AP ١٤٠٣ ڕێبەندان ٧ ١٨:٥٠

نوێنەری کوردستانی سووریا لە هەرێم بۆ مێهر:

تورکیا فووبیای کوردی هەیە/ حکوومەتی ئەحمەد شەرع سەرناکەوێت

تورکیا فووبیای کوردی هەیە/ حکوومەتی ئەحمەد شەرع سەرناکەوێت

نوێنەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە داهاتووی کورد لە سووریا دەڵێت: کورد تا ئێستا لە سووریا ناوچەی خۆی بەباشی لە شەڕی تیرۆریستان پاراستووە و لێرەبەدواش دەبێ شەریکی سیاسی و سەربازی دەسەڵاتی داهاتووی سووریا بێت.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمەمەڵایی: بە سەرهەڵدانی داعش لە سووریا و ئاژاوە و بشێوی لەو وڵاتە، کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەکیان هەڵگرت و ناوچەکانی خۆیان لە هێرشەکانی داعش و تیرۆریستانی سەر بە تورکیا پاراست . بە گۆڕینی حکوومەت لە سووریا و هاتنە سەر کاری ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پێشووی بەرەی نوسرە لە دیمەشق، ئێستا داوا لە کوردی سووریا و هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک دەکرێت چەک دابنن.

لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا تورکیا ڕۆژانە چەندین جار هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و دەیەوێت داگیری بکات .ئەگەرچی تا ئێستا تورکیا لە داگیرکردنی خاکی وڵاتی سووریا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام چی دیکە ئەو ناوچانە شەڕ و بشێوی هەڵناگرێت.

ئێستا سەرکردەکانی کوردی سووریا دەستیان بە هەندێ چالاکی سیاسی و دیپلۆماسی لە ئاستی ناوچەکە و جیهان کردووە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی داهاتووی سووریادا بەشدارییان پێبکرێت ولەم ڕێگایەشدا تەنیا دەوڵەتی تورکیای پشتیوانی ئەحمەد شەرعە کە سەرەکیترین ڕێگرە و دەیەوێت کوردەکانی سنووری سووریا و تورکیا لەناوببات.

فەتحوڵا حسێنی لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد و هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و داهاتووی هێزەکانی دیمۆکراتیکی سووریا و ئەگەرەکانی بەردەمیان کرد.

لە خوارەوە دەقی قسەکانی فەتحوڵا حسێنی نوێنەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە نووسینگەی سلێمانی وەک خۆی بڵاوکراوەتەوە.

دوایین زانیاری لە شەڕ و پێکادانی نێوان شەڕڤانانی کورد و چەتەکانی سەر بە تورکیا لە بەنداوی تەشرین و مەنبج چییە ؟ دۆخی شەڕەکە چۆنە؟ و پێش بینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا شەڕەکە بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات؟

ڕۆژانە شەڕ لە بەنداوی تەشرین و لە سەر پردی قەرەقۆزاخ لە نێوان چەتەکانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی هەسەدە بەردەوامە و تورکیاش بە دڕۆن خەڵکی سڤیلی کورد لەو ناوچانە و هێزەکانی هەسەدەش دەکاتە ئامانج. تورکیا هەوڵ دەدات بە کوشتوبڕی خەڵکی ناوچەکە و شەڕڤانانی هەسەدە بەنداوی تەشرین کۆنتڕۆڵ بکات. بەنداوی تەشرین شوێنێکی ستراتێژییە لەباری وزە و ئاو و کارەبا بۆ هەموو وڵاتی سووریا نەک تەنیا بۆ هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و کورد.

توکیا چاوی لە دگیرکردنی کۆبانی و بچووک کردنەوەی پەیکەری کوردە و تا ئێستا نیوەی مەنبجی داگیر کردوووە و نیوەشی لە دەستی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک و ئەنجومەنی سەربازی منبجدایە و ئەوان لەوێ خەریکی بەرخۆدانن و مەحاڵە هەرگیز میللەتی ناو منبەج قبوولی بکەن چەتەکانی سەر بە تورکیا ئەو شوێنانە داگیر بکەن. ئەو ناوچانە پێشتر لە دەستی هێزەکانی هەسەدە بوو، بەڵام دیارە کە تورکیا لە هەوڵدایە بەهەرچۆنێک بووە نەخشەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و ئەو شوێنانەی لە دەستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردایە بچووک بکاتەوە بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکانی داهاتووی سووریادا کورد پێگەی بەهێز نەبێت و نەتوانێ داوای مافەکانی بکات.

گەورەترین کێشەی بەردەم کوردی سووریا ئێستا چییە؟ گوشار و داخوازییەکانی حکوومەتی ناوەندی سووریایە یان هێرشەکانی تورکیا؟

لەو ڕۆژەوە کە کوردی سووریا دەستی کردووەتە بەرخۆدان دژی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی خەڵکی ناوچەی خۆی، تەنیا تورکیایە کە کێشەمان بۆ دروست دەکات و تەنگ و چەڵەمە دەخاتە بەردەم کورد. تورکیا فووبیای کوردی هەیە. نەخشەی کورد قبووڵ ناکات. دیفاکتۆی کورد لە سووریای قبووڵ نییە. تورکیا پێی قبووڵ نابێت کە کورد لە سەر سنووری ئەو وڵاتە بێت. هێزی سووریا دیمۆکراتیک هێزێکە کە بەرگری لە خۆی دەکات و نابێتە هەڕەشە لە سەر تورکیا و هیچ وڵاتێکی تریش.بەڵام تورکیا بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکاتە سەر کورد و هێزەکانی هەسەدە و دژایەتی پڕۆسەی سیاسی بەڕێوەبەری خۆسەری کورد دەکات لەم ناوچەیە. تورکیا هەموو چەکی خۆی بەکارهێنا و دژی کوردی سووریا تاقی کردەوە بەڵام دەستکەوتی نەبووە لە کوردستانی سووریا ونەیتوانی چۆک بەم خەڵکە خۆڕاگرە دابنێت. و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کورد ڕۆژلەڕۆژ زیاتر لە سەر ساحەی سیاسی و ئەمنی و سەربازی خۆی گەورە کرد.

کورد کێشەی لەگەڵ حکوومەتی دەسەڵاتداری دیمەشق نییە چونکوو ئەو حکوومەتە کە خۆی سەپاندووە، تا یەکی ئازار کاتی هەیە کە قەناعەت بە خەڵکی دیمەشق بێنێت و دەسەڵاتەکەی درێژکاتەوە. بەڵام بڕوا ناکەم سەرکەوێت. چونکوو ئەو ئۆپراسیۆنە تۆڵەسەندنەوە و ئینتیقامەی کە دژی عەرەبەکان و ڕەوتە و لایەنەکانی دیمەشق و دوروبەری بەکاری دەهێنن بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بۆ ئەوان و حکوومەتی ئەحمەد شەرع کە بەگراوەندێکی ڕادیکاڵی هەیە و پێدەچێت نەتوانێ خۆی بگونجێنێت لەگەڵ داخوازی و ویستی خەڵکی مەدەنی لەوناوچانە.

بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی دەسەڵاتداراتی ئێستای سووریا کە تا ماوەیەک لەمەوپێش لەبەرەکانی شەڕ دژی کورددا بوون، بە ڕای ئێوە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی جۆلانی بۆ کوردی سووریا تا چ ڕادەیەک لەبەردەستە؟ ڕێککەوتن دەبێ یان نا؟

ئەحمەد شەرع ناچارە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک بکات، چونکوو هێزێکی گەورەیە کە زیاتر لە 150 هەزار شەڕڤانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە کەچی ئەحمەد شەرع بە هەموو هێزەکانیەوە کەمتر لە 15 هەزار چەکدارن کە 4 هەزاریان خەڵکی وڵاتانی دیکەن و سووری نین و ئەوەش خاڵێکی لاوازە بۆیان. بە ڕای من ئەوان پڕۆژەیەکی کاتین و ناتوانن سەرکەون لە بووژانەوەی سووریایەکی ئازاد و پێشکەوتوو کە هەموان تێدا بە ئازادی بژین، تەنانەت من پێم وایە نەتوانن تەنیا لە دیمەشقیش سەرکەون.

ڕێککەوتنی کورد و ئەحمەد شەرع پێویستی بە نێوەندگیری ئەمریکا هەیە. ئێستا ئەمریکا خەریکە ئەو نێوەندگیرییە دەکات بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە و دیار نییە کورد و دەسەڵاتی ناوەندەی سووریا دەتوانن چۆن ڕێککەون. ئێستا سووریا پارچە بووە، نفووزی تێکراوە و هەندێ شوێنی داگیرکراوە. ئەحمەد شەرع بێت یان هەر حکوومەتێکی تر لە دیمەشق دەبێ ڕێککەوێت لەگەڵ کورد تاکوو بەربە پارچە پارچە بوونی سووریا بگیردرێت. کورد بەشێکی بەهێز و بەتوانا و خاوەن بڕیارە لە سووریا و دەبێ هاوکاری و تەعامولی لەگەڵدا بکرێت وەکوو شەرکێک لە سووریای داهاتوو.

حکوومەتی سووریا مەرجی داناوە کە بۆ هەر ڕێککەوتنێک، هێزی کورد دەبێ چەک دابنێت، فەرماندەیی سەربازیی کورد لە سووریاش ڕەتیکردۆتەوە، هاوکات فەرماندە مەزڵووم کۆبانی و سەرکردەکانی دیکەش وتوویانە کە نایانەوێ سووریا پارچە پارچە بێت و کورد جیا نابێتەوە. باشترین چارەسەر بەلای کوردەوە بۆ ئەم کێشانه چییە؟ هەم لەباری سیاسی و هەم لەباری سەربازیەوە؟

کورد هەمیشە هەوڵی داوە بەشێک بێ لە چارەسەری سیاسی قەیران لە سووریا و هەرگیز لە سێزدە ساڵی رابردوودا کورد نەبووەتە بەشێک لە شەڕی تایفی و ناوخۆیی وڵات. هێزی سووریای دیمۆکراتیک بڕیاری نییە چەک دابنێت چونکوو هێزێکی بەرگریکارە لە جوگرافیای ناوچەکەی خۆی و هێرشبەر نییە وتەنیا پارێزەری خەڵک و شوێنی ژیانی خۆی کە زیاتر لە میلیۆن کەسی تێدا دەژی . هەسەدە کۆڵەکەیەکی بەهێزە بۆ سوپای سووریای داهاتوو. ئێستا وڵاتی سووریا سوپای نییە. دەوڵەتی نییە و هەر بۆیە هەموو ئەوانەی لە سووریای داهاتوودا دەبنە دەسەڵاتدار دەبێ کورد وەکوو شەریکی بڕیاری سیاسی و لەشکەری بێننە ئەژمار و پێگەی تایبەت بدەنە هێزی کورد . کورد داوای حکوومەتێکی فیدڕاڵی دەکات لە سووریا نەک مەرکەزییەت وەک ئەمەی ئێستا ئەحمەد شەرع دەیەوێت بیسەپێنێت. ئەگەر کورد پشت گوێ بخرێت ، ناچار دەبێت بڕیارێکی دیکە بۆ چارەنووسی خۆی بدات.

لە دۆخی ناوخۆی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هەواڵ کەم بڵاودەبێتەوە. زانیارییەکان کەمن لە دۆخی ژیانی ئاسایی خەڵک، لە ئابووری، دامەزراوە و دامودەزگاکان ، ئاسایش و ئەمنییەت، ئێستا دۆخی کوردستانی سووریا چۆنە؟

کوردستانی سووریا لە ناو نەخشەی وڵاتی سووریادا هەرێم و ناوچەیەکی زۆر گەش و بەرچاوە. ئەو ناوچانەی کە پێشتر لە دەستی چەتەکانی سەر بە تورکیا بووە دۆخیان هەر زۆر ناخۆش و وێرانە بەڵام دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو ئەوناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرێوەبەرایەتی خۆسەردایە زۆرباشە. ڕاستە چواردەساڵە تیرۆریستان شەڕیان بەسەر کورد لە سووریا سەپاندووە بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کوردستانی سووریا توانیویەتی ئابووری خۆی لە داڕمان بپارێزێت و ئاسایش و ئەمنییەت لە ناوچەکەی خۆی بێنێتەدی و خەڵکی کوردیش خۆیان یارمەتیدەری هێزکان بوونە بۆ ئەوەی دۆخەکەکۆنتڕۆڵ بکرێت و پشتیوان بەخوا خەڵکی ئەم ناوچەیە دۆخیان باشتر دەبێت لە هەموو بارێکەوە.

News ID 53748

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha