بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە ڕۆیتێرز، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەڕای بڕیارنامەگەلی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە دووپاتە کردنەوەی پاگەندە بێ بنەماکانی واشنتن لە دژی ئێران، تارانی بە درێژەدان بە فرۆشی چەکی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناڤین تۆمەتبار کرد.
هەر لەو پێناوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە داوای لە هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە کرد کە بە داسەپاندنی گوشاری ئابووری لە دژی ئێران یارمەتیی ئەمریکا بدەن.
پەپمێئۆ بەر لە دیداری خۆی لە گەڵ فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی و ئاسایشی یەکێتی ئەورووپا لە برۆکسێل، لە پەیامێکی تویتەریدا نووسی: ئێمە دەبێ تەواو رێگەکانی دابین کردنی دارایی ئێران کە بۆ دابین کردنی بوودجەی تیرۆریزم و شەڕی بە وەکالەت کەڵکی لێ وەردەگیردرێت، بەڕووی ئەو ڕژیمە داخەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیداری موگرینی سەبارەت بە کێشە و ئاستەنگە هاوبەشەکانی بەردەم ئەمریکا و ئەورووپا گفتوگۆیان کرد و هەر دوولا وێرای ئاماژە بە دۆخی نالەباری مرۆیی و ئەمنیی سووریا، جەختیان لە درێژەی چاکسازییەکان لە ئۆکراین و گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەش لە پێناو دەستەبەرکردنی ڕەوتی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور کردەوە.
هەروەها ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا و ئەورووپا لەو دیدارە ڕوانیانە نیگەرانییە هاوبەشەکانی واشنتۆن – برۆکسێل سەبارەت بە هێڵی بۆریی "نۆرد ستریم ٢" و پێویستیی پەرەدان بە سەرچاوەگەلی دابین کردنی وزەی ئەورووپا.
Your Comment