دواهەنگاوەکان بۆ دیموکراسی و تەواو بوونی کابینەی نوێی عێراق

پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا رۆژی ڕابردوو (پێنج‌شەممە) دەیەویست شیاوێتی پاشماوەی وەزیرانی کابینەی نوێ لێکداتەوە، کە دوا هەنگاوەکان بۆ تەواوبوونی ڕەوتی دیموکراسی لەو وڵاتەدا هەڵگیراوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – ڕامین حسێن ئابادیان: رۆژی ڕابردوو نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا شیاوێتی پاشماوەی وەیرانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتەیان لێکدایەوە. لە ئێستادا نزیکەی دوو مانگ و نیو لە هەڵبژاردرانی "عادڵ عەبدولمەهدی" بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕاسپاردرانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا لە لایەن ئەوەوە هەوڵی زۆر دراوە بۆ کامڵ‌بوونی ڕەوتی پێکهێنانی کابینە.

عەبدولمەهدی لە کاتی ڕاسپاردرانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق لە لایەن بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، نیشانی دا کە ورەیەکی بەرزی بۆ پەیوەندی لە گەڵ حزبەکان، ڕەوتەکان و کوتلە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هەیە و دەتوانێ کەشی سیاسیی عێراق بە جۆرێک بەڕێوەبەرێت کە ئەو وڵاتە نەبێتە دەڤەرێک بۆ ململانێی بێ ئەنجامی سیاسی. هەر ئەو تایبەتمەندییەی عەبدولمەهدی بۆتە هۆی ئەوەی کە ناوبراو هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی سازێنەری لە گەڵ سەرکردە و رێبەرانی ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا هەبێ.

لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە سازێنەرانە و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیرانی پێشنیاریی خۆی بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە لە پەرلەمانتاران ناساندووە و لە ٢٢ وەزیری دەست نیشان کراوەی عەبدولمەهدی، ١٤ وەزیریان دەنگی متمانەی مسۆگەر کردووە و بڕیارە عەبدولمەهدی ناوی ٨ وەزیری پێشنیاریی دیکەش بۆ پۆستە بە جێ ماوەکان بە پەرلەمان بناسێنێت. لەو ڕەوتەدا دوای دیاری کرانی ئەو ٨ وەزیرە بە دەنگی پەرلەمانتاران، عەبدولمەهدی لە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپاردەوە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی یاسایی عێراق. هەتا وەرزێکی نوێ لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە دەست پێبکات.

دانوستانی حەلبووسی لە گەڵ کوتلە سیاسییەکان

پاش دەنگی متمانەدانی پەرلەمان بە ١٤ وەزیری پێشنیاریی عادڵ عەبدولمەهدی، چەندین دانیشتن بۆ لێکدانەوەی شیاوێتی پاشماوەی وەزیران بەڕێوە چوو کە زۆربەیان بە هۆی وەرنەگرتنی ڕێژەی دەنگی پێویست، هەڵنەبژاردران و تەنانەت دانیشتنی دوو حەوتە ڕابردووی پەرلەمانیش سەبارەت بەو بابەتە بە نیوەچڵی مایەوە.

بە گشت ئەوانەوە، نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێ‌شەممەی ئەم حەوتەیە جارێکی دیکە و بۆ کامڵ‌کردنی ڕەوتی پێکهێنانی کابینە و دیاری کردنی ٨ وەزیری بە جێ ماوە کۆبوونەوە. بەر لە دەسپێکی دانیشتنەکە محەمەد حەلبووسی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لە گەڵ نوێنەرانی ئەندامی کوتلەی چاکسازی (کە لە سائیرون، نەسر، حیکمە و وەتەنییە پێکدێن) بەڕێوە برد هەتا بۆ بەشدار بوون لە دانیشتنی سەرەکی ڕازیان بکات و بەمجۆرە ژمارەی پەرلەمانتارانی بۆ هەڵبژاردنی وەزیران گەیشتە ئاستی پێویست.

جگە لەوە، حەلبووسی کۆبوونەوەیەکی جودای لە گەڵ نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕازی کردنیان لە پێناو بەشداری لە دانیشتنی دەنگدان بە وەزیران بووە و لە دوای دانوستانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ژمارەی پەرلەمانتارانی بەشداربووی ئەو دانیشتنە گەیشتە ٢٦١ کەس و بەوجۆرە لێکدانەوەی شیاوێتی وەزیرە ناسێندراوەکان لە لایەن عەبدولمەهدی خرایە رۆژەڤی پەرلەمانەوە.

لە دانیشتنی رۆژی سێ‌شەممە چ کرا؟

لەو دانیشتنەدا لە نێوان ٨ وەزیری بە جێ ماوە، نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق "نووری ناتق حەمید"یان بە وەزیری پلاندانان، عەبدولئەمیر حەمدانی بە وەزیری ڕۆشنبیری و قوسەی سوهەیل بە وەزیری خوێندنی باڵا هەڵبژارد. هەروەها لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران دەنگی نەرێنیان دا بە سەبا تائی بۆ وەزارەتی پەروەردە و هۆنا عەمانوئل بۆ وەزارەتی کۆچبەری.

پاش ڕەت کرانەوەی شیاوێتی ئەو دوو وەزیرە پێشنیارییەی عادڵ عەبدولمەهدی، بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ ناساندنی کەسانێکی دیکە بۆ پۆستە بە جێ ماوەکانی کابینە، تاقمێک لە نوێنەران دانیشتنەکەیان شکاند. بە گوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەوبارەیە، نوێنەرانی سائیرون، حزب و ڕەوتەکانی سەر بە کوتلەی چاکسازی و هەروەها نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چەند پەرلەمانتاری دیکە لە دانیشتنی ئەو رۆژەی پەرلەمان چوونەتە دەرێ.

پاش ئەو ڕووداوە درێژەی دانیشتنی رۆژی سێ شەممە بۆ پێدانی دەنگی متمانە بە پاشماوەی وەزیرانی کابینە بە هۆی نەگەیشتنی ڕێژەی بەشداربووان بە ئاستی پێویست بە ناتەواوی مایەوە. لیژنەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی حەلبووسی‌ش بڕیاریان تا کە پێداچوونەوە بە شێاوێتی وەزیرانی پێشنیاریی سەرۆک وەزیران بخەنە کاتێکی دیکە و بەمجۆرە رۆژی ڕابردوو (پینج‌شەممە) بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرا.

هەڵگرتنی دواهەنگاوەکان بۆ کامڵکردنی ڕەوتی دیموکراسی

بە پێدانی دەنگی متمانە بە سێ وەزیری بە جێ ماوە لە کابینەی نوێی عێراق، ژمارە وەزیرە دەنگ پێدراوەکان تا رۆژی ڕابردوو گەیشتە ١٧ کەس و دانیشتنە بۆ لێکدانەوەی شیاوێتی ٥ وەزارەتخانە کە بریتین لە وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، داد، پەروەردە و کۆچبەری بەڕێوەچوو و لەمناوە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی زۆرترین تەرکیز و ناکۆکیی لە نێوان کۆتلە جۆراوجۆرە سیاسییەکان بە دواوە بوو.

ئاوەها کە لە دانیشتنی رۆژی ڕابردوو لە نێو شیعەکاندا بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ و لە نێو سوننەش بەربژێری وەزارەتی بەرگری و لای کوردیش وەزارەتی داد کێشەی بەردەم تەواوکردنی ئەو کابینەن بوون و کوتلەی چاکسازی کە لە سائیرون، نەسر، حیکمە و وەتەنییە پێکدێن دوایین پێشنیازیان خستە ڕوو و داوای گۆرینی ھەردوو بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دەکەن. پارتی و یەکێتیش لەسەر وەزارەتی داد ناکۆکن و بەو پێیە ناکۆکی قوڵی نێوان ھەردوو کوتلە گەورەکەی پەرلەمان وایکرد، ھەوڵەکان بۆ دەست نیشان کردنی دوا وەزیرانی عێراق بۆ حەوتەی داھاتوو بھێڵدرێتەوە.

بەوەشەوە کۆتایی ئەو ململانێیە دانیشتن بە دانیشتن نزیکتر دەبێت و هەنگاوەکان بۆ کامڵ‌بوونی ڕەوتی پێکهێنانی کابینەی عێراق شلگێرانەتر هەڵدەگیرێن و لە دانیشتنەکانی داهاتوودا شایەدی بە ئەنجام گەیشتنی ئەو هەنگاوە لە عێراقدا دەبین و بەوجۆرە عەبدولمەهدی بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی لە یەکێک لە گەورەترین و دژوارترین ئەزموونەکانی بواری سیاسی تێدەپەڕێت.

شکستی باڵی دەرەکی لە دەستێوەردانی سیاسەتی ناوخۆیی عێراق

بابەتێک کە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە بواری سیاسەتی عێراقدا جێی سەرنجە، شکستی باڵی دەرەکی لە دەستێوەردان و کاریگەری دانان لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی عێراقە. ئەگەرچی هەندێک لە گرووپ، ڕەوت و کوتلە سیاسییەکان لە عێراق ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە لە سەر بەربژێرە ناسێندراوەکان بۆ کابینەی نوێ لە لایەن عەبدولمەهدییەوە، بەڵام هیچکام لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ڕێخۆشکەر نەبووە بۆ بەرزبوونەوەی پێگەی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە عێراقدا و کاریگەریی لە سەر ڕەوتی سیاسیی ئەو وڵاتە.

کەواتە ئەوی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوو دەدات بە جۆرێک کامڵ‌کردنی پڕۆسەی دیموکراسییە؛ پڕۆسەیەک کە لە رۆژی ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵی هەتاویدا دەستی پێکرد و تێیدا خەڵکی بە دەنگ دانیان لە پای سندووقەکانی دەنگدان، چارەنووسی ٤ ساڵەی خۆیان بە بێ چوونە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتە بیانییەکان دیاری کرد و ئێستاش ئەو پڕۆسەیە بە گڕوتینەوە پێوشوێن دەگیرێت.

دیارە عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی هەڵبژاردەی عێراق جێی متمانەی تەواو حزب و ڕەوتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەیە و کەسایەتی سیاسیی ئەو بە جۆرێکە کە کەس ناتوانێ ڕەخنە لە پێگە و توانستی لەو وڵاتەدا وەک سەرۆک وەزیران بگرێت و ڕی بۆ دەستێوەردانی بیانی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا خۆش بکات.

News Code 23777

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 1 =