بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار باسی هێرشێکی "گەورە" و "یەکلاکەرەوە" و "بێ وێنە"ی کردووە، بەڵام هەرجارە هەڵوێستی خۆی نەرمتر کردووەتەوە کاتێک تێچووی ڕاستەقینەی بڕیارێکی سەربازی لەوچەشنەی دژی ئێران، بۆی دەرکەوتووە.
ئەم هەڕەشە و پاشگەزبوونەوە دوو پاتە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: بۆچی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە هەمیشە خۆی وەک سیاسەتمەدارێک نیشانداوە کە بڕیاری دژوار دەدات، لەبری ئەوەی هەنگاو بنێت، چەندین جار ڕێگای هەڕەشە و پاشەکشێی لە دژی ئێران هەڵبژاردووە؟
دەبێت وەڵامەکە لە جیاوازی نێوان لێکدانەوە سەرەتاییەکانی واشنتۆن و ڕاستیەکانی سەر زەویدا بدۆزینەوە.
لە سەرەتای شەڕدا، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی پێیانوابوو کە فشارە سەربازییە سنووردارەکان دەتوانێت ئێران ناچار بکات پاشەکشێ بکات و دەسەڵاتی ڕاگرتنی لاواز بکات و تاران پاڵ بنێت بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکانی واشنتۆن. بەڵام پێشهاتەکان پێچەوانەی ئەم پێشبینیانە بوون.
شەڕ کە بڕیار بوو ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و کۆنترۆڵکراو بێت، بۆ کۆشکی سپی گۆڕا بۆ قەیرانێکی ئاڵۆز؛ قەیرانێک کە نەک هەر نەیتوانی ئامانجە سەرەتاییەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵکوو تێچووی سیاسی و سەربازی و ئابووریی بۆ ئیدارەی ترەمپ زیاد کرد.
یەکێک لە گرنگترین لێکدانەوە هەڵەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی هەڵەی کاردانەوەی ناوخۆیی ئێران بوو. پلاندانەرانی فشارە سەربازییەکان پێشبینیان دەکرد هێرشێکی دەرەکی دابەشبوونە ناوخۆییەکان زیاتر بکات، بەڵام ئەنجامەکەی جیاواز بوو. لە زۆرێک لە وڵاتان هەڕەشەیەکی دەرەکی دەتوانێت بنەما بۆ زیادبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دابین بکات و ئەزموونی چەند مانگی ڕابردووش دەریخستووە کە پرسی بەرگریکردن لە وڵات بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی.
ئەم پرسە بۆ واشنتۆن گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گوشاری سەربازی بریتی بوو لە دروستکردنی هەلومەرجێک کە ئێران لە ناوخۆوە فشاری بخرێتە سەر و پێگەی دانوستانکارییەکەی لاواز بێت. بەڵام سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بەدی نەهات.
جگە لەوەش هاوسەنگی ڕێگریکردن لە ناوچەکەشدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئێران پێش دەستپێکردنی ململانێکان هەموو تواناکانی خۆی نیشان نەدابوو. بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەندێک لە ئامرازە ستراتیژییەکانی تاران گرنگتر بوون؛ ئامرازگەلێک کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر حیساباتی ئەمنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
یەکێک لە گرنگترین ئەو ئامرازانە گەرووی هورموزە. ئەم ڕێڕەوی ئاوە تەنها ڕێگایەکی دەریایی نییە بۆ گواستنەوەی وزە، بەڵکو یەکێکە لە خاڵە هەستیارەکانی ئابووری جیهانی.
هەر جۆرە نائەمنییەک لەم ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە و تێچووی گواستنەوە و حیساباتی ئابووریی زلهێزەکان هەبێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، پرسی هورموز تەنیا پرسێکی دەریایی نییە بۆ ئێران؛ هەروەها بەشێکە لە هاوکێشەی ڕێگریکردن. تاران پێی وایە، تا ئەو کاتەی کە هەڕەشەی سەربازی و گوشاری دەرەکی بەردەوام بێت، پاراستنی هێڵی ستراتیجی پێویستیەکی ئەمنییە.
هۆکارێکی دیکە کە حیساباتی واشنتۆنی ئاڵۆز کردووە، توانای مووشەکی ئێرانە. زیادبوونی وردبینی مووشەکەکان، پەرەپێدانی تواناکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەزموونی ئۆپەراسیۆنی بەدەست هاتوو لە کاتی ململانێکاندا وێنەیەکی جیاوازی لە هێزی سەربازی ئێران نیشان داوە.
بۆ ئەمریکا مەسەلەکە تەنیا توانای ئێران نییە بۆ وەڵامدانەوە؛ هەروەها ئەو تێچوونەیە کە هەر کردەوەیەکی سەربازی نوێ دەتوانێت بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بیسەپێنێت.
بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی گرنگ، ڕێگاکانی وزە و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنتۆن هەموویان بەرکەوتەی دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی ململانێیەکی بەرفراوانن.
ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار نیشانی داوە کە هەڕەشەکانی خۆی تا ئاستی پڕوپاگەندەی سیاسی ناهێڵێتەوە. ئەم مێژووە بڕیاردەرانی ئەمریکای ناچار کردووە، تەنانەت لە کاتی بەکارهێنانی زمانی هەڕەشەئامێز لە دژی تاران، ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران لە حیساباتەکانیاندا لەپێش چاو بگرن.
لە لایەکی دیکەوە توانای ئەمریکا بۆ چوونە ناو شەڕێکی فراوانی نوێ بێ سنوور نییە. سوپای ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا لە چەندین قەیران و بەرەدا بەشدار بووە، ئەمەش فشارەکانی لەسەر کۆگای چەکی وڵات و زنجیرەی دابینکردنی سەربازی و توانای بەرهەمهێنانی بەرگری زیادکردووە.
بە پێچەوانەی هەندێک ململانێی کورتخایەن، شەڕێک لەگەڵ ئێران دەتوانێت ببێتە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرفراوان، کە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی و سەربازیی زۆر دەبێت. ئەمە ئەو سیناریۆیەیە کە زۆرێک لە واشنتۆن لێی دەترسن.
هەروەها ترەمپ لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی دەبێتەوە. دوای ئەوەی بە بەڵێنی کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی سەربازی و کۆتاییهێنان بە شەڕە تێچووناوییەکان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێک بووەتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت تێچووی زۆری هەبێت.
بەرزبوونەوەی تێچووی جەنگ، نیگەرانی لە نرخی وزە، فشار لەسەر ئابووری ئەمریکا و دژایەتی بەشێک لە بیروڕای گشتی بۆ چوونە ناو ململانێیەکی نوێ، بڕیاردانی کۆشکی سپی قورستر کردووە.
بۆ ترەمپ دەستپێکردنی شەڕ لە کۆتاییهێنان ئاسانتر نییە؛ چونکە ململانێیەکی بەرفراوان دەتوانێت ببێتە قەیرانێک کە واشنتۆن چیتر ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، هەڵسوکەوتی ترەمپ لەم چەند مانگەی دواییدا زیاتر لە بازنەی هەڕەشە و پاشەکشە دەچێت. هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی زمانی توند فشاری دەروونی و سیاسی دروست بکات، بەڵام کاتێک باس لە بڕیارە ڕاستەقینەکان دەکرێت، تێچوونەکان ڕێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکان.
دووبارەبوونەوەی ئەم پرۆسەیە دەرئەنجامێکی گرنگی دیکەی هەیە، ئەویش کەمبوونەوەی کاریگەریی هەڕەشەکانی ئەمریکایە. کاتێک هەڕەشەیەک چەندین جار بەرز دەکرێتەوە بەڵام جێبەجێ نەکرێت، متمانەی لە چاوی ڕکابەرەکان و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشدا کەم دەبێتەوە. دەسەڵاتی ڕێگریکردن تەنیا بەندە بە هێزی سەربازییەوە؛ هەروەها پەیوەستە بە باوەڕی کەسانی دیکە سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە.
ئێستا ترەمپ لەبەردەم هاوکێشەیەکدایە کە بە خەیاڵیدا نەدەهات. ناتوانێت بە ئاسانی شەڕەکە فراوانتر بکات، چونکە تێچوونەکانی زۆرن، هەروەها ناتوانێت بەبێ دەستکەوتێکی ڕوون لێی دەربچێت، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانرێت وەک پاشەکشە لێکبدرێتەوە.
بۆ ترەمپ، قەیرانی ئێران لە پرسێکی سیاسەتی دەرەوە تێپەڕیوە و بووەتە تەحەدای سیاسی و ستراتیژی ناوخۆیی. ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە پێویستی بە پێداچوونەوە بە حیساباتە سەرەتاییەکان هەیە، کە لەسەر بنەمای ئەو حیساباتانە پێیان وابوو کە ئێران بە فشار و هەڕەشەی سەربازی ناچار دەبێت خۆی ڕادەست بکات.
ئەزمونی چەند مانگی ڕابردوو دەریخست کە ئێران نەک هەر ئامرازە ڕێگرییەکانی بەکارهێناوە، بەڵکوو تێچووی هەر هەنگاوێکی نوێی لەدژی بۆ ئەمریکا زیاد کردووە. بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای ئێستا، بەبێ گۆڕینی ڕێبازی واشنتۆن، دەتوانێت زیاتر ترەمپ لە تەڵەیەک بخزێنێت کە بۆ کۆشکی سپی لێی دەربازبوون قورستر دەبێت.
Your Comment