بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئاژانس فرانس پرێس، لە ڕاپۆرتێکدا کە تیشک دەخاتە سەر چارەنووسی ئەو بنەماڵانەی کە ساڵانێکە بێ ئاگان لە گیانلەدەستدانی ئەندامەکانیان لە ڕیزەکانی پەکەکە، یەکێک لە لایەنە کەمتر بینراوەکانی پرۆسەی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەی خستۆتە ڕوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوای دەرکردنی یاسای تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان بە کۆمەڵگە، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی لیستی ئەندامانی کوژراوی پەکەکە؛ هەنگاوێک کە بۆ ژمارەیەک خێزانی کورد، دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی و نەزانی، یەکەمین پشتڕاستکردنەوەی فەرمی گیانلەدەستدانی منداڵەکانیانە. یەکێک لەوانە مەنال کۆناک، تەمەنی 31 ساڵە، کە تازە لەم هەفتەیەدا زانیویەتی کە برایەکی تەمەن 18 ساڵان، مەحمود، کە لە ساڵی 2014 چووبووە سوریا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە پەکەکە بکات، لە ساڵی 2020 کوژراوە، خێزانەکەی پێیان وابوو کە مەحمود هێشتا لە ژیاندایە لەوکاتەوەی دوایین جار پەیوەندییان پێوەکرد لە ساڵی 2017.
بەڵام تا ئێستا نازانن لە کوێ نێژراوە و لە کوێیە. بارودۆخی بنەماڵەی مەحمود تایبەتە بە چارەنووسی ژمارەیەک بنەماڵەی کورد کە دەیان ساڵە بەبێ ئەوەی پرسە بکەن و تەنانەت بە دڵنیاییەوە بزانن ئازیزانیان چی بەسەر هاتووە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە بەشێک لە ئیستەنبوڵ و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا شوێنی یادکردنەوە دروستکراوە بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بۆ ئەندامە گیانلەدەستداوەکانیان ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی گۆڕیان هەبێت.
لە یەکێک لەو بۆنانەدا، لە ناحیەی کوکوکچەکمێجەی ئیستەنبوڵ، بنەماڵەی هەشت ئەندامی پەکەکە کە کوژراون، کۆبوونەوە.
وێنە و ڤیدیۆی ئەو پیاوانە لە ژیاندا پەخش کران و بنەماڵەکانیش بە دروشمی کوردی و هێمای ئاشتی ڕێزیان لێ گرت.
یەکێک لە کەسوکاری کوژراوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، تا ئێستا خێزانەکان بە هیوای گەڕانەوەی منداڵەکانیان بوون و تەنانەت نەیانزانیوە لە ماوەی مانەوەیان لەگەڵ پەکەکە چییان بەسەر هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی ئاشتی وایکردووە خێزانەکان لانیکەم هەوڵبدەن شوێنی ناشتنی منداڵەکانیان بدۆزنەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو خێزانانە کراوە کە دەیان ساڵە چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی مردنی کەسە نزیکەکانیان دەکەن.
لەتیف کول ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە زانیویەتی برا بچووکەکەی کوژراوە، بەڵام تەنها لەم دواییانەدا پشتڕاستکردنەوەی فەرمی وەرگرتووە.
ئەو پێی وایە خەباتی ئەوان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ئێستا کورد بتوانێت ئازادانەتر بە زمانی کوردی قسە بکات. بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆتایی هاتنی شەڕی چەکداری مەرج نییە بە مانای کۆتایی هاتنی پرسی کورد بێت.
سێبەهات تونجەل، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، یاسای ئەم دواییەی بە تەنها "هەنگاوی یەکەم" دەزانێت و پێی وایە زیاتر گرنگی بە داماڵینی چەک دەدات و وەڵام بۆ پرسە سیاسی و یاساییەکانی پەیوەست بە پرسی کورد ناداتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پڕۆسەی ئێستادا، باس لەوە دەکات کە ڕێگای ئاشتی هێشتا زۆر درێژە و ئەوەی تا ئێستا کراوە تەنها سەرەتایەکە.
بە گشتی ڕاپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس وێنەیەکی جیاواز لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەکات، شانبەشانی دانوستانە سیاسییەکان و چەکداماڵین و گەڕانەوەی هێزەکانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، هەزاران خێزان تا ئێستاش ڕووبەڕووی کێشەیەکی چارەسەرنەکراو بوونەتەوە، ئەویش دۆزینەوەی چارەنووسی ئەندامانی ونبووی پەکەکە، وەرگرتنی پشتڕاستکردنەوەی ڕەسمی گیانلەدەستدانیان و دۆزینەوەی پاشماوە و شوێنی ناشتنیان.
ئەم ڕەهەندە ئینسانی و نادیارەی شەڕی چوار دەیەی ڕابردوو، ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیدا لە هەموو کاتێک زیاتر دەردەکەوێ.
Your Comment