ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بە ڕووخانی سیستمی سیاسیی سووریا لە کۆتاییەکانی 2024دا گۆڕانێکی بەربڵاوی ژئۆپۆلیتیکی ڕووی داوە و ڕژیمی زایۆنی هەر لە یەکەم ڕۆژانی هاتنە سەرکاری ڕژیمی جۆلانی، ئامانجە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج و هاوکات وێڕای کۆنتڕۆڵی بەشگەلێک لە بەرزاییەکانی گوڵان، تا قووڵایی ستراتژیکی خاکی سووریا پێشڕەوی کردووە.
دیارە نتانیاهۆ و هاوپەیمانانی دەیانەوێ بە کەڵکئاوەژوویی لە هەلومەرجی زاڵ بەسەر سووریادا، ڕێخۆش بکەن بۆ دابەشبوونی ئەو وڵاتە، بۆوەی لەو ڕێگەوە بتوانن خۆیان بگەیێننە باکووری عێراق. بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دەدەین هەڵمەتەکانی ئیسرائیل لە سووریا و ئامانجە درێژخایەنەکانی بۆ پاڵپشتی لە درۆزییەکان و داکۆکی لە سەربەخۆیی سیاسییان، تاوتوێ بکەین:
ئایا ڕژیمی زایۆنی بەدوای گۆڕینەکانی سنوورە باکوورییەکانیەتی؟
پاڵپشتیی ڕژیمی زایۆنی لە درۆزییەکان، هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانی نێوان تیرۆریستانی تەحریرولشام و درۆزییەکان. نتانیاهۆ و کاتیس پاش هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لە باشووری سووریا، بە فەرمی ڕایانگەیاند کە پاڵپشتی لە مافی درۆزییەکان بە ئامانجی خۆیان دەزانن. هەروەها زایۆنییەکان بۆ متمانەبەخشین بە درۆزییەکانی باشووری سووریا، پێشنیاری کار و پێدانی مووچەیان پێ کردن. بێگومان ڕژیمی زایۆنی کە بە دوای لاوازکردنی سووریا لەم قۆناغە زەمانییەیە، دابەشکردنی ئەو وڵاتە بە هەلێکی گونجاو بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی خۆی دەزانێت. چونکە گرتنە بندەستی ناوچەکانی باشووری سووریا وەک جەبەلولشمەس و جەبەلولعەرەب ڕێخۆشکەرە بۆ چێكردنی "کۆریدۆری داود".
ئەگەر تلاڤیڤ ئەو کۆریدۆرە چێ بکات، ئەوا ناوچەگەلی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی زایۆنی دەگاتە سنوورەکانی شیعەی عێراق. لەمناوە هەڕەشەی ئەمنیی ئەرتەشی زایۆنی لە قەنیترە، سوەیدا، دەرعا و تەنانەت جەرمنا لە هاوێری دیمەشق، نیشاندەری جیدیبوونی پلانی ڕژیمی زایۆنی بۆ داهاتووی سووریایە.
هوشیاریی کەمینەی درۆزی هەمبەر بە پیلانی ڕژیمی زایۆنی
"روسیا الیوم" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی درۆزییەکانی سووریا بە لێدوانەکانی نتانیاهۆ بۆ پاڵپشتی لەو هۆزە، نووسی: داواکاریی نتانیاهۆ کاردانەوەی نەرێنیی ئەو هۆزەی بەدواوە بووە. ئەوان ئەگەرچی ڕازی بە دۆخی ئیستاکەی سووریا نین، بەڵام هێشتاش جەخت لە سووریبوونی خۆیان و پاڵپشتیان لە وڵاتەکەیان دەکەن. دیارە درۆزییەکان ئاگاداری ئەم ڕاستییەن کە ڕژیمی زایۆنی بە دوای هەڵقۆستنەوەی خۆیەتی.
دوکتۆریەنی ساعەر بۆ دابەشکردنی سووریا
گێدعون ساعەر سەرکردەی پارتی "هیوای نوێ"ی ڕژیمی زایۆنی کە لەمدواییەدا پەیوەندیی سیاسیی لەگەڵ نتانیاهۆدا تۆکمە کردۆتەوە، پاش دانرانی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە "ڕژیمەکەی بەرگری لە مافی کەمینەکانی ناوچە و بەتایبەت کوردەکان دەکات". ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە وڵاتانی بەستێنی ڕۆژهەڵاتی عەرەبی وەک لوبنان، سووریا و عێراق بەرەوڕووی یەکێک لە ئاڵۆزترین هەلومەرجە سیاسی-ئەمنییەکانی خۆیان لە کاتی دامەزرانیان تا ئیستا بوونەتەوە. لەمناوە یارمەتیی سەربازیی بەربڵاوی ئەمریکا لە زایۆنییەکان، ئەو هەلەی بۆ تلاڤیڤ ڕەخساندووە تا سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ناوچە لە ژێر ناوی "ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە" هەوڵ بدات.
لە لایەکی ترەوە پرسی کوردەکان پاش ڕووخانی ئیمپراتووری عوسمانی یەکێک لە قووڵترین کێشە ئیتنیکییەکانی ناوچە بووە و هەیە. ڕژیمی زایۆنی یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە دەیەوێ بە ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی ڕوواڵەتیی لە کەمینەکانی وەک کورد و درۆزی، ڕێخۆشکەر بێت بۆ هەڵوەشانەوەی سووریا، بەتایبەت باشووری ئەوە وڵاتە و لە ڕێگەی دابەشکردنی سووریا، هەوڵی کردنەوەی کۆریدۆرێک بۆ باکووری عێراق دەدات.
Your Comment