ئاژانسی مێهر، به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی - جه‌واد حه‌یران نیا: دوناڵد ترامپ له میانه‌ی قسه‌کانی دوێنێ خۆی هێرشی تووندی کرده سه‌ر ئێران و دواجار ڕایگه‌یاند که به‌رجام بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر ڕه‌وانه‌ی کۆنگرێسی ئه‌مریکا ده‌کات تاکوو کۆنگرێسمانه‌کان بڕیاری له سه‌ر بده‌ن. ئه‌و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی کرد گه‌ماڕۆی زیاتر ده‌خاته سه‌ر سوپای پاسدارانی ئێران.
هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ئاژانسی مێهر گفتوگۆیه‌کی له‌گه‌ڵ نادر ئینتسار، سه‌رۆکی کالجی زانسته سیاسییه‌کانی زانکۆی ئالابامای ئه‌مریکا ئه‌نجام داوه که پێشکه‌ش ده‌کرێت:
* ترامپ له میانه‌ی قسه‌کانی خۆی به‌رجامی هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه به‌ڵام حه‌واڵه‌ی کۆنگرێسی ئه‌مریکای کرد، ئێوه ڕاتان چییه؟
ترامپ هه‌ر له کاتی به‌ربژار کردنی خۆی بۆ سه‌رۆک کۆماری دژی به‌رجام قسه‌ی کردووه به زه‌ره‌ری ئه‌مریکای ناوبردووه و ئه‌و قسانه‌شی شتێکی نوێ نه‌بوو.
* ئه‌گه‌ر کۆنگرێس گه‌ماڕۆکان بسه‌پێنێته‌وه یانێ به کرده‌وه به‌رجام پێشێل بووه. به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ی خسته ئه‌ستۆی کۆنگرێس ئایا کۆنگرێس کاری وه‌ها ده‌کات؟
ئه‌وه‌ی ترامپ کردی زه‌بردان له کۆنگرێسی ئه‌مریکا و ناوه‌ندی یاسایی ئه‌مریکا بووه که به‌رپرسه له ئاست به‌رجام، به‌ڵام بڕوانین که زۆربه‌ی گه‌ماڕۆکان له دژی ئێران له لایه‌ن کۆنگرێسی ئه‌مریکاوه سه‌پاوه، من له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌م که کۆنگرێسی ئه‌مریکا گه‌ماڕۆکان دووباره ده‌سه‌پێنێته‌وه. گه‌ماڕۆکان ڕه‌نگه وه‌ها نه‌بێت که نیشان بدات به‌رجامیان پێشێل کردووه به‌ڵام به کرده‌وه ئه‌و گه‌ماڕۆیانه به هه‌ر بیانۆیه‌ک بێت به‌رجام ده‌کاته وه‌ره‌قه‌یه‌کی بێ مانا. به مانایه‌کی دیکه، به‌رجام وه‌ک نه‌خۆشێکی لێدێت که جه‌ڵته‌ی مێشک لێیدابێت و له حاڵه‌تی بێهۆشیدا بێت و به هێزی ئامێری پزشکی ته‌نیا هه‌ناسه بدات.
* له ئه‌ورووپاش ده‌نگی یه‌ک ده‌ست نابیسترێت سه‌باره‌ت به به‌رجام. ئێمانۆئل ماکرۆن، سه‌رۆک کۆماری فه‌ره‌نسا ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا ڕایگه‌یاند که ده‌بێت چه‌ند بڕگه‌یه‌ک به به‌رجام زیاد بکرێت و بابه‌تی مووشه‌کی و مافی مرۆڤ له ئێران له به‌رجامدا ڕچاو بکرێت. ئه‌مه‌ش هه‌مانه که ترامپ ده‌ڵێت. ئایا ئه‌ورووپا دواجار ده‌چێته‌وه پشتی ئه‌مریکا؟
به‌ڵێ به‌داخه‌وه وایه، پێگه‌ی ئه‌ورووپا له به‌رجام لاواز بووه و ڕێبه‌رانی ئه‌ورووپا له هه‌ر دوو جه‌مسه‌ره‌وه قسه ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئێران له به‌رجامدا بمێنێته‌وه و پێبه‌ند بێت به یاساکانی. له حاڵێکدا ئه‌وانی دیکه به‌رده‌وام بن له پێشێل کردنی به‌رجام. ئه‌ورووپا ده‌یه‌وێت که‌یکی خۆی له ئێران هه‌بێت و ئه‌مه بخوات، واتا ده‌ست به پشکی خۆی له به‌رجامدا بگرێت، ئه‌مه‌ش گه‌مه‌یه‌کی مه‌ترسیداره که ئه‌ورووپا ئه‌نجامی ده‌دات.
* محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند که به‌رجام یان ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان پێبه‌ندی بن یان هیچکه‌س. به‌م پێیه کاردانه‌وه‌ی ئێران به کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له به‌رجام چی ده‌بێت؟
بێجگه له زه‌ریف چه‌ند به‌رپرسێکی دیکه‌ی ئێران له میانه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو ڕایانگه‌یاند که ئێران پلانی هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان و تاران باشترین هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت به پێی هه‌نگاوی ئه‌مریکا و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌رجام. من نازانم هه‌نگاوه‌کانی ئێران چین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌ی زه‌ریفم که مانه‌وه‌ی به‌رجام به‌نده به مانه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی به‌رجامه‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌ک لایه‌نی ئه‌م ڕێککه‌وتنه پێبه‌ند نه‌بێت به به‌ڵێنه‌کانی، به‌رجام ده‌بێت به ته‌واوی له بیر بکرێت.
Your Comment