بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێوڕەسمی رێزگرتن له پێگەی هونەریی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» ژه‌نیاری ناسراویی مۆسیقای ناوچە جۆراوجۆره‌کانی کوردستان لە شاری بۆکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ڕێوڕەسمی رێزگرتن له پێگەی هونەریی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» بە نازناوی «عوسمانە سوور»، دەنگی ناسراو و بلیمه‌تی مۆسیقای ناوچە جۆراوجۆره‌کانی کوردستان و ژه‌نیاری دیار و لێهاتووی نه‌رمه‌نه‌ی (نایە) بۆ ڕێزلێنان لە شەش دەیە ژه‌نیاری و پێشکه‌ش کردنی مۆسیقای داهێنەرانە و هه‌رمان و ڕێزگرتن لە ٦٥ ساڵ خزمەتی ئه‌ویندارانه‌ی ئەم هونەرمەندە به‌توانایه بە هونەری مۆسیقای فۆلکلۆریکی کوردی به پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ناحوکمی «ئاوای زیره‌ک» به ئاماده‌بوونی مامۆستایانی ناوداری که‌لتوور و هونه‌ر و پێشکه‌ش کردنی مۆسیقای ناوچه‌کان و سه‌مای هه‌ڵپه‌رکێ له کاتژمێر 7ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشەمە ٢١ی به‌فرانباری ١٤٠٢ ڕێکه‌وتی ١١ی کانوونهنی دووهه‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی ئیداره‌ی ڕۆشنبیری و هونه‌ر لە شاری بۆکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
لەم کۆڕی رێزلێنانه‌دا به بەڕێوەبەرایەتی هونەریی «مه‌نووچێهر جیهانی» ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری مۆسیقای ناوچەکان، بە ڕوانگەی «گێڕانەوەیهک له ژیانی مامۆستایانه» لە تەمەنێک چالاکییە هونەرییەکانی مامۆستا «عوسمان محەمەدی» (عوسمانە سوور) ژەنیاری ناوداری ئامێری نایە (نه‌رمه‌نه‌ی) کە خاوەنی خەڵاتهکانی باشترین ژه‌نیار و مۆسیقاژەن و هەڵبژاردەی یەکەمی فێستیڤاڵەکانی نێوده‌وڵه‌تیی مۆسیقا و ڕێوڕەسمە فۆلکلۆرییە نەریتییەکانە لە وڵاتانی ڕووسیا، کرۆواتیا و جۆرجیا، لە سەروبەندی ٨٤ ساڵەی ته‌مه‌نی پر خێر و به‌ره‌که‌تی ئەم مامۆستا ناوازە و ژه‌نیاره خۆشه‌ویسته له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ڕۆشنبیری و هونەری ڕێکخراوی ناحوکمی «ئاوای زیره‌ک» به بەڕێوەبردنی دکتۆر "ئیبراهیم عوسمانی" و بە بەشداریی ئەکادیمیای مۆسیقای «زیرەک» به بەڕێوەبردنی "محەمەد مەعرووفی" و هەروەها به هاوکاریی تایبەتی دکتۆر «خه‌شایار سه‌نعه‌تی» فه‌رمانداری شارستانی بۆکان و پشتگیرییه‌کانی خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی ناوچه‌که و یارمه‌تیدانی کۆمه‌ڵێک له چالاکانی ئابووری به‌شی که‌رتی تایبه‌ت و کارداهێنهران له پێناو بڕه‌وپێدانی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها به هاوڕێیه‌تی داموده‌زگاکانی دیکه‌ی شاری بۆکان له رێبازی بەرزکردنەوەی کو‌لتوور و هونەر و بەرەوپێشبردن و فراوانکردن و په‌ره‌پێدانی هونەری بەرز و به‌پێزی مۆسیقای ناوچەکانی کوردستاندا ڕێزیان لێدەگیرێت و پله و پایه‌ی هونه‌ری ئه‌و مامۆستایه بەرز دەنرخێندرێت.
پەخش و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی هونەری و لێکدانه‌وه و پێداچوونەوە بە بەرهەمە مۆسیقاییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندانی مۆسیقا سەبارەت بە پێگەی ئەو مامۆستایه، پێداچوونه‌وه و تێڕوانینێکی گشتی له‌سه‌ر ژه‌نیاریی مامۆستا "عوسمانە سوور" لە فێستیڤاڵە هونەرییەکان و بەدەستهێنانی خەڵاتهکانی مۆسیقا لە بواره‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و نێودەوڵەتی، ئاخاوتنی مامۆستایانی دیار و ناسراوی مۆسیقای ره‌سه‌ن دەربارەی ئەم هونەرمەندە، پێشکەشکردنی به‌رنامه‌ی پێکه‌وه ژه‌نینی ئامێره‌کانی نایه و زه‌ربی کوردی، پێشکەشکردنی مۆسیقای ره‌سه‌ن و ده‌نگبێژی و گۆرانی چڕینی هونه‌رمه‌ندانی پێشه‌نگی فۆلکلۆری ناوچه‌ی موکریان، پێشکەشکردنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵپه‌رکێی ره‌سه‌نی گرووپی "نیشتمان" بانه، پەخش و بڵاوکردنه‌وه‌ی مۆسیقای ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی مۆکریان و پێشکەشکردنی به‌یتی "سهیدەوان" و پارچە مۆسیقای کۆنسێرتۆی تاکژه‌نی نه‌رمه‌نه‌ی (نایه) و ئۆرکێسترا له ده‌ستگای شوور به ژه‌نیاریی مامۆستا عوسمانە سوور و ئاوازدانان و رێبه‌رایه‌تی ئۆرکێسترا له لایه‌ن "کاوە فەقیه زادە"، هاوکات لەگەڵ پەردەلادان لەسەر پەیکەری سەردیسی مامۆستا "عوسمانە سوور" به‌رهه‌می "ڕێبین حه‌یدەری" و ڕێزلێنان لە مامۆستا "عوسمانە سوور" بە بەخشینی ته‌ندیس، نیشانەیەکی هونەری، کتێب، له‌وحه‌ی رێزلێنان و تابلۆی سوپاسگوزاری و دیاری هونەریی نایاب لە زومره‌ی بەرنامەکانی ئەم کۆڕبەندی ڕێزلێنان و یادکردنەوە دایە کە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لە هۆڵی ڕۆشنبیری شاری بوکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
مامۆستا "عوسمان محەمەدی" (عوسمانە سوور) بە یەکێک لە هه‌ره دیارترین و تایبه‌تترین ژه‌نیاره‌کانی ئامێری نه‌رمه‌نای (نایه) له سه‌ر وڵات دادەنرێت. شێوازی ناوازەی ژه‌نیاری و خولقاندنی بەرهەم گه‌لی بێ وێنه و ناوازە و هه‌رمان، ئەم هونەرمەندەی بە مانا ڕاستەقینەکەی لە لوتکەی هونەری مۆسیقای کوردستاندا داناوە، چ لە ڕووی توانا و تەکنیکی پێشکه‌ش کردن و چ لە ڕووی ناوبانگەوە.
مامۆستا "عوسمان محەمەدی" (عوسمانە سوور) لە ساڵی ١٣١٩ هه‌تاوی (١٩٤٠ی زایینی) لە گوندی قەرەکەند سه‌ر به شاری بوکان لەدایک بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵی لە ژێر کاریگەریی شمشاڵی مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قاله مه‌ڕە)، ڕاوێژکاری دەستەی دادوه‌رانی فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەکانی کرمان، دەستی کرد بە فێربوونی شەمشاڵ و زۆری نەخایاند ژه‌نیاریی ئه‌م ئامێره‌ی به‌و شمشاڵهی که مامۆستا قادر عەبدوڵڵازادە (قاله مه‌ڕە)، بۆی کڕێبوو، فێری ژەنینی ئەم ئامێرە بوو، پاشان ڕووی کرده ژه‌نیاریی ئامێری دووزه‌له و دوای ئه‌وه‌ی لێهاتوویی و شاره‌زایی له ژه‌نینی دووزه‌له‌دا به‌ده‌ستهێنا، به شێوه‌ی جیدی و پیشه‌یی خه‌ریکی فێربوونی نه‌رمه‌نه‌ی (نایه) بوو.
پاشان بۆ هه‌رێمی کوردستان سه‌فه‌ری کرد و ژه‌نیاریی مه‌قامه‌کانی خۆجێی ناوچه‌که له لایه‌ن "حه‌سه‌ن نه‌ی" له شاری سلێمانی فێر بوو. لە ساڵی ١٣٤٥ هه‌تاوی (١٩٦٦ی زایینی) چالاکی هونه‌ریی خۆی به هاوکاری هونەرمەندانی ناوداری ناوچەی مۆکریان لە باشووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ده‌ست پێ‌کرد و لەگەڵ گۆرانیبێژانی ناسراوی وەک مامۆستایان حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، عەبدوڵڵا هووشمەند (عه‌به ده‌ڕژێ)، سەید عەلی ڕەحیم پوور (سەردەشتی)، سەید ئیبراهیم سەقزی و ... دەستی بە کار و چالاکیی هونەری کردووە.
مامۆستا "عوسمانە سوور" بەرهەمی زۆری هەیە لەوانە نمایشی تایبەت لەگەڵ گۆرانیبێژی جیاواز و لە ساڵانی 1380 هه‌تاوی (٢٠٠١ی زایینی)دا دوو ئەلبوومی مۆسیقای بە ناوی "گۆلی" و "هه‌ژان" بە دەنگی "خه‌بات مولوودی" بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ڕۆشنبیری تۆمار و بڵاوکراوه‌ته‌وه، خه‌ریکی ژه‌نیاری و سۆڵۆی تاکژه‌نی نه‌رمه‌نای بووه. ئه‌و مامۆستایه له چه‌ندین خولی مۆسیقای ناوچه‌کانی ئێران له شاره‌کانی کرمان، تاران، سنه، مه‌هاباد، بۆکان، سه‌رده‌شت، سه‌قز به‌شداری کردووه.
عوسمان محەمەدی (36220) خاوەنی زیاتر لە 60 ساڵ ئەزموونی ژەنینی لە ئۆرکێسترای ناوچەیی و گروپەکانی مۆسیقای ره‌سه‌ن و هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندان و مامۆستایانی مۆسیقای دیاری کوردستان.
ئه‌و مامۆستایه ئێستا دانیشتووی شاری بۆکان له پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوایه و له رێگای پێشکه‌ش کردنی به‌رنامه‌ی هونه‌ری، بژیوی ژیانی خۆی دابین ده‌کات و له نێو خه‌ڵکی هونه‌ردۆستی ناوچه‌کانی کوردستاندا رێز و حورمه‌ت و پله و پایهیههیکی هونه‌ری هه‌یه.
Your Comment