بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تۆڕی ئەلحورای ئەمریکی کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات و لە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دامەزرا، لە بەیاننامەیەکدا ڕاگرتنی فەرمی چالاکییەکانی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە 14ی ئازاردا کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ ئەلحورا تا کۆتایی ساڵی دارایی 2025 دەربڕی، بەڵام دوای ڕۆژێک دەزگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیی ئەمریکا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی پارەی ئەو تۆڕە و دامەزراوە میدیاییەکانی دیکە کە پارەیان لە حکومەتی ئەمریکا وەرگرتووە.
ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو، هەموو پارەدانەکانی حکومەت بۆ میدیاکانی پاڵپشتی حکومەتی ئەمریکا ڕادەگرن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.
جێفری گیدمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕەکانی پەخشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MBN) کە ئەلحورا لقێکی کۆمپانیایە، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەرنامەکانی ئەلحورا ڕادەگیرێت، بەڵام هەوڵەکان دەدرێن بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی تۆڕەکە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا بە کەمکردنەوەی ستافەکەی.
Your Comment