ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ مەشخەڵ کەوڵۆسی: كۆمەڵگەی كوردی لەهەموو ڕوویەكەوە ناتەبا و ناجۆرە لەگەڵ ڕەوتی سەلەفییەتدا. ئێمە دەیان بەڵگەمان لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنن تۆوی وەهابیەت و سەلەفییەت نەك لەخاكی كوردستاندا و لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا چەكەرە ناكات و بەرناگرێت، بەڵكو سەلەفییەكان ئاسنی سارد دەكوتن و، ئەو تۆوەی دەیانەوێت بەربگرێت، زوو بەزوو دەبێتە هەڵم و دەچێت بەهەوادا.
ئەوەی تێبینی دەكرێت، سەلەفییەكان لەبری ناسینی كۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی داخوازییە سروشتییەكانی و تێركردنی غەریزەكان، هاتوون كار لەسەر سەركوتكردنی غەریزەكان دەكەن و، بەشێوەیەكی ڕەها كلیل لەدرگای پێداویستییە ڕۆحییەكانی كۆمەڵگە دەدەن. هاوكات دەیانەوێت هەرچی ئیستاتیكا و هونەر و جوانی كۆمەڵگەی كوردییە بیكوژن و دوای 1445 ساڵ، كورد لەسەر مۆدیلێكی تری دینداری ڕابهێنن كە ئەوەش تەنانەت لە دوورگەی عەرەبیدا سەركەوتنی بەدەستنەهێناوەو، كارەساتی گەورەی لێكەوتۆتەوە.
كورد بەدرێژایی ژیانی دینداری خۆی، چەمكێكی وەكو دابەشكردنی كۆمەڵگە لەنێوان كۆمەڵگەی موسوڵمان و كۆمەڵگەی جاهیلی نەزانیوە و پێی ئاشنا نەبووە، كەچی بەپێچەوانەی سروشتی دینداری كوردەوە، سەلەفییەكان هاتن و ئەو چەمكە نامۆیان لەفیكری سەیدقوتبەوە وەرگرت و لە درەختی دینداری كوردیان متروبەكرد. بەڵام بەری نەگرت.
سەلەفییەت لەكوردستان، خۆی لەبەردەم بنەمایەكی پتەوی تەسەوف بینییەوە كە ڕەگ و ڕیشەی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا بوو. خەڵكی لەبری پەنابردن بۆ دید و تێڕوانین و فەتواكانی ئیبن تەیمییەو خوێندنەوە توندەكان سەیدقوتب، پەنا دەبەنە بەر خوێندنەوەكانی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس! ئیسلامێكی كاڵا لەقەد باڵای كوردییان پێ قبوڵە نەك ئیسلامێكی خوازراو بەفیكری توندڕەوی و پەڕگیری دینی كە خودی ئەو خوێندنەوەیە ناتوانێت لەگەڵ پێداویستییەكانی مرۆڤ لەسەردەمی نوێدا بگونجێت و مەحكومە بە مەرگ و لەناوچوون.
بەڵام ئەوەی سەلەفییەتی كردۆتە مەسەلەیەكی بەرجەستە، ئەو پشتیوانییە دارایی و سیاسییەیە كە لێی دەكرێت و، خەریكە وەكو ئەلتەرناتیڤی ڕەوتە دینییەكان لەكوردستان دێتە بەرچاو.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، سەلەفییەكان خاوەنی داراییەكی زۆر و بەرچاون و جاری واهەیە توانای لەو شێوەیە بەدەرە لە ئیقتیداری گروپ، بەڵكو توانای دەوڵەت كاری وادەكات. دانانی چەندین كەناڵی ئاسمانی و دروستكردنی چەندین مزگەوتی گەورە كە تێكچووەكەی بەملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت، هاوكات چەندین پرۆژەی بازرگانی...هتد، ئەگەر بەڵگەبێت لەسەر شتێك، بەدڵنیاییەوە بەڵگەیە لەسەر ئەو سپۆنسەرە داراییە زەبەلاحەی كەلەپشتی ئەو گروپانەوە وەستاوە.
لەبەر ئەوە من پێم وایە وشككردنی سەرچاوەكانی دارایی ئەو گروپانەی كە توندوتیژی فیكری بڵاو دەكەنەوە، زەمانەتی وشكبوونی جموجوڵەكانیانەو بەبێ ئەوە هیچ ڕێگەچارەیەك نیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەكی جیدی مامەڵەیان لەگەلدا بكرێت.
Your Comment