ئاژانسی هەواڵی مێهر بەشی ڕامیاری: ماڵپەڕی هەواڵی "المیادین" لە وتارێکدا بە ئاماژە بە دەسکەوتی مەزنی هەواڵگرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دزەکردنە ناو باڵاترین ئاستی هەواڵگرانەی ڕژیمی زایۆنی، ئەو هەڵمەتەی بە بوومەلەرزەیەکی ستراتژیک دژی ڕژیمی زایۆنی وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئاستی زانیاری و ئەو بەڵگە ستراتژیکانەی کەوتۆتە دەستی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەکی زۆر گرینگ و هەستیارە و هەزاران نمونەیان پەیوەستە بە پڕۆژەکانی داگیرکەرانی زایۆنی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان کە بە شێوەیەکی تەواو و هێمن گواستراونەتەوە بۆ ئێران. بە چەشنێک کە لێکدانەوە و کامڵکردنیان زەمانێکی زۆر دەخایێنێت.
کاتبەندی و هەلومەرجی زاڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆن
ڕاگەیاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە لایەن ئێرانەوە لە کاتێکی گرینگ و هەستیاردا، واتە دوو حەوتە پاش خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ ڕێککەورنی ناڤۆکی ئەنجام درا و لە کاتێکدا بووە کە پێشنیاری نووسراوەی واشنتۆن بۆ وەستاندنی پیتاندنی ئۆرانیۆم و دانانی فراکسیۆنی ناوچەیی بۆ پیتاندن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، لە ڕێگەی ناوبژێتیی عەمانەوە ئاراستەی تاران کراوە.
لە لایەکی ترەوە ڕاپەڕاندنی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرانەی ئێران بەر لە بەڕیوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بووە؛ دانیشتنێک کە ئەگەری ئەوە هەیە تێیدا دەوڵەتانی فەڕەنسا، ئاڵمانیا و بەریتانیا جاڕنامەیەک لە دژی ئێران ڕابگەیێنن.
ئەو جارنامە شیمانەییە پشتئەستوور بە ڕاپۆرتی سیاسیی ڕافائێل گرووسی بەڕیوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە لە بەشێکیدا ئیدعای کردووە کە ئێران هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئاژانسدا نەبووە و لە بەرامبەردا ئێران گرووسیی بە لایەنگری و سیاسیکاری بە پشتبەستن بە سەرچاوەگەلی زایۆنی تۆمەتبار کردووە.
هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرانەی ئێران، کەمێک پاش بەرزبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی سەبارەت بە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناڤۆکییەکانی ئێران لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتۆن ئەنجام دراوە؛ پیلانێک کە زۆرتر وەک گوشارێک بۆ سەر ئێران لە پێناو ناچارکردنی بۆ وەستاندنی پیتاندن کەڵکی لێ وەرگیراوە.
دەسکەوتەکانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی گەورەی هەواڵگرانەی
ئەگەرچی تا ئێستا تاران زانیاری و وردەکاریی بەڵگەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەوەشەوە هەواڵە بڵاوبووەکان لەبارەی پەیوەندیی بەڵگەکان بە پڕۆژەگەلی ئەمنی و دامەزراوەیی ئەتۆمی ڕژیمی زایۆنی، جەخت لە ستراتژیکبوونی ئەم دەسکەوتە دەکەن، کەواتە بەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان، ئەم هەڵمەتەی ئێران چەندین پەیام و ئاکامی بەدواوەیە کە گرینگترینیان بریتین لە:
1. بەرگریی سەربازی: ئێران بەو ئۆپەراسیۆنە ویستوویەتی ئەو پەیامە بگەیێنێت کە بەڵگە هاوپەیوەندەکان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕژیمی زایۆنی پێیە و بە پشتبەستن بەو زانیارییانە، دەتوانێ ئەو دامەزراوانە بکاتە ئەمانج و ئەمەش بەو مانایە کە چیتر هەڕەشەی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەڵکی بۆیان نابێ و ئەوان دەبێ دەسهەڵگری هەڕەشەی سەربازی لە دژی ئێران بن،
2. بەرگریی سیاسی: ئێران لەبارەی کاردانەوەی بە پێشنیاری ئەمریکا، پەراوێزێکی مانۆری دیپلۆماتیک و سیاسیی بەربڵاوی بۆ خۆی ساز داوە و هەڵوێستگەلێکی تۆکمەتری گرتۆتە بەر کە ئەمریکا ناچار دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی مومکینتر و بەدوور لە داسەپاندنی ڕوانگەی بە سەر تاراندا، هەوڵ بدات.
3. بەرگریی یاسایی: تاران وردەکاریگەلێکی وردبینانە و تەواوی لە پلانی ئەتۆمی ڕژیمی زایۆنی و چەکە ئەتۆمییەکانی هەیە، کە تا ئێستا تلاڤیڤ خۆی لە بەرپرسایەتییەکانی بواردووە و ڕێگەی چاودێریکردنی بە ئاژانسی ئەتۆمی نەداوە. لەو ڕووەوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و سەرۆکی ئاژانسی و دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی حوکامی بەرەوڕووی ئاستەنگێکی یاسایی کردووە و ناچاریان دەکات لە پێداچوونە بە هەڵوێستەکانیان لە دژی تاران.
4. بەرگریی ناوچەیی: ئاراستەی وردەکارییەکانی پلانی ئەتۆمی ڕژیمی زایۆنی لە ناوچەدا، دەتوانێ خەمڵانی گەڵاڵەی مەترسییەکی ئەمنیی هاوبەش لە ئاستی ناوچەی بەدواوە بێت و ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ گۆڕانی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچە هەمبەر بە ڕژیمی زایۆنی.
5. بەرگریی تەکنۆلۆژیای هەواڵگرانە: ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرانە و سیخۆریی ئێران بەو دەفرایەتی و ئەنجامەیەوە، هێندەی ئۆپەراسیۆنی تەقینەوەی پەیجێرەکان لە لایەن ڕژیمی زایۆنی لە لوبنان گرینگە و بگرە لەوەش زیاتر. چونکە لە سۆنگەی دەرئەنجامەکانی داهاتووی جێی باسە و دەسەلمێنێت کە ئێران گەیشتۆتە ئاستێکی بەرزی پێشکەوتن و هەواڵگریی هەم لە ئاستی ناوچە و هەمیش لە ئاستی جیهانی؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ڕژیمی زایۆنی لە ئیمکانی داکۆکیی هەواڵگرانە و سیخۆریی وڵاتانی جۆراوجۆر بەهرەمەندە.
6. بوومەلەرزەی ناوخۆیی ڕژیمی زایۆنی: بێگومان ئەم ئۆپەراسیۆنە پاشهاتێکی گەورەی بوومەلەرزەئاسای لە ناوخۆی ڕژیمی زایۆنی و لە ئاستی کابینەی هەژۆکانەی نتانیاهۆدا بەدواوە دەبێت و دەبووە هۆی سازبوونی کەلێنێک لە نێوان ئەرتەش و دەزگا سیخۆری و ئەمنییەکان و کۆمەڵگای زایۆنی؛ چونکە بۆتە هۆی ئەوەی ڕژیمی زایۆنی زیاتر لە جاران لە بوارە ئەمنی و سەربازییەکانیدا زیانی پێ بگات.
Your Comment