێیەکی زۆر لەوبارەیەوە لە ناوخۆی کۆمەڵگای پسپۆڕاندا لە ئارادایە. هەندێک بواری هاوشێوە چ لەباری تەکنۆلۆژیاوە و چ لە باری پسپۆڕییەوە لە نێوان هاویشتنی مانگیلە و هاویشتنی مووشەکی بالیستیکیی بژپێوی هەیە. بەڵام لە بابەتی ئۆپەراسیۆنییەوە ئەو دووە لێک جیاوازن. ئێوە دەتوانن لەوبارەیەوە سەردانی بابەتەکەی مایکڵ ئەلمەن بکەن.

* "ڕابێرت ماڵی" ئەندامی پێشووی تیمی دانوستانکاری ناڤۆکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم دواییە بە یۆرۆنیووزی ڕاگەیاندووە کە ئەورووپا لە پرسی میکانیزمی دارایی لە گەڵ ئێران هاوڕا و یەکگرتوو نین. چونکە هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە بەرامبەر گوشارەکانی ئەمریکادا هەستیارترن. بە ئاوردانەوە لەو بۆچوونە، ئایا ئێوە پێتان وایە کاتێک SPV چالاک بوو، بتوانێ بە زەندەی پێویست کارامە بێت؟

ـ چالاک بوونی SPV یەکەم هەنگاوی گەورەیە. SPV میکانیزمێکە و بۆ رازی کردنی کۆمپانیا و دەوڵەتان بە تایبەت ئەوانەی کە هەستیاریی زیاتریان هەیە بە نیسبەتی گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،  لە پێناو ئەنجام دانی مامەڵەی بازرگانی لە گەڵ ئێران بەس نییە.

بەوەشەوە دەتوانێ ئەنگێزەیەک بێت بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ درێژە بە بازرگانی لە گەڵ ئێران بدەن. جگە لەوە SPV دەرفەتێکی لەبار دەڕەخسێنێت و بۆ ئەوەی ئێران لێی بەهرەمەند بێت، پێویستە لە پێناو پەرەدان بە بازرگانی و سەرمایەدانەری درێژە بدات بە دانوستانگەلی پێشگرانە و بەردەوام لە گەڵ دەوڵەتانی ئەورووپی و کۆمپانیاکان.

بە واتایەکی دیکە لە گۆشەنیگای سیاسییەوە SPV دەسکەوتێکی گەورەیە. بەڵام لە گۆشەنیگای ئابووری و بازرگانییەوە SPV تەنیا کەرەسەیەکە بۆ یارمەتی دان بە ڕێخۆش کردن و هەموار کردنی رێگاکە.

News Code 24860

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 3 + 1 =