AP ١٤٠٣ خەرمانان ١٨ ١٨:١٣

لە دیمانە لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی؛

باڵوێزی ئێران لە عێراق: لەگەڵ کورد هاوڕێ و برادەرین

باڵوێزی ئێران لە عێراق: لەگەڵ کورد هاوڕێ و برادەرین

باڵوێزی ئێران لە عێراق بە ئاماژە بە پێوەندیی نزیکی ئێران لەگەڵ کوردەکانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کرد: ئێمە لەگەڵ کوردان هاوڕێ و برادەرین و بەردەوام پەیجۆری پێوەندیی ئابووریمان لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەین.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "محەمەدکازم ئالی سادق" باڵوێزی ئێران لە عێراق لە لێدوانێک بۆ کەناڵی "الرشید"ی عێراق سەبارەت بە ناولێ‌نانی هەڵەی گرووپگەلی بەرخۆدانی عێراق بە "نوێنەرانی ئێران لە عێراق" ڕایگەیاند: من لەگەڵ ئەو جۆرە ناولێ‌نانە نیم و ئەمجۆرە لێکدانەوەیە بە واتای چکۆلەکردنەوەی بەرەی بەرخۆدانە. چونکە هەم ئەو گرووپانە لە هەڵوێستەکانیاندا ئازاد و سەربەخۆن و هەمیش ئێران پێویستی بە نوێنەر و دارەدەست نییە.

ئالی سادق بە داکۆکی لەوەی کە "عێراق بە نوێنەرایەتی خۆی شەڕ دەکات نەک لە بری ئێران"، ڕاشیگەیاند: ئەو کاتی داعش هێرشی کردە سەر عێراق، هیزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر داوای یارمەتیی بەغدا هاتە هانای و شەهید حاج قاسم سلێمانی لەم بوارەدا حیماسەی زۆر گەورەی نواند. کەواتە ئەوی ڕاست بێت خەڵکی ئەم وڵاتە خۆیان لەسای فتوای مەرجەعییەتی شیعە خۆبەخشانە تەڤڵی شەڕی داعش بوون و ئێران تەنیا بۆ ئەو شەڕە پاڵپشتی لێ کردن.

ناوبراو هەروەها هەڵبژاردنی عێراق وەک یەکەمین ئامانجی سەفەری سەرۆک کۆماری ئێرانی گرێ‌دایەوە بە پێوەندی ئیجابی و دیپلۆماتیکی نێوان بەغدا و تاران و وتی: دیارە ئەم سەفەرە بە هۆی ڕۆڵی عێراق لە چارەسەریی کێشەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و لەوان عەرەبستان، میسر و ئۆردۆن سەفەرێکی گرنگە و ئێمە هەر لە ئێستاوە خەریکی ئامادەسازیی ئەو سەفەرەین.

باڵوێزی ئێران لە عێراق لە درێژەدا کەرامەت، لێبردوویی و ئەخلاق‌خوازیی وەک تایبەمەندیی خەڵکی عێراق نرخاند و وێڕای دەربڕینی ڕێز و سپاسی بۆ دەوڵەت، گەل و مەرجەعە ئایینییەکانی ئەو وڵاتە بۆ هاوکاری و پێشوازییان لە میوانانی ئێرانی لە ماوەی ڕۆژانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن(دخ)، جەختی کرد: ئێران داکۆکی لە هەر جۆرە هەنگاوێکی یاسایی و لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات و مانەوە یان نەمانەوەی سوودانی لە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەروەستی بە خودی خەڵکی عێراقەوەیە و ئەوی بەلای ئێرانەوە گرنگە، ئاشتەوایی و ڕێککەوتنی نێوان خەڵکی عێراقە.

ئالی سادق لە بەشێکی تری ئەو لێدوانە ئاماژەی بە دۆستایەتیی دێرینەی ئێران لەگەڵ کوردەکان کرد و وتی: ئێمە لەگەڵ کوردان هاوڕێ و برادەرین و بەردەوام پەیجۆری پێوەندیی ئابووریمان لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەین.

وتیشی: ئێمە ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوان کوردەکانی هەرێم دەگرین و بەپێی گفتوگۆیەک کە لەگەڵ لایەنەکان بوومانە، بە ئومێدی خودا دەگەینە قۆناغگەلێک کە شایەدی پێوەندیی دوو لایەنەی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەبین.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە پرسی کەرکووک و دیالە زیادی کرد: ئەوی لە کەرکووک و دیالەدا ڕوو دەدا و ئەو دانوستانانەی بۆ سەقامگیرکرانی حکوومەتی خۆجێی دەکرێن، بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵین. ئەگەرچی ئێران ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لەو ڕێککەوتنانەدا نییە، بەڵام بۆ ئێمە گرنگ پێکەوەژیانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کەرکووک بە ئاشتەوایی و دادپەروەرییە.

باڵوێزی ئێران لە عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەی هەرێمی کوردستان، ڕوونی کردەوە: ئێمە بەردەوام بە برایانی عێراقیمان ڕاگەیاندووە کە ئێران مافی بەرگری لە خۆی هەیە و ئاگاداری کەڵک‌ئاوەژوویی دژبەرانی جودایی‌خوازی کورد لە خاکی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و بۆ دزەکردنە ناو خاکی ئێرانین. ئێمە تەنانەت بەڵگەمان هەیە کە دەسەلمێنێ زایۆنییەکان بەداخەوە لە خاکی هەرێم بۆ ئامانجەکانیان کەڵک وەردەگرن و کاتێ کاردانەوەیەکی گونجاومان لە کوردەکانی عێراق نەدی، بەناچار خۆمان دەستمان دایە ئەو ئۆپەراسیۆنانە.

زیادیشی کرد: بەپێی بەڵگەکانی ئێمە مووساد لە هەرێمی کوردستان چالاکی دەنوێنێ و مووچەخۆرانێکی هەیە و تەنانەت تاقمێک لە دژبەرانی کوردیش بوونەتە دارەدەستی ئەو ڕژیمە و لە کێنیادا مەشقی سەربازیان دیوە و بۆ پەلاماری تیرۆریستی بۆ ناو خاکی ئێران ڕاهێنراون.

ئالی سادق لە درێژەدا باسی لە ڕێککەوتنی ئەمنیی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دوو وڵات کرد و ڕایگەیاند: گرنگترین مژارەکانی ئەو ڕێککەوتنە پرسی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و چەکداماڵین و دوورخستنەوەی کوردانی جودایی‌خواز لە سنوورەکان و ئاڵوگۆڕکردنی تاوانباران و چۆڵ‌کردن و خاپوورکردنی بنکەکانیان بوو. دیارە بەشێک لەو ڕێککەوتنە ڕاپەڕێندراوە و کوردانی دژبەری ئێران دەتوانن بە دەست‌هەڵگرتن لە پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر ئێران، لە ئۆردووگای پەناهەندەییەکانی هەولێر و سلێمانی سەقامگیربن.

ناوبراو جەختی لەوەش کرد: ئێمە لە ڕاستیدا ئەو دەرفەتەمان بۆ کوردە جودایی‌خوازەکان ڕەخساندووە کە بە دەست‌شتنەوە لە شەڕئاژوێی و هەڵمەتی تیرۆریستی، بگوازرێنەوە بۆ ئەو ئۆردووگایانە و هاوکات ئەوانی دەستیان بە خوێن سوور نەبووە، ئەگەر بیانەوێ دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئێران و ئەویشی بیەوێ بچێتە وڵاتێکی تر، ئێمە پاڵپشتی و ئاسانکاری کۆنسولی‌ بۆ ئەنجام دەدەین.

ڕاشیگەیاند: سەبارەت بە هەڵسوکەوتی عێراق لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشنیاری هاوکاریمان بە دەوڵەتی بەغدا داوە.

باڵوێزی ئێران لە عێراق لە بەشێکی تر لەو لێدوانەی جەختی لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهید "ئیسماعیل هەنیە"، سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی حەماس کرد و وتی: وەڵامی ئەمجارەی ئێران بە ئیسرائیل جیاوازە و لە کاتی گونجاوی خۆیدا دەبێت.

وتیشی: بەڵێنی ڕاستگۆیانەی یەکەم بۆ نمایشی هێز بوو و وەڵامی ئەمجارەیان لەباری هەڵسوکەوت و شێوەی ڕاپەڕاندن جیاواز دەبێ و ئەمجارەیان پاش دیاری کردنی کات و شوێنی گونجاو، بەدوای ڕاپەڕاندنی هێزەوەین و بە ئیزنی خودا بڕیاری ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە یەکلاکراوە دەبێت.

News ID 51585

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha