گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌ حكوومه‌تی هەرێم كشانه‌وه‌

دوای‌ چەند ڕۆژێك لەكۆبونەوە و گفتوگۆكردن بۆ تاوتوێكردنی‌ بارودۆخەكە، بزووتنەوەی‌ گۆڕان و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بڕیاری‌ كشانەوەیان لە كابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم ڕاگەیاند.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێرانەوە لە تۆڕی هەواڵی سلێمانی (SNN)، ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰ی دیسامبێر، هاوکات لە گەڵ تەشەنەسەندنی قەیرانە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان،  بزووتنەوەی‌ گۆڕان و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بڕیاری‌ كشانەوەیان لە كابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکان بزووتنەوەی گۆڕان وێرای بڕیاری کشانەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری داوە کە ڕێكکەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، هەڵپەسێرێت و دەست هەڵگری پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر یووسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندبوو کە دەست لە کار کێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلمانی کوردستان بۆ پشت‌ڕاست کرانەوە ئاراستەی رێبەرایەتیی حزبەکەی کردووە.

هاوکات ئاسۆ مەحموود باژێروانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی سەبارەت بە پلانی داهاتوی گۆڕان بۆ كاركردن، ئاشكرای كرد: گۆڕان دوو جۆر فشاری هەیە، فشاری سیاسی و مەدەنی، هیوادارین دەسەڵات ناچارمان نەكات فشاری مەدەنی بگرینەبەر.

ناوبراو وتیشی: لە داهاتوودا بەرەیەكی نوێ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ڕادەگەیێنین و پێشتریش لە دەرگای لایەنەكانمان داوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ناو ئەو بەرەیەوە بۆ دروستكردنی حكوومەتی ڕزگاری نیشتمانی، بۆیە ئێمە بیر لە نەخشەڕێگەیەكی نوێ دەكەینەوە.

لە لایەکی دیکەوە عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە میدیاكانی بزووتنەوەكەی ڕاگەیاندووە: لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە بەهەڵپەساردنی ڕێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و گۆڕان، ئەمەش بەو مانایە نایەت كە پەیوەندییەكانمان بپچڕێنین، بەڵكوو دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی هەڵپەسێردرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی بڕیاری حزبەکەی بۆ کشانەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: بەهەماهەنگی لەگەڵ گۆڕان بڕیارمان دا لە حكوومەتی هەرێم بكشێینەوە و وەزیرەكانیشمان دەكشێنەوە.

لە بەرامبەردا، ڕاوێژکاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێرای ئیدانەکردنی ئەم هەنگاوەی گۆڕان و کۆمەڵ، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو دوو حزبە تاوەكوو لە تەواوی ئیمتیازاتەكانی حكوومەت سومەندنەبوون، بڕیاری كشانەوەیان نەدا و كشانەوەیان هەوڵێكی دیكەی خۆڵكردنەوە چاوی لایەنگرانیان و خەڵكی كوردستانە.

دڵشاد شەهاب جەختی لەوەش کرد: ئەوان بە ئیرادەی خۆیان بەشداریان لەم حكوومەتەدا كردووە و هەر بە ئیرادەی خۆشیان بڕیاری كشانەوەیان داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە کە بۆچی هەتاوەكوو تەمەنی حكوومەت تەواو نەبوو و وەزیرەكانیان بە سەرۆكی پەرلەمانەوە لە هەموو ئیمتیازاتەكانی حكوومەت سودمەند نەبوون، بڕیاری كشانەوەیان نەدا.

ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت بە ئاماژە بە کاریگەریی نەرێنیی ئەو بڕیارەی گۆڕان و کۆمەڵ ڕاشیگەیاند: حكوومەت كارەكانی خۆی بە بەرپرسیارێتی هاوبەشەوە دیاریكردووە، بەڵام ئەگەر بەدەنگەوە هاتنێک بۆ پەیامەكەی حكوومەت لەبارەی هەڵبژاردنەوە هەبێت، ئەو كاریگەرییانە كەمتر دەبنەوە.

News Code 15409

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 2 + 9 =