بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: ئێران دیپلۆماسی و دانوستان بە ڕێگای سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەزانێت، بەڵام دیپلۆماسی بەبێ نیازپاکی و بەبێ ڕێزگرتن لە بەڵێنەکان و بەبێ خۆبواردن لە پەنابردن بۆ هێز ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام دروست بکات.
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دەوڵەتانی وڵاتانی ئەندام، چاودێران و هاوبەشانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای (شەنگهای پڵەس)، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مەسعوود پزشکیان، جەختی لە پێشهاتە بەردەوامەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و پێویستی پێکهێنانی جیهانێکی فرە جەمسەری لەسەر بنەمای فرەلایەنی و یەکسانی سەروەریی دەوڵەتان و سەروەریی یاسا کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە زیادبوونی خواستی وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ ڕۆڵگێڕان لە بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا، ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕینی هاوسەنگی هێز نابێت ببێتە هۆی گۆڕینی ناوەندێکی دەسەڵات بە ناوەندێکی دیکە و گواستنەوەی هەژموون.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە ئەرکی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشگرتن لە شەڕ و چارەسەرکردنی ناکۆکی بە شێوەیەکی ئاشتیانە، جەختی لە سەر پێویستی باشترکردنی ئەدای ئەم ڕێکخراوە و ئەنجومەنی ئاسایش لە بەرامبەر پێشهاتە جیهانییەکاندا کردەوە.
پزشکیان بە ئاماژەدان بە دەستدرێژی سەربازی، جینۆساید، تاوانی جەنگ، تیرۆر و سزای نایاسایی، ئەدای نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی لە کاردانەوە بە پێشهاتەکانی غەززە و لوبنان و دەستدرێژیەکانی ئەم دواییەی دژی ئێران بە "زۆر نائومێدکەر" وەسفی کرد.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە ئێران و کردنە ئامانجی ناوەندە مەدەنییەکان و ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە ناڤۆکیییە ئاشتیانەکان، ئەم کردارانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێونەتەوەیی زانی و جەختی کرد کە درێژەی ڕەوتی زایۆنی دەتوانێ متمانەی وڵاتان بە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان و ڕێبازی دیپلۆماسی تێک بدات.
لەهەمان کاتدا، پزشکیان دیپلۆماسی و دانوستانی بە ڕێگای سەرەکی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان زانی، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی نیازپاکی و ڕێزگرتن لە بەڵێنەکان و دوورکەوتنەوە لە پەنابردن بۆ هێز بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی کردەوە.
Your Comment